Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. دیندار: پێكهێنانی هێزی ئەمنیی هاوبەش، باشترین ڕێگەچارەیە بۆ پاراستنی رەوشی ئەمنیی شنگال

 

هەولێر-KDP.info- ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان، لە وەڵامی بڵاوكراوەی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكاندا ڕایگەیاند، مێژووی شنگال و دەوروبەری پێش هاتنی داعش، ئەوە دەسەلمێنێت كە پێكهێنانی هێزی ئەمنیی هاوبەش، باشترین ڕێگەچارەیە بۆ پاراستنی رەوشی ئەمنیی ناوچەكە.

گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان، رۆژی ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨  بڵاوكراوەیەكیان لە ژێر ناوی "هەنگاوەكانی پێشكەوتنی شنگال" بڵاو كردەوە. ئەم بڵاوكراوەیە باس لە دۆخی شنگال و ململانێ سیاسییەكانی ئەو شارە دەكات، كە وای كردووە پشتگوێ بخرێت و وەك پێویست كار بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەم شارە نەكرێت. لەم بڵاوكراوەیەدا، ئاماژە بەوە كراوە كە پێویستە یوئێن و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كاری زیاتر بكەن بۆ گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ شنگال، چونكە وەك پێویست لەم رووەوە رۆڵیان نەگێڕاوە.

د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم رایگەیاند: "پێشوازی لە راپۆرتی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان دەكەین سەبارەت بە شنگال و دەوروبەری، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بكەین، تێبینیمان لەسەر ژمارەیەك لەو پێشنیازانە هەیە كە لەم بڵاوكراوەیەدا ئاڕاستەی حكوومەتی هەرێم كراون، بۆ نموونە ئەوان داوای گۆڕینی قایمقامی شنگال دەكەن، لە كاتێكدا كە بە شێوەیەكی فەرمی (شەرعی) لەلایەن خەڵكی شنگالەوە هەڵبژێردراوە بەپێی دەستوور و بە هەڵبژاردن".

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان گوتیشی: "پێش هاتنی داعش بۆ شنگال و دەوروبەری لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠١٤، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە عێراقییەكان كۆنتڕۆڵی رەوشی ئەمنیی ناوچەكەیان كردبوو و ئاساییشی ئەو ناوچەیە بە جۆرێك پارێزراو بوو كە هیچ كردەوەیەكی تیرۆریستی یاخود توندڕۆیی لەو ناوچانەدا رووی نەداوە. كەواتە مێژووی ئەم ناوچەیە ئەوە دەسەلمێنێت، كە پێكهێنانی هێزی ئەمنیی هاوبەش، باشترین ڕێگەچارەیە بۆ پاراستنی رەوشی ئەمنیی ناوچەكە".

لە درێژەی قسەكانیدا، د. دیندار زێباری رایگەیاند: "بە مافی شەرعیی خۆمانی دەزانین كە هێزەكانی پێشمەرگە تەواجودیان هەبێت لە شنگال و دەوروبەری، تا ئەو كاتەی كە كێشەی ماددەی ١٤٠ یەكلا دەكرێتەوە، چونكە زۆرینەی خەڵكی ئەو ناوچانە كوردن و هێزەكانی پێشمەرگەیش هەر لە خودی خەڵكەكە خۆیانن كە پارێزگاری لە شاری خۆیان دەكەن. حكوومەتی هەرێم پێشتر هێزێكی تەواوی لە پێكهاتە ئێزدییەكان پێك هێناوە كە ژمارەیان ٤ هەزار كەسە و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچانەی حكوومەتی هەرێم كۆنتڕۆڵی كردوون، هەموو هێزەكان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەن". 

زێباری راشیگەیاند: "ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێ بكرێت ئەوەیە، كە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە پێناو رزگاركردنی شنگال و كۆنتڕۆڵكردنەوەی لە دەستی داعش، رۆڵی سەرەكییان گێڕاوە و زیاتر لە ٧٠٠ پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شنگال شەهید بوونە، بۆیە تا جێبەجیكردنی ماددەی ١٤٠ و چارەكردنی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان، هێزەكانی پێشمەرگە پێویستە تەواجودیان هەبێت لەم ناوچانەدا".

گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان، داوایان كردووە كە رێگای سەرەكیی نێوان شنگال و دهۆك بكرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵك بتوانن ئازادانە هاتوچۆ بكەن و بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان. زێباری گوتی: "بەپێی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ، رۆژی ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ رێگاكە كراوەتەوە و خەڵك دەتوانن بە ئاسانی هاتوچۆ بكەن، بەڵام هۆكاری نەگەڕانەوەی خەڵك بۆ شنگال، رێگاكە نییە، بەڵكوو ئەو كاولكارییەیە كە لە شنگال رووی داوە و نەبوونی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەكان لەوێ وای كردووە كە خەڵك نەگەڕێنەوە شنگال".

زێباری، دەشڵێ: "بە بەردەوامی داوامان لە رێكخراوەكان، ئاژانسەكانی یوئێن و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كردووە كە هاوكاریی خەڵكی ئەم شارە بكەن، بەڵام رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەم بوارەوە زۆر كەمتەرخەم بوونە و تەواجودیان لە شنگال و دەوروبەری نەبووە، هەر بۆیە نزیكەی ٨٠%ی ئەو ئێزدیانەی كە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە، نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان".