Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"حەفتەی دابێ دەست بە وردبینیکردن لە لیستی مووچەی تەندروستیی و پەروەردە دەکرێت"

ھەولێر-KDP.info-  لیژنەیەک بۆ وردبینیکردن لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی تەندروستیی و پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دروستکراوە کە لە ٧ ئەندام پێکدێ و دوو ئەندامی کوردن.

دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق بڕیاری وردبینیکردنی لە لیستی مووچەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی حکوومەتی هەرێم دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەو کارەی بەغدا کرد، لە ئێستایشدا لیژنەیەک دروستکراوە بۆ وردبینیکردن لە لیستی تەندروستیی و پەروەردە کە ٥ ئەندامی لیژنەکە لە حکوومەتی عێراقدان و دوو ئەندامیش کوردن و هەریەک لە بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانی پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی تەندروستی دەگرێتەوە.

(یوسف سورچی) ئەندامی لیژنەی وردبینکردن بۆ لیستی مووچەی پەروەردە و تەندروستیی کە خۆی بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانە لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێ، ناوی من هاتووە بۆئەو کارە، بەڵام هێشتا فەرمانیی وەزاریم بۆ دەرنەچووە لەبەر کۆتایی هاتنی دەوام لە ئێستادا.

ئەو دەڵێ، حەفتەی دابێ فەرمانی وەزاریم بۆدەردەچێ و دەست بە وردبینیکردن دەکەین، ئەگەرچی ئێمە لیستیی مووچەمان هەیە و کێشەی نییە، بەڵام چەند هەنگاوێک دەگرینە بەر و دەست بە کارەکەمان دەکەین.

بڵند ئیبراھیم