دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک دەڵێت، سبەی فەرمانگەکانی حکوومەت لە دھۆک دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەر لافاوێک یان کارەساتێک کە ناوچەکە بگرێتەوە.
پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" وەک پێشبینی کەشناسی سبەی بەدواوە رەوشی کەش وھەوا ئاڵۆز دەبێت و پێشبینی بارانێکی زۆر دەکرێت، ئێمە وەک وەڵامدانەوەی قەیرانەکان کە لە چەندین فەرمانگەی حکوومەت پێکھاتووین وەک شارەوانی و بەرگریی شارستانی و تەندروستی پۆلیس و ھەموو لایەنە پەیوەندارەکان ئامادەکاری خۆمان کردووە و سبەی رۆژی دووشەممە ھەموو فەرمانگەکان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشی.
ئەو بەرپرسەی دھۆک دەشڵێت: "تیمەکان بڵاوەیان پێدەکرێت تا کۆتایی ھاتنی شەپۆڵەکە، ئامێر و ھەموو پێداوستییەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو یان دروستبوونی کارەساتی سرۆشتی بەردەستن و ئامادەکاری خۆمان کردووە بۆ ھەموو ئەگەرێک.
پیردەیان جەعفەر ئاماژەیشی دا، "ئەوەی تا ئێستا ھەیە تەنیا پێشبینی دابارینی بارنێکی زۆر دەکرێت، داوا لەو ھاوڵاتیانە دەکەین کە نزیکن لەسەر چاوەی ئاو و بەنداو و چەم و رووبارەکان خۆیان دوور بگرن لەو شوێنانەی مەترسیان لەسەرە بۆ ئەوەی ژیان و گیانیان پارێزراوبێت.
قائید میرۆ