هەولێر-KDP.info- رۆژی چوارشەممە، لەسەر قەڵای هەولێر، یادی رۆژی كەلەپووری جیهانی لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێرەوە، دەكرێتەوە.
بە پێی نووسراوێكی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، كە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، هاتووە، لە رۆژی چوارشەممە رێككەوتی ١٨ی نیسان، كۆمسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر، یادی رۆژی كەلەپووری جیهانی دەكاتەوە.
یادكردنەوەی كەلەپووری جیهانی، لە زۆر وڵاتدا بەڕێوە دەچێت، كە هەرێمی كوردستانیش چەند ساڵێكە لە هەولێر ئەو یادە دەكاتەوە، ئەوەیش لە پێناو پاراستنی كەلتوور و فەرهەنگی وڵات لە لایەن هاووڵاتییانەوە دەبیت.
وەك لە نووسراوەكەدا هاتووە، ناوی یادەكە بە "كەلەپوور لە پێناوی نەوەكان"ـدا دەبێت، ئەوەیش بە مەبەستی ئاڵوگۆڕكردنی چیرۆكەكان و گواستنەوەی زانیاری لە نێوان گەلاندا، كەوا رۆڵی سەرەكی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیری هەیە.
قەڵای هەولێر لە لایەن یونسكۆوە و لە ساڵی ٢٠١٤ـدا، ناوی خرایە لیستی كەلەپووری جیهانییەوە.
خێڵان بهختیار