Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"هەولێر بە هێزی نەرم پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی لە بەغدا گرەنتی کردووە"

سلێمانی-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی ده‌ڵێ، هەولێر بە په‌یڕه‌وكردنی سیاسەتێکی جێگیر بووەته‌ براوەی پێشوەختە و ناوەندی بڕیاردان و ڕۆژنامەنووسانیش پێیان وایە، پەیڕەویکردنی سیاسەتێکی بەهێز لە هەولێر وای کردوە، هەمیشە له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان له‌ كێشه‌ و ململانێكاندا براوه‌ بێت.

چاودێران دەڵێن، له ‌داوكاری هه‌مواری دەستووری عێراقی فیدڕاڵدا، كورد به‌رگریی لەو ماددەیە کرد کە لە دەستووردا فیدڕاڵیەتیی عێراق دەپارێزێت، ئه‌مه‌ش وایكرد، سوننەکان بێنە پشت داواکاریی ھەرێم و، کورد و سوننە بەغدایان ناچار کرد دەست بۆ ئەو ماددەیە نەبرێت. سوودی مانەوەی ئەو ماددەیە بۆ کورد پارێزگارییە لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و بۆ سوننەکانیش سوودی دەبێت، کە لە داھاتوودا بتوانن داوای ھەرێمی خۆیان بکەن، ئه‌مه‌ش به ‌په‌یڕەوكردنی سیاسه‌تێكی جێگیر وای كرد هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ یاریزانێكی پێشوه‌ختی براوه‌.

كارزان سه‌لام، چاودێری سیاسی بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "بەغداد هەمیشە خوازیارە دەست بۆ ماف و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان ببات، بەڵام پەیڕەوکردنی سیاسه‌تێكی جێگیر لە هەولێر وا دەکات، بەغداد بەو ئامانجه‌ی نەگات و هەرێمی کوردستان لە هەر پێشهاتەیەک بپارێزێت، چونکە بەغدا کاریگەریی سیاسیی وڵاتانی هه‌رێمی لەسەر بڕیارەکانی هەیە، کە ئەمەش لە سوودی سوننەکان و کوردستانیش نییە."

سەلام گوتیشی: "هەروەک چۆن هەمیشە لە کێشە و ئاریشەکاندا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ده‌ستپێشخه‌ر بووه‌، دەبێت لە داهاتووشدا بەو جۆرە بەرەو ڕووی کێشەکان ببنەوە، تاکو هەرێمی کوردستان بپارێزن و ده‌ستێوه‌ردانی هه‌رێمی و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ شیعه‌ی عێراق، زیان بە هەرێمی کوردستان نەگەیەنێت."

ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌ ئاماژه‌ی به‌وه ‌دا: "هەرێمی کوردستان لەگەڵ بارودۆخە لەناکاوەکانی حکوومەتی عێراق ئەزموونی لەمێژینەی هەیە، بۆیە لە بارودۆخە هەستیارەکاندا دەڵێت، (ئیتر کشومات)، خۆ ئەگەر بارودۆخەکەش ئاسایی بووه‌وه،‌ بەرەو مێزی گفتۆگۆ، ئەوە دەڵێت (کیش مەلیک).

ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: "ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و نائارامیی ڕەوشی ناوخۆی عێراق دەرخەری پێگەی کوردستانە، لە کاتێکدا بینیمان لەدوای 16 ئۆکتۆبەر بە سیاسەتی دروستی نێچیرڤان بارزانی کۆتایی بە گرژی و ناکۆکیی ناوچەکە هات، کەوایە دەتوانین بڵێین "هەرێمی کوردستان پارویەک نییە بە بەغداد قووت بدرێت".

سیروان حەمە شەریف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی له‌وه‌ كرد: "هەولێر ناوەندێکی گرنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە، کەوایە هه‌رپێشهاتێك بێتە پێش، زیاتر بەهێز دەبێت، ئەمەش بە یەکدەنگی و پتەوبوونی نێوخۆی ماڵی کورد لە پرسە نیشتمانییەکاندا، بۆیە باشترین بژاردە ئه‌وه‌یه،‌ ده‌ستوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی شەقامی عێراقی و هەرێمی کوردستان هه‌موار بكرێت."

ئێستا ھەولێر له ڕووی دیپلۆماسییه‌وه‌ زۆر به‌هێزه‌ و پێشوه‌خت له‌و یاریه‌دا براوه‌یه‌، له‌ قۆناغی داهاتووشدا ھەولێر بە ھاوبەشی لەگەڵ سوننە و شیعەکان، ڕۆڵێکی گەورەی دەبێ لەسەر دیاریکردنی چارەنووس و داھاتووی عێراق، ھەر ڕووداوێکیش بێتە پێش، ھەولێر بە وردی خوێندنەوەی خۆی کردووە و تێ گەیشتووە لەوەی چ هه‌نگاوێك بنێت.

ڕێبین ڕەحیم، ڕۆژنامەنووس لە شاری هەڵەبجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "پێگەی هەولێر پێگەیەکی بەهێزە و خاوەن کارتێکی بەهێزیشه‌، کە ئەنجامی ڕیفراندۆمە مەزنەکەی کوردستانە، کە بووەتە دیواریکی پتەو و کارتێکی سوور لە بەرامبەر هەر پێشهاتێك، یان دەستوەردانێک لە مافە ڕەواکانی کوردستان، هەروەک چۆن سوننە سیاسییەکان لەوە تێ گەیشتوون، کە لە بەرژەوەندییان نییە پشت بکەنە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوانیش لە هەوڵی دروستكردنی هه‌رێمی تایبه‌ت به‌ خۆیانن."

زریان کەمال