Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئاماده‌كاریی تەواو بۆ مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم کراوە"

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێ، ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌كۆتایی هاتووه‌، نوێنه‌ری وڵاتان و عێراق و حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌شدار ده‌بن.

ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی ڕاگه‌یاند، :"ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كانی سوێندخواردنی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان کۆتایی هاتوون، رۆژی ١٠ی ئەم مانگە لە کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانی به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی وڵاتان و عێراق و حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، له‌ مەڕاسیمێكی گه‌وره‌دا سه‌رۆكی هه‌رێم سوێندی یاسایی ده‌خوات".

په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاریدا به‌هۆی ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی وڵاتان و حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ سوێندخواردنی نێچیرڤان به‌رزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ هۆڵی شه‌هید سه‌عد عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌ بچێت.

خۆشناو ده‌ڵێ:" به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ عێراقی و كوردستانییه‌كان و نوێنه‌ری حیزبه‌ كوردستانییه‌كان و نوێنه‌ری وڵاتان و باڵیۆز و كۆنسووڵەکان، له‌ مه‌ڕاسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بن، په‌رله‌مان بڕیاریدا دانشتنه‌كه‌ له‌ هۆڵی شه‌هید سه‌عد عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌ بچێت".

سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دەشڵێ :"هه‌ربه‌گوێرەی به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مان، له‌و دانیشتنه‌ ئێمه‌ وه‌ك فڕاكسیۆنی زۆرینه‌ ناوزه‌ندی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سروور بازانی ده‌كه‌ین، پاشان مه‌ڕسوومی سه‌رۆكایه‌تی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی كوردستان ده‌رده‌چێت و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌ت ده‌ست پێده‌كات.
عه‌زیز هه‌ورامی