Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی: ناكۆكیى نێوان ئێمه‌ و حكومه‌ته‌كان به‌ لایه‌ك، به‌ڵام ده‌بێت برایه‌تى میله‌تان بپارێزین

 

زاخۆ-KDP.info-  سەرۆك بارزانی رایگەیاند، كوردستان وڵاتى هه‌موومانه‌. وڵاتى كورد، عه‌ره‌ب، توركمان، ئاشوورى، كلدان، سریان، ئه‌رمه‌نه‌كانه‌ و ئازادیشه‌ بۆ هه‌موو دین و مه‌زهه‌به‌كان. ئێمه‌ به‌و فه‌رهه‌نگه‌وه‌ سه‌ربڵندین و هیوادارم ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ هه‌میشه‌ پارێزراو بێت و باوه‌ڕیشمان هه‌یه‌ كه‌ ده‌پارێزرێت، چونكه‌ سه‌نه‌دێكى مه‌زنه‌ له‌ ده‌ستى ئێمه‌دا.

ئەم وتانەی سەرۆك بارزانی لە ئاهەنگێكی جەماوەری بوو بۆ پاڵپشتی لیستی ١٨٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ئه‌مڕۆ چوارشەممە 26ـی9ـی2018، لە یاریگای زاخۆ بەڕێوە چوو.

ئەمڕۆ بەسەربەرزییەوە لێرەین
سەرۆك بارزانی سوپاسی وەفا و دڵسۆزی و مەردایەتیی خەڵكی دەڤەری زاخۆی كرد و رایگەیاند: جارێكى دیكه‌، چاوى ئێمه‌ ڕوون و دڵى ئێمه‌ خۆش بوو به‌ بینینى ئێوه‌، ئه‌ى دڵ و جان. كاتێك مرۆڤ دێته‌ زاخۆ، كوردیبوون و وه‌فا و دڵسۆزى و جوامێرى دێته‌ به‌رچاوى مرۆڤ. من خۆم ئه‌گه‌ر ساڵى جارێكیش ده‌رفه‌تێك بۆم هه‌ڵبكه‌وێت بێمه‌ زاخۆ بۆ یه‌ك ساڵ شەحن دەبمەوە‌. پارساڵ وه‌ك ئه‌م رۆژانه‌ و لێره‌ مێژووییه‌ك درووست كرا، په‌یمانمان دا و له‌و بڕوایه‌دام، دیسان رۆژى 30ـى ئه‌یلوول مێژووییه‌كى دیكه‌ بۆ خۆتان و پارته‌كه‌تان تۆمار ده‌كه‌نه‌وه‌.

سەرۆك بارزانی هەروەها رایگەیاند: ئێمه‌ ئاشتیخوازین و ده‌مانه‌وێت هه‌موو كێشه‌كان به‌ ئاشتى چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام هیچ كاتێك ناهێڵین له‌سه‌ر حسابى كه‌رامه‌ت و ئیراده‌ى میلله‌ت و خوێنى شه‌هیدانى ئێمه‌ كه‌سێك  ئیراده‌ى خۆى به‌سه‌رماندا فه‌رز بكات. ئه‌ویش به‌ پشتیوانى خودا و هیمه‌تى ئێوه‌ و قاره‌مانێتى پێشمه‌رگه‌ بوو.

 

هاوكات ئاماژەی بەوە كرد، كە هەندێك كەس و لایەن خۆیان لە بەرپرسیاریەتیی ریفراندۆم دزییەوە و هەموو بەرپرسیاریەتییەكەیان بۆ من و پارتی بەجێ هێشت، ئێمە بەرپرسیارییەتیمان گرتە ئەستۆ، بۆیە ئەمڕۆ بەسەربەرزییەوە لێرەین، سەرۆك بارزانی رایگەیاند: ئێوه‌ ده‌زانن، مانگى ئایارى رابردوو، هه‌ڵبژاردنێكى گرنگ بۆ په‌رله‌مانى فیدراڵى عێراق ئه‌نجام درا و ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ گرینگ بوو، چونكه‌ سه‌نگى پارتى ده‌رخست.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ هۆى هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى پارتى ئه‌وان وایان مه‌زنده‌ ده‌كرد، پێش ئه‌و قه‌یران و سته‌مه‌ى له‌ میلله‌تى ئێمه‌ كرا، چونكه‌ ئاشتییانه‌ راى خۆى ده‌ربڕى و بڕیارى له‌ چاره‌نووسى خۆی دا و هه‌موویان به‌شدار بوون و ئاخیریش هه‌موویان به‌رپرسیارێتییان خسته‌ سه‌ر ملى پارتى و ملى من و، به‌ڵێ من به‌رپرسیارێتیم  له‌ ئه‌ستۆ گرت و ئه‌مڕۆ به‌ سه‌ربڵندى لێى ده‌رچووین. هه‌موویان ته‌سه‌وریان ده‌كرد، گه‌لى كوردستان له‌و قه‌یرانه‌ى هاته‌ پێش پارتى سزا بدات، به‌ڵام خه‌ونى ئه‌وان نه‌هاته‌ دى. به‌ هیممه‌تى ئێوه‌، پارتى بووه‌ته‌ حزبى ژماره‌ یه‌ك له‌ ئاستى هه‌موو عێراقدا و سه‌نگى پارتى ده‌ركه‌وت چه‌نده‌. هه‌موو كه‌سێك ده‌زانێت پارتى ژماره‌یه‌كى زۆر مه‌زن و گرنگه‌ و بێ پارتى بڕیار ده‌رناكرێن.

ئێمه‌ و عه‌ره‌ب و تورك و فارس براین
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەش كرد، گەلی عێراق سزای ئەو كەس و لایەنانەی دا، كە دەیانەویست فەرهەنگێكی دوژمنایەتی لەنێوان نەتەوەكان دروست بكەن و تەئكیدیشی كردووە،  ترسێكى زۆر گه‌وره‌م هه‌بوو، كه‌ هه‌وڵى هه‌ندێك له‌و به‌رپرسانه‌ى به‌غدا، كه‌ شه‌و و رۆژ خه‌ریكى ئه‌وه‌ بوون، فه‌رهه‌نگێك درووست بكه‌ن، دوژمنایه‌تى میلله‌تى كورد و كوردستان و دوژمنایه‌تى مافى خه‌ڵكى كوردستان، ببێتە فه‌رهه‌نگێك هه‌رچى زیاتر دوژمنایه‌تى نیشان بدابا و پتر خۆى ده‌كرده‌ قاره‌مانى گۆڕه‌پانى عه‌ره‌بى، به‌ڵام گه‌لى عێراق نه‌چووه‌ ژێر بارى ئه‌و هه‌وڵه‌ نه‌زۆكانه‌ و سزاى ئه‌و كه‌سانه‌ى دا كه‌ ده‌یانویست دوژمنایه‌تى بخه‌نه‌ نێوان دوو نه‌ته‌وه‌ى كورد و عه‌ره‌ب. ئەو هەڵوێستەی گەلی عێراق كاریگه‌رییه‌كى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر ئێمه‌ هه‌بوو. چونكه‌ چ شه‌ڕ و چ ناكۆكى له‌ نێوان ئێمه‌ و حكومه‌تدا، چ جارێك جه‌نابى بارزانییش له‌ سه‌رده‌مى شۆڕشى ئه‌یلوولدا رێگه‌ى به‌وه‌ نه‌داوه‌ و به‌رده‌وام ئامۆژگارى بۆ ئێمه‌ ئه‌وه‌ بووه‌، پێویسته‌ شه‌ڕى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت نه‌بێته‌ شه‌ڕى ئێمه‌ و میلله‌ت. ئێمه‌ و عه‌ره‌ب و تورك و فارس براین. ناكۆكى نێوان ئێمه‌ و حكومه‌ته‌كان به‌ لایه‌ك، به‌ڵام ده‌بێت برایه‌تى میله‌تان بپارێزین. سزادانى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌رگایه‌كى گه‌وره‌ى كرده‌وه‌، بۆ چاره‌سه‌رى هه‌موو كێشه‌كان و ئێمه‌ هیوادارین و له‌و بڕوایه‌شداین، حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى داهاتووى به‌غدا، هه‌ردوولا سوودوه‌ربگرن له‌و ده‌رفه‌ته‌ و چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى هه‌موو كێشه‌كان بكه‌ن و ئێمه‌ش پشتیوانى لێده‌كه‌ین. به‌ڵام جارێكى دیكه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌ڵێم، هیچ چاره‌سه‌رێك، هیچ فشار و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك نابێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى ئێمه‌ سازش له‌سه‌ر مافى خۆمان بكه‌ین.

ئێمه‌ به‌ فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ژیان سه‌ربڵندین
سەرۆك بارزانی رووی لە خەڵكی دڵسۆز و بەوەفای زاخۆی كرد كە: من نه‌هاتوومه‌ بۆ ئێره‌ و بڵێم بە‌ ئێوه‌ ده‌نگ بده‌نه‌ فڵان لیست و فڵان لیست، به‌ ئێوه‌ ده‌ڵێم ئێوه‌ ده‌نگ به‌كام لیست ده‌ده‌ن، به‌ڵێن بێت منیش ده‌نگ به‌و لیسته‌ بده‌م. به‌ڵێ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى گه‌لى ئێمه‌ له‌ 25ى ئه‌یلوول بڕیارى خۆى دا، ئێمه‌ تووشى قه‌یرانێكى مه‌زن و ناخۆش بووین، به‌ڵام خۆڕاگریی ئێوه‌، بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى به‌سه‌ربه‌رزى لێى ده‌رباز بین و رۆژى ناخۆش تێپه‌ڕین و رۆژى گه‌ش و خۆش بۆ لاوان و هه‌موو هاووڵاتییه‌كى كوردستان له‌پێشن. كوردستان وڵاتى هه‌موومانه‌. وڵاتى كورد، عه‌ره‌ب، توركمان، ئاشوور كلدان سریان، ئه‌رمه‌نه‌كانه‌ و ئازادیشه‌ بۆ هه‌موو دین و مه‌زهه‌به‌كان. ئێمه‌ به‌و فه‌رهه‌نگه‌وه‌ سه‌ربڵندین و هیوادارم ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ هه‌میشه‌ پارێزراو بێت و باوه‌ڕیشمان هه‌یه‌ كه‌ ده‌پارێزرێت، چونكه‌ سه‌نه‌دێكى مه‌زنه‌ له‌ ده‌ستى ئێمه‌دا.
لە كۆتایی وتارەكەیدا سەرۆك بارزانی رۆڵی خەڵكی دەڤەری زاخۆی بەرز نرخاند لە خەباتی رزگاریخوازی كوردستان و بەرگریكردن لە دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان لەشەڕی داعش و شەڕی داگیركەران و ئاماژەی بەوەكرد: من چى بڵێم بۆ ئێوه‌، چى بڵێم بۆ زاخۆ، وه‌ڵاهى نه‌ من و نه‌ هیچ ئه‌دیب، شاعیر و نووسه‌رێك زۆر زه‌حمه‌ته‌ بتوانێت هه‌قى زاخۆ بدات. له‌ شۆڕشى ئه‌یلوول و شۆڕشى گوڵان و هه‌موو قۆناغه‌كاندا كه‌ پێویست بووه‌، خوێن بدرێت بۆ پاراستنى ئه‌م وڵاته‌، زاخۆ پێشه‌نگ بووه‌، به‌ڵام من باسى شه‌ڕى داعش ده‌كه‌م. دوو سێ ساڵى شه‌ڕى داعش، یه‌ك رۆژیش له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌رباز نه‌بوو، كه‌ پرسه‌ى بۆ شه‌هیدێك یان چه‌ند شه‌هیدێك دانه‌نرابێت. قاره‌مانێتیى هه‌موو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانى كوردستان، ته‌قسیریان نه‌كرد، به‌ڵام به‌ خوێندان بۆ تێكشكانى تیرۆریستان، ده‌ڤه‌رى زاخۆ پێشه‌نگ بووه‌ و پیرۆز بێت ئه‌و جوامێرى و سه‌ربه‌رزییه‌ .من پرسیارى خۆم كرد و وه‌ڵامى خۆمم وه‌رگرت، سوپاسى ئێوه‌ ده‌كه‌م و سڵاو بۆ خۆڕاگرى، دڵسۆزى، قاره‌مانى ئێوه‌ و سڵاو بۆ گیانى شه‌هیدانى نه‌مر و په‌یمان ده‌ده‌ینه‌ شه‌هیدان كه‌ راستگۆ بین له‌گه‌ڵ میله‌تى خۆمان و هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن. له‌ كۆتاییدا بۆمن بووه‌ته‌ فه‌رهه‌نگێكى هه‌میشه‌یى و ده‌ڵێم به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چین و خۆ ناچه‌مێنین.