Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌وه‌: عه‌بادی به‌ چ ڕوویێكه‌وه‌ له‌ خانه‌واده‌ی پێشمه‌رگه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كات ئینتیمایان بۆ عێراق هه‌بێت

 

هه‌ولێر-KDP.info-  وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانیی خۆی له‌ نادیته‌گرتنی قاره‌مانه‌تی و قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كه‌ ڕووی په‌یامی له‌ (عه‌بادی)ه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یێنێ، ''ئیتر به‌ چ ڕوویه‌كه‌وه‌ له‌ وان و له‌ گه‌لى كوردستان چاوه‌ڕوان ده‌كات ئینتیمایان بۆ عێراق هه‌بێت، له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ حاڵ و مامه‌ڵه‌ى سه‌رۆكوه‌زیرانه‌كه‌ى بێت؟!.''

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9/12/2017، به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق له‌ كاتێكدا كۆتاییهاتنى شه‌ڕى دژى داعشى له‌ عێراق ڕاگه‌یاند، پیرۆزبایى له هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق كرد و ناوى هێنان، به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناوى پێشمه‌رگه‌ى نه‌هێنا و هیچ ئاماژه‌یه‌كى بۆ ڕۆڵ و قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا نه‌كرد.

به‌داخه‌وه‌ به‌ڕێز عه‌بادى جارێكى دیكه‌ش نه‌یتوانى وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیرانى وڵات مامه‌ڵه‌ بكات و ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان پشتگوێ نه‌خات، له‌ كاتێكدا جیهان شاهیده‌ كه یه‌كه‌مجار پێشمه‌رگه‌ به‌ر له‌ هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌كانى دیكه‌ى عێراق كه‌ ئه‌و ناوى هێنان و پیرۆزبایى لێكردن، ئه‌فسانه‌ى داعشى تێكشاند و ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ نه‌بووایه‌ هیچ دوور نه‌بوو ئێستاش داعش نیوه‌ى جوگرافیاى عێراقى له‌ژێر ده‌ستدا نه‌بێت.

به‌ڕێز عه‌بادى كه‌ ئه‌مجاره‌ش نه‌یتوانى ڕق و قینه‌ى خۆى بۆ پێشمه‌رگه‌ بشارێته‌وه‌، نازانین و قه‌ت له‌وه‌ تێناگه‌ین چۆن وێژدانى ئارام ده‌بێت؟، چى به‌ منداڵان و خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى (١٨٢٤) پێشمه‌رگه‌ى شه‌هید و زیاتر له‌ (10) هه‌زار پێشمه‌رگه‌ى بریندار ده‌ڵێت كه‌ خۆى به‌ سه‌رۆكوه‌زیرانیان ده‌زانێت و له‌پێناو شكاندنى داعشدا شه‌هید و بریندار بوون؟! ئیتر به‌ چ ڕوویه‌كه‌وه‌ له‌ وان و له‌ گه‌لى كوردستان چاوه‌ڕوان ده‌كات ئینتیمایان بۆ عێراق هه‌بێت، له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ حاڵ و مامه‌ڵه‌ى سه‌رۆكوه‌زیرانه‌كه‌ى بێت؟!.

پێگه‌ و ڕێز و خۆشه‌ویستیى پێشمه‌رگه‌ و خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان له‌ناو گه‌لى كوردستان و له‌ جیهانیشدا زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان پێویستى به‌ پیرۆزباییى به‌ڕێز عه‌بادى و هه‌موو ئه‌وانه‌ بێت كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بیر ده‌كه‌نه‌وه و ڕه‌فتار ده‌كه‌ن، بۆیه‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌ چاوى لێیه‌، نه‌ پێویستى به‌و پیرۆزبایى و پشووه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌، به‌ڵام هه‌موومان به‌داخه‌وه‌ین كه‌ ڕۆژانه‌ ده‌بینین له‌ جیاتى هه‌وڵى زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، جه‌نابى سه‌رۆكوه‌زیران پێچه‌وانه‌ ده‌جووڵێته‌وه!.

وه‌زاره‌تى كاروبارى پێشمه‌رگه‌
9/12/2017