Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پڕۆژەکانی زاخۆ: بەو شێوەیە بەردەوام بین، زاخۆ دەبێتە زاخۆیەکی دیکە

زاخۆ-KDP.info- سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی زاخۆ ده‌ڵێ، ئەمساڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە گوژمەی ٥٦ ملیار دینار پڕۆژەی جۆراوجۆر ئەنجام دراون، کە توانراوە لەو رێگەیەوە خزمەتێکی باش لە ھەموو کەرتەکان بە زاخۆ بکرێت.

ھێژا محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان  گوتی: "بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی ئەمساڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجام دراون، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٥٠ ملیار دیناری بۆ ئێمە خەرج کرد و ئێمەش ٤٤ پڕۆژەمان پێ ئەنجام دا لە ھەموو سێکتەرەکانی ئاو و کارەبا و رێگاوبان و تەندروستی و پەروەردە و سەرجەم کەرتەکانی دیکە".

ناوبراو گوتیشی: "دوای تەرخانکردنی ئەو ٥٠ ملیار دینارە و ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  ملیارێک دیناری دیکەشی بۆ پێنج پڕۆژەی تری خزمەتگوزاری بۆ ئێمە تەرخان کرد، کە ئەوانیش لە بواری جیاجیا بوون و ئێستا چواریان تەواو بوونە و یەکێکیش لە بواری جێبەجێکردندایە".

محەمەد باسی لەوەش کرد: "دوای ئەوەی حکوومەت بڕیاری دا زاخۆ ببێتە ئیدارەی سەربەخۆ، ئەمجارەش پێنج ملیاری دیکەی بۆ ئێمە تەرخان کرد، بەو پارەیەش کۆمەڵێک پڕۆژە جێبەجێ کراون، کە بریتین لە نۆژەنکردنەوەی ٣١ قوتابخانە و دروستکردنی چەند بەنداوێکی جوانکاری لە بواری گەشتوگوزار و بازرگانی و کاری وەبەرھێنان لەسەر رووباری خابوور، بۆ ئەوەی ببێتە شوێنێکی بازرگانی و گەشتیاری، بۆیە پڕۆژەکان کاری بەردەوامیان تێدا دەکرێت".

سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی زاخۆ ڕوونیشی کردەوە، بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانەی لە زاخۆ جێبەجێ کراون، زاخۆ زۆر پێشکەوتووە و ئەو کێشانەی ھەیانبوو چارەسەر بوونە و حکوومەت ئەوەی لە دەستی ھاتووە درێخی نەکردووە.

محەمەد باسی لەوەش کرد: "ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بین، زاخۆ دەبێتە زاخۆیەکی دیکە لە ڕووی پێشکەوتن و دابینکردنی خزمەتگوزارییەوە".

 

بڵند ئیبراھیم