Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پشتیوان سادق: ئایین زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ كه‌سانێك بێن و خۆیان بكه‌نه‌ ده‌مڕاستی

هەولێر-KDP.info- له‌ میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی سیمینارێكی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف به‌ناوی (گوتاری ئایینی له‌ نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆ)دا، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ڕێگه‌ی ئایینه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن فه‌لسه‌فه‌ و مه‌رامی تایبه‌تی خۆیانبه‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا بسه‌پێنن.

ئه‌مڕۆ له‌ میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی سیمینارێكی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف به‌ناوی (گوتاری ئایینی له‌ نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆ)دا، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، پشتیوان سادق، رایگه‌یاند: "ئایین زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ كه‌سانێك بێن و خۆیان بكه‌نه‌ ده‌مڕاستی ئایین و هه‌وڵ بده‌ن شتانێك به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا فه‌رز بكه‌ن به‌ ناوی پاراستنی كلتوری خێزان و كلتوری كورده‌واریی، له‌ راستیدا كلتوری كورده‌واری و ئایین و خێزان خاوه‌نی خۆیان هه‌یه‌، خاوه‌نه‌كه‌ی یه‌كێتی زانایان و زانا گه‌وره‌كانن، خاوه‌نه‌كه‌ی حكوومه‌ت و هه‌موومانین پێكه‌وه‌."

گوتیشی: "ئه‌گه‌ر كه‌سێك پێی وایه‌ بابه‌تێك په‌یوه‌ندی به‌ تێكدانی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌، ئه‌وا پێویسته‌ له‌ رێگه‌ی خۆیی و حزبه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ په‌نا بۆ بڵاو كردنه‌وه‌ی توندڕه‌ویی نه‌بات، له‌بری ئه‌وه‌ بێت له‌گه‌ڵ یه‌كێتی زانایان دابنیشێت كه‌ ئه‌وان ئاماده‌ن به‌رگری له‌ كلتوری ئیسلام و كۆمه‌ڵگه‌ و خیزانیش بكه‌ن."

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف خۆی به‌ پارێزه‌ری ئیسلام و پێكه‌وه‌ژیان ده‌زانێت، به‌ڵام گه‌ر كه‌سانێك به‌ناوه‌ی دینه‌وه‌ بیانه‌وێت بیڕوڕای تایبه‌تی خۆیان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بسه‌پێنن به‌ناوی ئه‌وه‌ی گوایه‌ ده‌یانه‌وێت شیرازه‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ راست بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ شیرازه‌ی خێزان و پێكه‌وه‌ژیانی كۆمه‌ڵگا تێك ده‌ده‌ن، بۆیه‌ پێوسته‌ رێگه‌ له‌وانه‌ بگیرێت، چونكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌ ڕه‌وشته‌ و ساڵه‌های ساڵه‌ له‌ رووی نیشتمانیی و ئه‌خلاقی و كلتورییه‌وه‌ پارێزگاری له‌ كلتوره‌ جوانه‌كه‌ی خۆی كردووه‌."

وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "ئێمه‌ له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ هه‌موو لایه‌ك، رێگه‌ به‌وه‌ ناده‌ین كه‌سانێك به‌ ناوی ئایینی ئیسلامه‌وه‌ بێن و خۆیان بكه‌نه‌ پارێزه‌ری ئایینی ئیسلام، به‌ڵام له‌ ژێره‌وه‌ مه‌به‌ستی تایبه‌تی سیاسی خۆیان هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌گه‌ر كه‌موكوڕی و لادانێك هه‌بێت، ده‌بێت له‌ رێگه‌ی یاسا و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ هه‌وڵی راستكردنه‌وه‌ بده‌ن، نه‌ك هه‌ركه‌سه‌ بێت و له‌ رێگه‌ی بیر و ئایدیای خۆیه‌وه‌ هه‌وڵ بدات كۆمه‌ڵگه‌ ئاڕاسته‌ بكات."

 

ڕامان وریا