Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

(سەرۆک بارزانی): ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ رووی كردارییه‌وه‌ دابه‌ش بووه‌

 

هەولێر-KDP.info-  (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی حەیات جەختی کردەوە، ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ رووی كردارییه‌وه‌ دابه‌ش بووه‌. هاوکات ڕایگەیاندووە، ئامانجی سه‌ره‌كی لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، رێگرتنه‌ له‌ روودانی كاره‌سات و جه‌نگی نوێ.


ده‌قی چاوپێكه‌وتنی (مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (الحیاة).

* دوای یه‌كلابوونه‌وه‌ی شه‌ڕی مووسڵ له‌گه‌ڵ داعش، ئێوه‌ چ عێراقێكتان ده‌وێت؟
(سەرۆک بارزانی): پێویسته‌ مامه‌ڵه‌ به‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی شه‌ڕی مووسڵ نه‌كه‌ین، به‌ڵكو پێویسته‌ ئه‌و هۆكارانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ده‌ركه‌وتنی داعش و فراوانبوونی ئه‌و رێكخراوه‌. پێویسته‌ رێكار و پلانی ئیداری و سیاسی و ئه‌منیی دیكه‌ بگیرێته‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ بۆ پێكهاته‌كانی مووسڵ بگه‌ڕێته‌وه‌ و بتوانن جارێكی دیكه‌ ده‌ست به‌ ژیانێكی ئاسایی بكه‌نه‌وه‌. له‌ عێراقی دوای داعش پێویسته‌ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ ئه‌ركی پارێزگاریكردنی ناوچه‌كانییان له‌ رووی ئه‌منی و سیاسییه‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن، دوور له‌ ململانێی تایه‌فه‌گه‌ری.

* پێشبینی هیچ شتێكی له‌ ناكاو ده‌كه‌ن له‌ كاتی ده‌ركردنی داعش له‌ قه‌زاكانی ته‌له‌عفه‌ر و قائیم و حه‌ویجه‌؟
(سەرۆک بارزانی): هیوادارین رێكخراوی داعش له‌ ناوچه‌كانی ته‌له‌عفه‌ر و قائیم و حه‌ویجه‌ به‌ كه‌مترین زیان له‌ ریزی هاووڵاتییانی سڤیل، تێك‌بشكێنرێت، له‌ رووی كردارییه‌وه‌ داعش توانای به‌رگریكردنی نه‌ماوه‌.

* له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ر، چه‌ند مانگێكه‌ ترسێك له‌ به‌شداریكردنی "حه‌شدی‌شه‌عبی" هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تییش مه‌ترسی له‌ ئه‌نجامدانی پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر به‌ سوننه‌ و توركمان، ئایا ئه‌و مه‌ترسییانه‌ هێشتا هه‌ن؟
(سەرۆک بارزانی): له‌ سه‌ره‌تاوه‌، له‌و بڕوایه‌دابووین كه‌ پێویسته‌ سوپای عێراق ئه‌ركی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ر به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی، بگرێته‌ ئه‌ستۆ. ئه‌وانه‌ی له‌ ته‌له‌عفه‌ر ماون، توركمانی سوننه‌ن و به‌شێكیان هاوكاری داعشییان كردووه‌، مه‌ترسیی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌و پرۆسه‌یه‌دا تۆڵه‌ بسه‌نرێته‌وه‌، ره‌نگه‌ بگاته‌ ئه‌وه‌ی منداڵ و ئافره‌تیش بگرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری كێشه‌كان.

* زۆرێك له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی عیراق، گله‌یی له‌ سه‌ركردایه‌تیی كورد ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كاتێكی "خراپیان" بۆ راگه‌یاندن و پێداگریكردن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ بڕیاردان له‌ مافی چاره‌نووسی كورد هه‌ڵبژاردووه‌، هه‌ندێك به‌رپرسیارێتیی زیادبوونی مه‌ترسییه‌كانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كپارچه‌ییی عێراق ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی ئێوه‌. ئایا وایده‌بینن كه‌ به‌هۆی بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ 25ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری داهاتوو شه‌ڕێكی دیكه‌ هه‌ڵبگیرسێت، كه‌ هێشتا ئه‌و وڵاته‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌هۆی جه‌نگه‌وه‌ هه‌ناسه‌یه‌ك هه‌ڵمژێت؟
(سەرۆک بارزانی): بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی، پرۆسه‌یه‌كی ئاشتی و دوور له‌ توندوتیژییه‌، ئامانجی سه‌ره‌كییش لێی، رێگرتنه‌ له‌ روودانی كاره‌سات و جه‌نگی نوێ. ئێمه‌ داواكاری جه‌نگ نین، به‌ڵكو به‌رده‌وام داوای برایه‌تی و دۆستایه‌تیمان كردووه‌، سه‌باره‌ت به‌ كاتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمیش، سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان بڕیاری داوه‌ ریفراندۆم له‌و كاته‌دا ئه‌نجام بدرێت و پاشه‌كشه‌ی تێدا ناكرێت. ریفراندۆم مافێكی ره‌وای گه‌له‌كه‌مانه‌ و هه‌ر ده‌بێت ئه‌و مافه‌ له‌ نزیكترین ده‌رفه‌تدا پیاده‌ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان نیشانی جیهان بده‌ین.

ئه‌گه‌ر هه‌ندێكیشیان له‌و بڕوایه‌دا بن كاته‌كه‌ی گونجاو نییه‌، لێیان ده‌پرسین كه‌ی ئه‌و كاته‌ گونجاوه‌ دێت بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم؟، ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕێی ره‌زامه‌ندیی ئه‌وان بین، ئه‌وا تاهه‌تایه‌ هیچ كاتێك بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ دیاری ناكه‌ن. ته‌نها گه‌لی كوردستان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كاته‌كه‌ی دیاری بكات.
هاوبه‌شییه‌كی ئازاد و ئاره‌زوومه‌ندانه‌مان له‌گه‌ڵ عێراق هه‌ڵبژاردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی پێشێلكردنی ده‌ستووره‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، بۆیه‌ مافی گه‌لی كوردستانه‌ رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌ڵبژێرێت.

* ته‌نانه‌ت هێزه‌ هه‌رێمییه‌كانی وه‌كو توركیا و ئێران، ناڕازیبوونی خۆیان له‌ بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم نیشان داوه‌، چونكه‌ كیانێكی سه‌ربه‌خۆی كورد له‌ كوردستانی عێراق، كورد له‌ هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ی دیكه‌ش هان ده‌دات هه‌مان رێگه‌ بگرنه‌ به‌ر؟
(سەرۆک بارزانی): ئێمه‌ داوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌كه‌ین له‌ هه‌رێمی كوردستان، باسمان له‌و هۆكارانه‌ش كرد كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بگرێته‌به‌ر، ئێمه‌ نامانه‌وێت ئه‌زموونێكی سه‌دساڵه‌ی شكستخواردوو و پڕ له‌ مه‌رگه‌سات له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌. پێویسته‌ له‌سه‌ر وڵاتانی هه‌رێمی له‌وه‌ تێبگه‌ن، له‌و بڕوایه‌دام بۆیان روون بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ هۆكارێكی سه‌قامگیرین له‌ ناوچه‌كه‌.

كورد له‌ وڵاتانی دراوسێ هه‌ن، ناتوانرێت تاهه‌تایه‌ نكۆڵی له‌ بوونیان بكرێت، هه‌ر ده‌بێت دۆزه‌كه‌یان له‌ رێگه‌ی ئاشتییانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیری و گه‌شه‌پێدانی ئاشتی، ناوچه‌كه‌ بگرێته‌وه‌.

* چۆن ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، كه‌ داوای كردنه‌وه‌ی لقێكی حزبه‌كه‌ی خۆتان كردووه‌ له‌ توركیا، له‌كاتێكدا (ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) سه‌رۆكی توركیا، هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ره‌ت ده‌كاته‌وه‌؟
(سەرۆک بارزانی): ئه‌نجامدانی ریفراندۆم مانای راگه‌یاندنی جه‌نگ له‌ دژی وڵاتانی دراوسێ نییه‌ و به‌ واتای دوژمنایه‌تی نایه‌ت، ئێمه‌ بڕوای ته‌واومان به‌ درووستكردنی په‌یوه‌ندیی دۆستایه‌تی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیان، به‌تایبه‌تیش توركیا.

ئێمه‌ داوای كردنه‌وه‌ی لقێكی حزبه‌كه‌مان نه‌كردووه‌ له‌ توركیا، ئه‌وه‌ زانیارییه‌كی هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستتان كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی حزب بێت، ئه‌وه‌ كارێكی ئاساییه‌.

* هه‌ندێك له‌و بڕوایه‌دان، مه‌به‌ستی ئێوه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، رێگرتنه‌ له‌ یه‌كگرتن و گه‌له‌كۆمه‌ی حزبه‌ كوردییه‌كانی دیكه‌ له‌ دژی ئێوه‌؟
(سەرۆک بارزانی): ریفراندۆم مافی هه‌موو تاكێكه‌ له‌ تاكه‌كانی گه‌ل. ته‌نها هاووڵاتیان بۆیان هه‌یه‌ ده‌نگ بده‌ن و كاره‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ حزبه‌كان و ناكۆكییه‌كانی ئه‌وانه‌وه‌ نییه‌، ئه‌و جیاوازییانه‌ی كه‌ هه‌ن به‌ كارێكی ئاسایی داده‌نرێت له‌ ژیانی سیاسی، له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانیشدا بوونیان هه‌یه‌، ریفراندۆم له‌ سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌كانه‌وه‌‌یه‌، چونكه‌ بڕیاره‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ نه‌وه‌كانی داهاتووه‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌شێك نییه‌ له‌ ململانێ حزبییه‌كان.

* به‌رامبه‌ره‌كانتان تۆمه‌تبارتان ده‌كه‌ن به‌ ئاڵۆزكردنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم، به‌هۆی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی ئه‌لیكترۆنی بۆ ئه‌و كوردانه‌ی له‌ شاره‌كانی دیكه‌ نیشته‌جێن، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ریفراندۆم ناوچه‌ "كێشه‌له‌سه‌ره‌كان"یش ده‌گرێته‌وه‌، هاوكات ناتانه‌وێ ریفراندۆمه‌كه‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی وه‌ربگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا پێوه‌ی پابه‌ند نه‌بن؟
(سەرۆک بارزانی): كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاره‌ ته‌كنیكییه‌كانی ریفراندۆم به‌رپرسه‌، هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ ئاسانكردنی پرۆسه‌كه‌ بۆ هاووڵاتییان، له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌نگدانه‌كه‌ به‌ شێوه‌ی كاغه‌ز ده‌بێت، به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم كۆمیسیۆن له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌یه‌كی گونجاو بدۆزێته‌وه‌. ریفراندۆم شێوه‌ی یاساییی خۆی وه‌رگرتووه‌، فه‌رمانی هه‌رێمی له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ ده‌رچووه‌، ئه‌نجامی ریفراندۆمیش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئیراده‌ و ویستی گه‌لی كوردستانه‌، ئه‌نجامه‌كه‌شی ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا.

* پارتی كرێكارانی كوردستان به‌ هه‌وڵدان بۆ داگیركردنی شنگال تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و ئه‌وانیش ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌، پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن دوای داعش رووبه‌ڕوویان ببنه‌وه‌؟
(سەرۆک بارزانی): بوونی چه‌كدارانی پارتی كرێكاران له‌ شنگال نایاساییه‌، رێگه‌ ناده‌ین هیچ هێزێك جگه‌ له‌ هێزه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌و ناوچانه‌ بوونییان هه‌بێت، له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامداین بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی بكه‌ین، له‌ كۆتاییشدا ده‌بێت خه‌ڵكی شنگال خۆیان بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن.

* ترستان له‌ پێكدادانی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ حه‌شدی‌شه‌عبی له‌ ته‌له‌عفه‌ر و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی حكوومه‌تی (حه‌یده‌ر عه‌بادی) نییه،‌ كه‌ هه‌وڵه‌كانی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ جیابوونه‌وه‌ی كوردستانی عێراق ره‌ت ده‌كاته‌وه‌؟
(سەرۆک بارزانی): ته‌له‌عفه‌ر ناوچه‌یه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌و بڕوایه‌داین پێویسته‌ سوپای عێراق ناوچه‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكاته‌وه‌، هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ "حه‌شدی‌شه‌عبی" نییه‌، به‌ڵام رێگه‌ به‌و هێزانه‌ ناده‌ین بێنه‌ ناو خاكی كوردستان.
له‌ شه‌ڕی داعش، به‌ تایبه‌تیش له‌ ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، هه‌ماهه‌نگییه‌كی زۆر باشمان له‌گه‌ڵ (حه‌یده‌ر عه‌بادی) هه‌بوو، هه‌رگیز داوای جه‌نگ ناكه‌ین و ده‌ستپێشخه‌ریش نابین بۆ ئه‌و كاره‌، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ پارێزگاری له‌ خۆمان بكه‌ین ئه‌گه‌ر شتێكی له‌و جۆره‌ به‌سه‌رماندا بسه‌پێنرێت.

* ته‌نانه‌ت واشنتنیش داوای كردووه‌ ریفراندۆم ئه‌نجام نه‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا، توركیا و ئێران دژایه‌تیی پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن، ئێوه‌ گره‌و له‌سه‌ر چی ده‌كه‌ن؟
(سەرۆک بارزانی): گه‌لی كوردستان مافی ته‌واوی هه‌یه‌ خۆی بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆی بدات، ئێمه‌ متمانه‌مان به‌ گه‌لی خۆمان هه‌یه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێی هه‌ندێك له‌ وڵاتان تێده‌گه‌ین، به‌ڵام جێگره‌وه‌ و به‌دیل چییه‌؟ ئایا ده‌یانه‌وێت ئه‌زموونێكی شكستخواردوو دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌؟، بۆ ده‌بێت ئێمه‌ خۆمان مه‌رگه‌سات به‌سه‌ر خۆمان بهێنینه‌وه‌؟، جارێكی دیكه‌ش له‌و وڵاتانه‌ ده‌پرسین: ئایا هیچ كاتێكی گونجاو هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم؟

* ناكۆكییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، دۆسیه‌ی نه‌وت و رێككه‌وتنه‌كانیشی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان گرتووه‌ته‌، هیچ ده‌رچه‌یه‌ك بۆ كۆتاییهێنان به‌و ناكۆكییه‌ درێژخایه‌نانه‌ هه‌یه‌؟
(سەرۆک بارزانی): له‌ ساڵانی رابردوو، كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ر نه‌كران و هه‌موو رێككه‌وتنه‌كانیش پێشێل كراون. كاری له‌پێشینه‌ بۆ ئێمه‌ له‌ ئێستادا ئه‌وه‌یه‌ ریفراندۆم ئه‌نجام بده‌ین و شێوازێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا بدۆزینه‌وه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت یه‌كێك ده‌بێت له‌ دۆسییه‌كان كه‌ دوای ریفراندۆم له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.

* ئایا كه‌ركووك ده‌بێته‌ ده‌ستپێكی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی (عه‌بادی)؟، ئایا پێكدادانی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق، پێشبینی كراوه‌؟
(سەرۆک بارزانی): هیوای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ناخوازین له‌ هیچ شوێنێك، ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ركووك بكه‌ینه‌ نموونه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بی.

* ئایا كورد له‌ به‌دیهێنانی خه‌ونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ "داكوتانی دوایین بزمار له‌ تابووتی یه‌كپارچه‌یی عێراق" تۆمه‌تبار ده‌كرێن؟
(سەرۆک بارزانی): ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ رووی كردارییه‌وه‌ دابه‌ش بووه‌، هه‌موو بنه‌ما هاوبه‌شه‌كان و ده‌ستووریش پێشێل كراوه‌، شه‌ڕی تاییفی هه‌یه‌ و ده‌وڵه‌ت سه‌روه‌ریی نه‌ماوه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رپرس نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ عێراق تێیكه‌وتووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌و بڕوایه‌داین سه‌ربه‌خۆییی باشووری كوردستان هۆكارێك ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، ئێمه‌ یه‌كپارچه‌ییی خاكی عێراقمان به‌ ئامانج نه‌گرتووه‌، به‌ڵكو پابه‌ندنه‌بوون به‌ ده‌ستوور و سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانی حكوومه‌تی عێراقه‌ كه‌ یه‌كپارچه‌ییی خاكه‌كه‌ی كردووه‌ته‌ ئامانج.

* ئایا به‌ ریفراندۆم، گه‌لی كوردستان ناخزێننه‌ شوێنی سوننه‌كانی عێراق كه‌ به‌رده‌وام سكاڵای په‌راوێزخستن ده‌كه‌ن، ئایا ناگه‌نه‌ ئاستی دوژمنداری و تێكچوونی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا؟
(سەرۆک بارزانی): ئێمه‌ ده‌پرسین، بۆچی سوننه‌ په‌راوێز خراوه‌؟ ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر شكستی ده‌وڵه‌تی عێراق و پێشێلكردنی ده‌ستوور، هه‌رێمی كوردستان نه‌ك ته‌نها دووچاری په‌راوێزخستن بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو بنه‌مای هاوبه‌شییان تێك‌شكاند و هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژییش بووه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ ناتوانین چیدیكه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك وڵات بژین، به‌ڵكو ده‌توانین ببینه‌ دوو دراوسێ و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌.

* چ شتێك یه‌كپارچه‌ییی عێراق ده‌پارێزێت؟
(سەرۆک بارزانی): ده‌ستوور تاكه‌ گه‌ره‌نتیی مانه‌وه‌ی عێراق بوو به‌ یه‌كپارچه‌یی، به‌ پێشێلكردنی ده‌ستووریش ده‌رفه‌تی هێشتنه‌وه‌ و پارێزگاریكردن له‌ عێراقی یه‌كپارچه‌ له‌ده‌ست ده‌رچوو.

* دوای تێكشكاندنی داعش، چ شتێك رێگری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌ ده‌كات و مۆته‌كه‌ی تیرۆر به‌ ناوی جیاواز، له‌ ژێر چ ئاڵایه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌؟
(سەرۆک بارزانی): له‌ناوبردنی ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ هه‌بوون، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی بوونه‌ته‌ هۆی په‌یدابوونی "داعش"، كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕی تاییفی و جیاكاریی مه‌زهه‌بی، بوونی ئیراده‌یه‌كی جیددی و راستگۆ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ دژایه‌تیكردنی فكری داعشی، هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌بنه‌ رێگر له‌به‌رده‌م سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش سه‌ر له‌نوێ.

* ناترسن له‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ كورد باجی گه‌وره‌ بدات، ئێستا كاتی "رێككه‌وتنی گه‌وره‌"ی نێوان واشنتن و كرملینه‌، به‌تایبه‌تیش ئێستا نزیك بوونه‌ته‌وه‌ له‌ لێكتێگه‌یشتنێك له‌سه‌ر دابه‌شبوونی هه‌ژموونی خۆیان له‌ سووریا؟

(سەرۆک بارزانی): گه‌لی كوردستان له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوو، بۆ پارێزگاریكردن له‌خۆی قوربانی زۆری داوه‌، هه‌رێمی كوردستان ئێستا به‌هێزتره‌، تیرۆری تێك‌شكاند، به‌ قوربانییه‌كانی داكۆكی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌، له‌و بڕوایه‌دا نین هیچ رێككه‌وتنێك هه‌بێت ئێمه‌ی لێ ده‌ربهێنرێت و جیا بكرێینه‌وه‌‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ رێزێكی تایبه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ بۆ قاره‌مانێتیی گه‌لی كوردستان و قوربانیدانه‌كانی.

* هیلالی شیعی، له‌ تارانه‌وه‌ به‌ره‌و به‌غدا و دیمه‌شق و به‌یرووت، ئایا دۆخی هه‌رێمی ناوچه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ئێران مساوه‌مه‌ی له‌سه‌ر بكات؟، ئایا ئه‌وه‌ی مه‌حمود ئه‌حمه‌دینه‌ژاد له‌ به‌غدا سه‌ركه‌وتنی راگه‌یاند، هه‌مان شت له‌گه‌ڵ (قاسم سلێمانی) له‌ دیمه‌شق دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌؟
(سەرۆک بارزانی): به‌رپرسانی ئێران به‌ راشكاوی سه‌ركه‌وتنییان له‌ به‌رنامه‌ی كردنه‌وه‌ی رێگه‌یه‌ك له‌ تارانه‌وه‌ بۆ به‌غدا و دیمه‌شق و به‌یرووت راگه‌یاندووه‌.