Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆنترۆڵی دەرمان: لە خۆمانەوە دەستمان بە چاکسازی کردووە.. ٥٢ کۆمپانیا سزادراون

هه‌ولێر-KDP.info- کابینەی نۆیه‌می حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەستی بە چاکسازی لە کەرتی دەرمان کردووە و بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانیش دەڵێ، چەندین کۆمپانیا بە ھۆی سەرپێچییەوە سزا دراون و، ژمارەیەکیش دراونەتە دادگا، ھاوکات بەپێی ئامارێکیش لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٥٢ کۆمپانیای دەرمان سزادراون.

د. شێروان سادق، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی دەرمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە سەرەتای پڕۆسەی چاکسازی لە دەرمان، لە بەڕێوەبەرایەتی خۆمانەوە دەستپێکردووە و ھەر فەرمانبەرێک لە کەرتی دەرمان کار بکات، نابێ لە کۆنترۆڵی دەرمان فەرمانبەر بێت، واتە لە خۆمانەوە دەستمان بە چاکسازی کردووە، ھەموو رێککاریش دەگرینەبەر بۆ رێگریکردن لە ھێنانی دەرمانی قاچاخ و ماوە بەسەرچوو".

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە ٢٠٢١ تا ئێستا، ٥٢ کۆمپانیای دەرمان سزادراون.

بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی جۆری دەرمان، گوتیشی: "رێ و شوێنی توند بەرانبەر بەو کەس و کۆمپانیایانە گیراوەتەبەر، کە دەرمان ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئێمە لیستی ئەو وڵاتانەمان داوەتە کۆمپانیاکان ئەوانەی کوالێتییان باشە، واتە نابێ لە ھەموو وڵاتێک و کۆمپانیایەکەوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکرێن".

د. شێروان سادق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "لە رێگەی دانانی نرخ، ھەموو بازاڕی دەرمان کۆنترۆڵ دەکرێ و، ئەو دەرمانانەی سپیکەریان لەسەر نەبێ، پێویستە ھاووڵاتیان نەیکڕن، چونکە سەرچاوەیان  دیارنییە".

 

قائید میرۆ