Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کوردانی فەیلی ناڕازین

هەولێر-KDP.info- لە سەرتاسەری عێراق یەک کورسیی کۆتا بۆ کوردانی فەیلی دیاری کراوە و کەسایەتییەکی کوردی فەیلیش دەڵێ، دوازدە کاندید پێشبڕکێ بۆ بردنەوەی کورسییەکی کۆتای فەیلی لە پارێزگای (کوت) دەکەن.

جەواد مەلەکشا، کەسایەتیی کوردی فەیلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە پەرلەمانی عێراق تەنیا یەک کورسیی کۆتا بۆ کوردانی فەیلی دیاری کراوە، ئەوەش جێگەی دڵگرانیی ئێمەی کوردانی فەیلییە، چونکە ژمارەی کوردانی فەیلی لە عێراق نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەبێت، دیاریکردنی یەک کورسیی کۆتا بۆ یەک ملیۆن کەس، جێگەی پرسیارە و کوردانی فەیلی ناڕازین لەو بەشەی بۆیان دیاری کراوە، لەبەر ئەوەی بەشی کوردانی فەیلی زۆر لەوە زیاترە".

ئەو کەسایەتییەی فەیلی دەڵێت: "کۆتای کوردانی فەیلی دەکەوێتە پارێزگای کوت و دوازدە کەس خۆیان کاندید کردووە بۆ بردنەوەی کورسیی کۆتای کوردانی فەیلی".

مەلەکشا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پێشتر داوامان کردبوو ژمارەی کورسیی کۆتا بۆ کوردانی فەیلی زیاد بکرێت، چونکە پێکھاتەی فەیلی ژمارەیان زۆر زیاترە لە پێکھاتەکانی دیکە، ھەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبێت بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو ژمارەی کورسیی کۆتای فەیلی زیاد بکرێت، بە تایبەتی کوردانی فەیلی رۆڵی کاریگەریان لە مێژووی عێراقدا ھەبووە و دەکەونە زۆر ناوچەی عێراق، لەبەر ئەوە چەند کورسییەکی پێویستە بەسەر ئەو ناوچانە دابەش بکرێن کە فەیلی تێیدا دەژین".

 

قائید میرۆ