Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دهۆك.. ئەمساڵ ٨٩ پڕۆژەی گەشتیاری مۆڵەتیان پێ دراوە

دهۆك-KDP.info- لە سنووری پارێزگای دھۆك خواست لەسەر كردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكان زیادی كردووە، بەرپرسێكی گەشتوگوزاری دھۆكیش دەڵێ، ئەمساڵ ٨٩ شوێن مۆڵەتیان پێ دراوە و پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ساڵ ژمارەكە زیاتریش بێت.

خالید حەیدەر، بەرپرسی بەشی پێدانی مۆڵەت لە گەشتوگوزاری دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو خواست لەسەر كردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكان زۆر زیادی كردووە، چونكە تەنیا لە ١٠ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ٨٩ بنكەی گەشتیاری لە سنووری پارێزگای دھۆك كراونەتەوە و پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ساڵ ژمارەكە زۆر زیاتریش بێت".

 بەرپرسەكەی گەشتوگوزاری دھۆك گوتیشی: "لە دھۆك ٧٩٦ شوێنی گەشتیاری ھەن و بەشێك لەوانە پڕۆژەی گەورە و ستراتیژین، كە گەشتیاران لە ناوچەكانی دیكەی عێراق و جیھانیش سەردانی دەكەن، ھەر شوێنێكی گەشتیارییش مەرجی حكوومەتی تێدا ھەبێت، ئێمە لای خۆمانەوە ھەم مۆڵەتی پێ دەدەین و ھەمیش ئاسانكاری بۆ دەكەین".

حەیدەر روونیشی كردەوە: "سرووشتی دھۆك ھەمووی بۆ گەشتوگوزار گونجاوە و ساڵانە دەیان ھەزار گەشتیار روو لە دھۆك دەكەن، لەبەر ئەوەش لە ڕووی كەرتی گەشتیاری و ئابوورییەوە پارێزگای دھۆك تایبەتمەندیی خۆی ھەیە".

 

قائید میرۆ