Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 28 APR 2024 09:52 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان و عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، کە ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسیە.

 

جەماوەری بەڕێزی کوردستان و عێراق

 

ئاشکرایە پارتی ھەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، خەباتی کردووە بۆ بەدیھێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و چەسپاندنی دیموکراسیەت، وەک دوو ئامانجی لەیەکدی دانەبڕاو، لەو باوەڕەوە کە تەنھا لەڕێگەی بەدیموکراسی کردنی سیستەمی حوکمڕانی عێراقەوە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان دێنەدی، لەو سۆنگەیەشەوە جەنابی سەرۆک بارزانی، لەیەکەمین ڕۆژەکانی ڕاپەڕینی بەھاری 1991دا، بۆ بەرجەستەکردنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و پاراستنیان و پیادەکردنیان بەشێوەیەکی دروست، بانگەشەی بۆ ئەنجامدانی (ھەڵبژاردنێکی ئازاد) وەک بنەمای دامەزراندنی حوکمڕانیەکی دیموکراسی لەھەرێمدا کرد، ھەر بۆیەشە ھەمیشە پارتیمان داکۆکیکار بووە لە فەراھەمکردنی بنەماو پێوەرەکانی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد کە خۆیان دەبیننەوە، لانی کەم لە بوونی یاسایەکی ھەڵبژاردنی دادپەروەرانە کە گەرەنتی نوێنەرایەتی کردنی سەرجەم چین و توێژ و پێکھاتەکانی گەلی کوردستان لەپەرلەمان بکات و دەرگای دەنگدان و خۆپاڵاوتن بۆ زۆرترین ژمارەی ھاووڵاتیان بکاتەوە و کەمترین دەنگ لەنوێنەرایەتی بەفیڕۆ بچێت و ڕەنگدانەوەی ویست و ئیرادەی کۆمەڵگا بێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن لەلایەن دەزگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن و شارەزا و شەفافەوە لەسەرجەم قۆناغەکانیدا، بە مەرجی سەرەکی پاک و بێگەردیی پڕۆسەکە زانیووە، بەشێوەیەک کە متمانەی دەنگدەر و لایەنە بەشدارەکان بە ھەڵبژاردنەکە بپارێزێت و پتەو بکات.

 

لەسۆنگەی ھەستکردن بەو ئەرک و بەرپرسیارییەوە بووە کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەھەموو شێوەیەک لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق کارمان کردووە، تا سەرجەم ھەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی دروست و دەستووری بەڕێوەبچن بەتایبەتی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا، لەو پێناوەشدا بەشدارێکی جیددی بووین لەسەرجەم گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێم و عێراق، بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و سازان و کۆدەنگی لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە یاسای ھەڵبژاردن، بەڵام دوای ئەوەی بابەتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بردرایە بەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی، سەرەڕای ئەوەی کەیسەکە، بەبێ پاساو و بێ ڕەچاوکردنی مافە دەستووریەکانی گەلی ھەرێمی کوردستان لە ھەڵبژاردنی دامەزراوەیەکی گرنگی وەک پەرلەمان، ماوەیەکی زۆر دواخرا تا دەرکردنی بڕیاری کۆتایی ژمارە (83 وموحدتیھا 131 و 185/اتحادیە/2023) لە ڕۆژی 21ی شوباتی 2024، بەتایبەتیش دوای دەرچوونی پاشخان (حیێیات)ی بڕیارەکەی دادگا لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە وردەکاری زیاتری نادەستووریی بەرامبەر ھەرێم تێدایە و درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستووریانەیەتی کە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو بەرامبەر ھەرێمی کوردستان داویەتی، لەھەمان کاتدا ئەوەی تێبینیمان کرد و لەکاتی خۆیدا ڕای گشتیشمان لێ ئاگادار کردەوە، بریتیە لە پێشێلکاریە زەق و مەترسیدارەکەی دەستوور لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیدا بۆ لەباربردنی سیستەمی دیموکراسی ھەرێم، و ھەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سیستەمی مەرکەزی، کە دەکرێت لەم خاڵانەی خوارەوەدا ڕوونیان بکەینەوە:

 

1- دادگای باڵای فیدڕاڵی بە ھەموارکردنەوەی جومگە گرنگەکانی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە ماددەکانی پەیوەست بە دیاریکردنی سیستەمی بازنەکانی ھەڵبژاردن و کۆتای پێکھاتەکان و ژمارەی کورسیەکان و لایەنی سەرپەرشتیار و لایەنی تایبەتمەند بە یەکلایی کردنەوەی تانەکانی ھەڵبژاردن، سەرەڕای ئەوەی پێشێلی ماددەکانی (117 و 121)ی دەستووری کردووە کە تایبەتن بە گەرەنتی کردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانانی ھەرێم، لەھەمان کاتدا پێشێلکاری زەقی ماددەی (6)ی دەستووریشی کردووە کە جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات بەشێوازێکی دیموکراسیانە و بەپێی ڕێوشوێنە دەستووریەکان دەبێت، لەکاتێکدا ئەو ھەموارکردنانە دەبێتە ھوی شێواندنی سیستەمی دیموکراسی.

 

2- بە نەھێشتنی کورسی کۆتای پێکھاتەکان لەیاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، یەکێک لە گەرەنتیە سەرەکیەکانی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد و ھەلی یەکسان و دادپەروەرانە لەھەرێمدا پێشێلکرا، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە ئەوە پێشێلکردنی وویست و ئیرادەی ھاووڵاتیانی ھەرێمە لەمامەڵەکردن لەگەڵ بابەتێکی ھەستیاری وەک پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵکردندا، کە بووەتە ناسنامەی سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ھەرێم، لەلایەکی دیکەشەوە ناکۆکە لەگەڵ ماددەکانی (٤٩/ بڕگەی یەکەم) و (125)ی دەستوور و یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و ماددەکانی (2) و (25) لە پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ICCPR)، کە عێراق لە ساڵی 1971 پەسندی کردووە و پێوەی پابەندە، کە ھەموویان جەخت دەکەنەوە لەسەر ڕەچاوکردنی نوێنەرایەتیکردنی ھەموو پێکھاتەکانی گەل لە ئەنجوومەنە ھەڵبژێردراوەکاندا و بەشداریکردنیان لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیدا.

 

3- دوورخستنەوەی دەسەڵاتی دادوەریی ھەرێمی کوردستان لە یەکلایی کردنەوەی تانەکانی پەیوەست بە پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە، کە لە ماددەی (شەشەم دووبارە/ بڕگەی چوارەمـ)ـی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دیاریکراوە، و سپاردنی ئەو تایبەتمەندییە بە دەستەیەکی دادوەریی سەر بە (مجلس القچاء الاعلی)ی فیدڕاڵی، زێدەڕۆییەکی مەترسیدارە لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی ھەرێم، چونکە لەلایەک پێشێلکردنی سەربەخۆیی ھەرێمەکانە، و لەلایەکی تریشەوە لادانێکی بێ پاساوی ئەوپیادە کردنە ئاساییەیە کە لەمەوپێش لە بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمدا لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی فیدڕاڵییەوە پەیڕەو دەکرا، بەوەی ھەمیشە دەستەیەکی دادوەریی لە دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم تانەکانی تایبەت بە ھەڵبژاردنەکانی یەکلایی دەکردەوە.

 

4- بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بوونەتە ھۆی پێشێلکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەشێوەیەک دادگا خۆی خستۆتە پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، و ھەندێک دەسەڵات و تایبەتمەندی بەخۆی داوە کە لە دەستووردا بۆی دیاری نەکراوە، بەتایبەتی ئەو کاتەی بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان ژمارە (22)ی ساڵی 2007 ی دەرکرد، بەپشت بەستن بە ماددەی (110)ی دەستوور، سەرەڕای نەبوونی ھیچ بڕگەیەکی تایبەت بە سامانی نەوتیی لەو ماددەیەدا، لەکاتێکدا لە دەستووردا ماددەی (112) تایبەت کراوە بە سامانی نەوت و گاز، کە بەڕوونی جەخت لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو سامانە بەھاوبەشی لەنێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و ھەرێمەکاندا دەکات، سەرەڕای ئەوەی لە ماددەی (115)دا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لەو پرس و بوارانەی دەکەونە چوارچێوەی دەسەڵاتە ھاوبەشەکانەوە، ھەرێمەکان دەسەڵاتی یاسادانانیان ھەیە، لەوەش زیاتر لەکاتی ناکۆکی لەنێوان یاسای فیدڕاڵی و یاسای ھەرێمەکان لەو بوارانەدا، ئەولەویەت بۆ یاسای ھەرێمەکانە.

 

5- جگە لەو پێشلکارییە دەستورویانەی لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بەرامبەر یاسای ھەڵبژاردن کراون، چەند ڕێکارێکی دیکەی ناتەندروست گیراونەتەبەر کە کۆی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەخەنە ژێر پرسیاری جدیەوە، لەوانە بێبەشکردنی نزیکەی (400) ھەزار دەنگدەری ھەرێمی کوردستان لەدەنگدان، کە دەکاتە 20%ی کۆی ئەو دەنگدەرانەی بایۆمەترییان کردووە، بەبیانوی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان، ھەروەھا بابەتی نادادپەروەری لە دیارکردنی کورسیەکانی پارێزگای ھەڵەبجەدا.

 

6- دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو دەرکەوت کە عێراقی فرەنەتەوە و فرە ئایین و ئاینزا، بەیەک پێکھاتە بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەناچیت، بۆیە (ھاوبەشی و سازان و ھاوسەنگی) بوون بە بنەمای رێکەوتنی ھەموو لایەنە سیاسیەکان بۆ ئەوەی عێراق بۆ ھەمووان بێت و ھاووڵاتی ھەست بە بەرپرسیاریەتی بکات، بەڵام بەداخەوە سیاسەتی وەلانان و دەستێوەردان و برسیکردن و بڕینی بوودجە و مووچە و ھەروەھا سیاسەتی جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستوور بەشێوەی ئینتقائی، کۆمەڵێک ھەنگاون بۆ بچوککردنەوەی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان و بوون بە بنەما بۆ ئیدارەدانی ئەم وڵاتە، سەرەڕای ئەمەش پارتیمان لە ھەوڵ و کوششی خۆی نەوەستا بۆ راستکردنەوەی ئەم لادان و شێوازی حوکمڕانیە کە پێچەوانەی روحی دەستوورە، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا پەرۆشییان پێشان نەداوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو لادانە دەستووریانە.

 

لە بەرەنجامی ئەو ڕاستیانەی سەرەوە و پێشێلکردنی بەشێک لەماددەکانی دەستوور و بەڕەچاوکردنی ئەوەی کە خودی پێکھاتەی ئێستای دادگای باڵای فیدڕاڵی نادەستوورییە و بەردەوام لەبڕیارەکانی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان، پێشێلی مافە دەستووریەکانی کردووە و دەیەوێت ئەو دەستکەوتانەی گەلەکەمان کە بە خەبات و تێکۆشان و خوێنی شەھیدەکانمان و ئەنفالکراوان و کیمیابارانکراوان وەدەستی ھێناون، بە بڕیاری سیاسی و نادەستوری لە گەلی کوردستانی بستێنێتەوە.

 

ھاووڵاتیانی بەرێز:

 

لێرەدا لایەنەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی نیشتمانی لەجێبەجێ نەکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکھێنانی کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق بەسەرۆکاتی بەڕێز محەممەد شیاع سودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پڕۆسەی سیاسی دا.

 

ھەروەھا بۆ ڕای گشتی ناوخۆیی عێراقی و نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنین، سەرەڕای متمانە بەخۆبوونمان و بەپشتیوانیی گەلی کوردستان بەوەی کە چۆن لە ساڵی 1992 تا ئێستا لەسەرجەم ھەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی خەلکی کوردستان متمانەیان بەپارتیمان بەخشیووە، ئێستاش بڕوامان بەخۆمان و گەلەکەمان ھەیە کە ھێزی یەکەمی کوردستانین، بەڵام لەسۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگەو بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و سیستەمی دیموکراسی و فیدراڵی عێراق، ھەروەھا ڕەوایی نەدان بە ھەڵبژاردنێکی نا دەستوری و نا دیموکراسی، و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی ھەموارە نادەستوریەکانی یاسای ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری ھەڵبژاردنێک نەکات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت.

 

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

١٨-٣-٢٠٢٤




دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی و محەممەد حەلبووسی کۆبوونەوە

SATURDAY, 27 APRIL 2024 23:04:01

بەغدا-KDP.info- ئەمشەو لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەددومی عێراقی کۆبووەوە.

 

ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، یەکێتی ئەوروپا، ئیمارات و یەمەن سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکەن

SATURDAY, 27 APRIL 2024 22:04:28

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی ھەینی ٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٤، کێڵگەی غازی کۆرمۆر بۆردوومان کراو جیا لە کوشتنی چوار کارمەندی بیانی، زیانێکی زۆریش بە کێلگەکە کەوت، دوای ھێرشەکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھاتووەتە سەرخەت و پێیان وایە ئەوەی کراوە پێشھاتێکی مەترسیدارە.

 

نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوە

SATURDAY, 27 APRIL 2024 21:04:08

بەغدا-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى به‌رده‌وامیى گفتوگۆى بنیاتنه‌رى تایبه‌ت به‌ پرسه‌ هاوبه‌شه‌كانى نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تى عێراقى فیدڕاڵ و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

SATURDAY, 27 APRIL 2024 17:04:04

بەغدا-KDP.info-  کەمێک پێش ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە بەغدا.

"320 ھەزار ھاوڵاتی لە داشکانی قەرزی ئاو سوودمەند بوونە"

SATURDAY, 27 APRIL 2024 16:04:08

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێم زانیاری دا، پێشتر بەھۆی بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، 320 ھەزار ھاوبەشی ئاو لە داشکاندنی قەرزی کرێی ئاو سوودمەندبوونە..دەشڵێت، لە بڕیاری نوێدا رێژەی داشکانی قەرزی ئاو زیاد کراوە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact