Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مسته‌فا بارزانی، کاروانی سەرکەوتنی نه‌ته‌وه‌یه‌كی خستەڕێ و ئاسۆی چارەنووسی نیشاندا

 
هه‌ولێر-KDP.info- مرۆڤه‌ مه‌زن و رابه‌ره‌ وه‌رچه‌رخێنه‌ره‌كان هه‌رگیز ناچنه‌ دووتوێی مانا باوه‌كانی مردنه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وان به‌ تۆماره‌كانی ژیان و خه‌باتیان، به‌ دیرۆكی هه‌ڵوێست و ده‌سكه‌وته‌كانیان تاهه‌تایه‌ ده‌بنه‌ چیرۆك و داستانه‌ زیندووه‌كانی مێژوو، ده‌بنه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده‌ ناودارانه‌ی كه‌ پاشناوی نه‌مریی هه‌ڵبگرن. به‌ گه‌واهیی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و بگره‌ دۆست و دوژمنانیش، مسته‌فا بارزانی، له‌و هاكێشه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دایه‌، چونكه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ توانیویه‌تی له‌ ئه‌نجامی خه‌باتی بۆ پاراستن و ئامانجی سه‌رفرازی بۆ گه‌له‌كه‌ی ببێته‌ سیمبولێكی دره‌وشاوه‌ی‌ ئازادیخوازیی له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و جیهانیشدا. ئه‌و رابه‌رێكی نموونه‌یی بوو كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ مێژووی گه‌له‌كه‌ی و ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌بێ ناو و خه‌باتی ئه‌و هیچ ماناو تێگه‌یشتنێك نابه‌خشێ. ئه‌و له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی رابردوو هاته‌ ئه‌م دنیایه‌وه ‌و یه‌كه‌م قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نیشی به‌ ئازار و زیندان ده‌ست پێكرد. پرۆفیسۆری رووسی (میدڤیدكا) دەڵێ: بارزانی زادەی سەدەیە، سەدەی بیستەم، چونكە لەگەڵ دەسپێكی سەدە لەدایكبووە، ئەو مرۆڤێكی بێ وێنەیە، كەسایەتییەكە هەموو ژیانی پێشكەشی سەدە كرد. 
 
قاره‌مانی سه‌ده‌یه‌ك
 
(بارزانی نەمر) یەكێكە لە رابەرە گەورە و ناسراوەكانی كورد و كوردستان و بەهۆی ئەو خەباتە جیاكار و نموونەییەی لە پێناو ئازادی و سه‌ربه‌ستی دا بە درێژایی زیاتر لە نیوسەدە ئەنجامیدا و رۆڵێكی وەرچەرخێنەری لەمێژوودا تۆماركرد، چەندی زەمەن دەگۆڕێ و بەرەوپێش دەڕوات ویستگە و قۆناغ و ئاكام و ئاراستەكانی ئەو مێژووە مۆرك و رەنگدانەوەیان بەسەر واقیع و قۆناغە تازەكاندا پرشنگدەدات، ئەمەش گرنگی شێواز و رەوتی تێكۆشانی (بارزانیی نەمر)ه‌ وەك رابەرێكی مێژوویی. ئێستا دەبینین لە پشت زیاتر لە نیو سەدە خەباتیدا ناو و فیكر و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانی (بارزانی نه‌مر) ئامادەییەكی كارای لە ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و نەتەوەیی لە كوردستاندا هەیە و بووەتە پێداویستیەك بۆ سه‌لماندن و داكۆكی كردن لە ناسنامەی نەتەوایەتی و چارەسەری كێشەی رەوای ئەم گەلە. 
 
 
رۆڵ و كاریگەریی بیر و خەباتی (بارزانیی نەمر) لە كوردستان و لە نێو هاوكێشەو لەسەر شانۆی سیاسی ناوچەكە و جیهان هێزێكی كاریگەره‌، چۆن هەوڵی ناساندن و پاراستنی دۆز و مافی گەلەكەی داوە و تەحەدای هەموو فشار و پەلامار و ململانێیەكانی زلهێزان و وڵاتانی دژ بە كورد و پیلانگێڕ لە پێناو بەرژەوەندییە تەماعكارییەكانیانی كردووە، ئەم واقیعە لە سەدەی رابردوودا هەر چەندە كاریگەری خراپ و رێگریی زۆری لەبەردەم پێشكەوتنی دۆزی كوردستاندا هەبوو بێ، بەڵام هاوكات بە لێزانی و خەباتی بەهێزی (بارزانیی نەمر) نەهێڵدراوە داگیركەران و دوژمن و نەیاران بە گشت پیلان و مەرامە ناڕەواكانیان لەسەر حیسابی كورد و دۆزەكەی بگەن و هەر ئەم تێكۆشان و خۆڕاگری و بەرپەرچدانەوەیەی ئەم رابەرە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە بەردەوامەدا لە سەدەی بیستەم، وا یكرد ئەم گەلە دەیان هەوراز و نشێو ببڕێ و كۆڵنەدەرانە بە خەبات و قوربانیدانی خۆی بگاتە راپەڕین و دەسكەوتەكانی نێو قەوارەی ئەمڕۆی كە لە هەرێمی كوردستاندا بەرقەرارە. 
 
بارزانی ، رێبازه‌
 
ئەم رابەرە مەزنە دوای خۆی نەك تەنیا ئەزموونێكی پاك و به‌هێزی سه‌ركردایه‌تییكردن و كەلتوورێكی ته‌ندروستی بۆ خزمەتكردنی گەل و خاكی كوردستان جێهێشتووە، بەڵكو (بارزانیی نەمر) توانیویه‌تی ببێتە ئاوێنەی بوون و مانەوەی گەل و نیشتمانەكەی و ئەو سیمبولە مەزنەی كە مێژوو بە شوناس و رۆشنكەرەوه‌ی ئاسۆی سەرفرازی نەتەوەیەك گوزارشتی لێبكات. نەك هەر لە قۆناغەكانی رزگاریی نەتەوەیی، بەڵكو دوای (سەربەخۆیی) گەلەكەشی هێشتا بیروباوەڕ و خواست و ئامانجی ئەو وەك قوتابخانەیەك بۆ پەروەردەی فیكری و هەڵوێست و ئاراستەی دروستی ئەركەكان نەخش و رێنماییەكی كارا دەگێڕێ‌ و بۆ هەمیشە نەوەكانی گەلەكەی، وەكو مەرجەعێك، بە پەیڕەوكردن و گەڕانەوە بۆ بیر و باوەڕ و رێبازی تێكۆشان و ئاكارەكانی ئەو، چالاكترین وانە و گوڕوتین فەراهەم دەكەن و لێرەوەیە دەتوانن بە شاڕێگەی كاروانی تەندروستی ژیان و پارێزراوی قەوارەی سیاسی و نیشتمانی و پەرەسەندنی بەردەوامی كۆمەڵگادا هەنگاوی تۆكمە بهاوێژن، هه‌روه‌ك مارتن ڤان برۆنسن ده‌ڵێ : نەوەكانی داهاتووش دەبێ بارزانی بكەن بە ئاوێنەیەك بۆ دروستكردنی دواڕۆژ. 
 
بارزانی نامرێ
 
بارزانی ژیانی نەتەوەیەکی ژیانده‌وە، مانای بە بوون و مانەوەی بەخشی، کاروانی سەرکەوتنی بۆ خستەڕێ و ئاسۆی چارەنوسی نیشاندا. بۆیه‌شه‌ بارزانی نه‌مردووه‌ و نامرێ، بارزانی نە کۆچی بووە مەرگ و نە لەدایکبونیشی بۆ تەمەنێکی دیاریکراو بوو .. بارزانی هەبوویەکی جاویدانی و مێژوویەکی بێ کۆتاییه‌، تا وادەی بەجەستە کۆچکردنی، سەرکردە و رابەرێک بوو، وەلێ ئێستا رێبازێکه‌.. بیروباوەڕ و ئەدگار و ئامانجی ئه‌و‌، چیای ئازادی و خۆری سەرخۆبوونە، دادگای ئەرک و مافە، تەرازووی دابەشکردنی ژیانە بە یەکسانی.. چۆن دوێنێ، ناوی ئه‌و، خەباتی ئه‌و، رابەرایەتی ئه‌و، بوون و بەرخودان و خواستی نەتەوەکەمانی تیا کۆببوەوە، ئەمڕۆش هه‌ر له‌ ناوو مێژووی خه‌باتی ئه‌و گه‌وره‌ رابه‌ر‌ه‌دا گه‌له‌كه‌مان پێناسەی خۆی دەبینێ و به‌ شاڕێگەی راستدا درێژە بە کاروانی روو لە سەرکەوتنی دەدات. 
 
 
ئەی سەرکردە و رابەر، لە زیندوڕاگرتنی رێبازی تۆدایە نەتەوەیەک ناکەوێ و زەمانەتی پێشکەوتنی وەردەگرێ.. ، تۆ و كورد ، تۆ و كوردستان بێ‌ یەكتری شوناسێكی ون و مێژوویەكی نادیارن. مێژووت گەش و رێبازت ئاوا، ئەی بارزانی نەمر و مەزن، لێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ (هه‌ژار) ده‌یڵێینه‌وه‌:
 
بارزانی هه‌ر هه‌ی وه‌كو بووی
هه‌ر ده‌شمێنی و نه‌مردووی
 
ماڵپه‌ڕی KDP- قاره‌مان مه‌هدی