Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكەكانی پارتە كوردییەكان بۆ KDP: پێویستە سەركردەكان لە رێبازی مەلا مستەفا لانەدەن

 

هەولێر-KDP.info- سەرۆكەكانی پارتە كوردییەكان دەڵێن، رێبەری گەلی كورد مەلا مستەفای بارزانی، تەنیا موڵكی پارچەیەكی كوردستان نەبوو، بگرە قوتابخانەیەكی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەریی هەموو پارچەكانی تری كوردستان بوو.

دوێنێ هەینی (١ـی ئاداری ٢٠١٩)، ٤٠ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی سەكردەی نەتەوەیی و رێبەری گەلی كورد مەلا مستەفا بارزانی، تێپەڕ بوو.

مستەفا ئۆزجەلیك، سەرۆكی گشتیی پارتی ئازادیی كوردستان لە باكووری كوردستان، گوتی: "خەبات و تێكۆشان و كەسایەتیی مەلا مستەفای بارزانی، ئەمڕۆ بۆ تەواوی گەلی كوردستان بووەتە هیوایەك، ئەو هەم پێشمەرگە و هەم رێبەر و دڵسۆزی گەلی خۆی بوو، هەروەها لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتییشدا پێگەیەكی گرنگی هەبوو".

ئۆزجەلیك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "مەلا مستەفا تەنیا سەرۆكی پارتێك نەبوو، بگرە سەرۆكی نەتەوەیەك بوو و توانی لەنێو خەڵكدا هەستی نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزی و خۆڕاگری و ئیرادە دروست بكات".

هاوكات، سارتاج بوجاك، سەرۆكی گشتیی پارتی دیموكراتی كوردستان- باكوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "مەلا مستەفا توانی رێچكەیەكی كورادیەتی لە زهنییەتی هەموو كوردێكدا دروست بكات، بۆیە دەتوانین بە سەربڵندییەوە بڵێین سەرۆكێكمان هەیە ئەویش بارزانییە".

ئەو گوتیشی: "مەلا مستەفای بارزانی بە جەستە لای ئێمە نەماوە، بەڵام توانی وانەی كوردایەتی و قارەمانی بۆ گەلەكەمان جێبهێڵَت و تاهەتایەش هەر بە گەورەیی دەمێنێتەوە".

لە لایەكی دیكەوە، مەهمەت ئەمین كارداش، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان- توركیا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "مەلا مستەفای بارزانی پاڵەوان و وڵاتپارێزی چەرخی خۆی بوو و ناویشی هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە".

ئەوەیشی خستە روو، ژیانی مەلا مستەفا هەموو لە شاخ بووە و بۆ خەبات لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلەكەیدا تەرخانی كردووە، بۆیە پێویستە سەرۆك و سەركردەكانی كورد لە رێبازی مەلا مستەفا لانەدەن و رێگای راستەقینەی كوردایەتی بگرنە بەر.

هەر لەوبارەیەوە، سلێمان ئۆسۆ، سكرتێری پارتی كوردستان- سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كورد بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر، لەسەر بناغەی شۆڕشگێڕی و قوربانیدان دەستی پێكرد و سنوورەكانی باشووریشی بەزاند بۆ هەموو پارچەكانی كوردستان".

گوتیشی: "ئێمە لە رۆژئاوای كوردستان لەسەر ئەو رێبازە درێژە بە خەباتی سیاسیی خۆمان دەدەین، چونكە ئەم رێبازە، رێبازی كوردایەتی و پێكەوەژیان و خۆنەچەماندنە بۆ هیچ دوژمنێك".

 

كــاروان بــاعەدری