بەردەڕەش-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەخۆشخانەیەکی لە قەزای بەردەڕەش دروستکردووە و بینایەیی نەخۆشخانەکە تەواوبووە، سەرۆکی حکوومەت پارە بۆ کڕینی کەلوپەل و ئامێرەکان تەرخانکردووە و ٤٠ کارمەندیشی بۆ دامەزراندوون، بەقسەی بەڕێوەبەری تەندروستی دھۆک لە ماوەی کەمتر لە دوومانگی دیکە نەخۆشخانەکە دەکرێتەوە و دەکەوێتە خزمەت ھاوڵاتیانەوە.
دکتۆر ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەزای بەردەڕەش بینای تەواوبووە و سەرۆکی حکومەت بودجەی بۆ کڕینی کەلوپەل بۆ تەرخان کردووین، ئامێرەکان تەواو بن کە ٨٥%ی گەیشتوون و ئێستا دادەنرێن و ٤٠ کارمەندیش بەشێوەی گرێبەست دامەزراون و ئامێرەکان تەواو دابنرێن و بکەونە کار، گەر ھیچ کێشەی نەبێت لە ماوەی کەمتر لە دوومانگ نەخۆشخانەکە دەکرێتەوە، ئەم نەخۆشخانەیە بۆ ھاوڵاتیان زۆر گرینگە کە چیتر حاڵەتەکانی فریاکەوتن نەچنە شارەکانی دیکە.
لای خۆیەوە دکتۆر خدر ساڵح خدر، بەڕێوەبەری تەندروستی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، زۆرینەی ئامێرەکان گەیشتوون و خەریکین ئامێرەکان دادەنێین، تەنیا ماوە پێداویستی کارگێڕیی دابنرێن و ٤٠ کارمەندیش دامەزراون و دەبێتە نەخۆشخانەیەکی باش لە قەزای بەردەڕەش، بۆ حاڵەتی فریاکەوتن ئیتر پێویستیمان بەشوێنی دیکە نابێت، بۆیە قۆناغ بە قۆناغ زیاتر نەخۆشخانەکە بەشەکانی فراوان دەکرێت، ئەمە دەبێتە یەکەم نەخۆشخانە لە قەزای بەردەڕەش کە خزمەتێکی باشی خەڵکی لە حاڵەتی فریاکەوتن بکات.
بڵند ئیبراھیم