Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 28 APR 2024 01:08 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری، لەبەر ئەو هۆكارانە كشانەوەی خۆم لە دادگای باڵای فیدڕاڵی رادەگەیەنم
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئاداری 2024، دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری، ئەندامی دادگای فیدڕاڵیی عێراق، بە فەرمی دەست لەكار كێشانەوەی خۆی لە دادگاكە ڕاگەیاند.

كەمێك لەمەوبەر لە پرێس كۆنفرانسێكدا، دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری، ئەندامی دادگای فیدڕاڵی، بە فەرمی كشانەوەی خۆی لە دادگای فیدڕاڵی ڕاگەیاند. هاوكات ئاماژەی بەوە كرد كە لە سێ ساڵەی كاركردنیدا وەك ئەندامی دادگاكە و لە كاتێكدا كە زیاتر لە سی ساڵ خزمەتی لە بواری دادوەری هەیە، هەوڵی داوە لە میانی كاركردنی لە دادگاكەدا بنەماكانی سیستەمی دیموكراسی لە دادگاكەدا بچەسپێنێت.

جەختیشی كردەوە كە دەستووری عێراق دەقێكی پیرۆزە و هەموو لایەنە سیاسییەكان و گەلی عێراقیش بەشدارییان لە نووسینەوەی كردووە، كە كەم تا زۆر مافی بە پێكهاتەكان داوە و پابەندبوون بەو دەستوورە گەرەنتیی یەكپارچەیی عێراق بووە، ”من نوێنەری هەرێمی كوردستان بووم و هیوادار بووم بەرگریكاری هەرێمی كوردستان بم، بەڵام دوای سێ ساڵ لە كاركردنم، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی كە بە بەردەوامبوونم لە دادگا ناتوانم ئەو كارە بكەم كە دەست بەكار بووم.“

هەر لەو پرێس كۆنفرانسەدا دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری باسی لە چەند خاڵێك كرد بەم شێوەیە:

یەكەم: لە میانی كاركردنم وەك دادوەر، هەستم بە گەڕانەوە بۆ سیستەمی مەركەزیەت لە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی كرد كە وڵات دەگەڕێنێتەوە بۆ مەركەزیەت. هەستم كرد دەسەڵاتی دەستووریی هەرێمەكان كەم دەكرێتەوە.

دووەم: دادگای فیدڕاڵی لە هەموو سیستەمەكاندا هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتی ناوەند و دەسەڵاتی هەرێمەكان دەپارێزێت، بۆیە دادگاكە بە ناوی فیدڕاڵی ناوی لێندراوە و لە دەستووردا كۆمەڵێك ماددەی بۆ تەرخان كراوە، لە نێویشیاندا ماددەی ١١٩. بۆیە پێویستە دادگای فیدڕاڵی زیاتر دەسەڵاتی هەرێمەكان بپارێزێت نەك دەسەڵاتی ناوەند. بەڵام بەداخەوە لە دادگای فیدڕاڵی پێچەوانەكەیم بینی.

سێیەم: دەستووری هەمیشەیی عێراق یەكێكە لەو دەستوورانەی كە پێویستی بەوە هەیە كە ئەگەر هەموار بكرێتەوە، كۆمەڵێك ڕێكاری پێویستە. لەو دەستوورەدا مافەكانی پێكهاتەكان جێگە كراوەتەوە، بەڵام هەستم كردووە كە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی ئاراستەیەكە بەرەو هەمواركردنەوەی دەستوور.

چوارەم: لەبەر ئەوەی یاسای دادگای فیدڕاڵی بەپێی ماددە ٩٢ی دەستوور دەرنەچووە، ئەو دادگایەی ئێستای عێراق بەپێی یاسایەكەوە دروستكراوە كە پێش نووسینەوەی دەستوور دەركراوە، تەنیا دوو نوێنەری بۆ هەرێمی كوردستان لەو دادگایە هەبوون، بەڵام لەبەر ئەوەی بڕیارەكان بە زۆرینە دەردەكران، بۆیە نەماندەتوانی كاریگەری لەسەر بڕیارەكان بكەین.

لە كۆتاییشدا رای گەیاند: ”من لەبەر هەموو ئەو هۆكارانە، لە ڕوانگەی هەستكردنم بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە گەلی هەرێمی كوردستان بە تەواوی پێكهاتەكانیەوە و لەبەردەم دامەزراوەكانی و قەوارە دەستوورییەكەی، كشانەوەی خۆم لە ئەندامێتیی دادگای باڵای فیدڕاڵی رادەگەیەنم، چونكە بەهۆی ئەو هۆكارانەوە نەمتوانیوە ئەو ئامانجانەم وەدی بهێنم كە لەپێناویدا لە دادگاكە دەست بەكار بووم و بەهۆی گۆڕانی ئاراستەكانی دادگاكە.“

عەبدولڕەحمان سلێمان زێباری، لە دایكبووی ١٩٧٢ی دهۆكە، دكتۆرای لە یاسای دەستووری هەیە، لە ٢٠٢١ەوە ئەندامی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراقە.




دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی و محەممەد حەلبووسی کۆبوونەوە

SATURDAY, 27 APRIL 2024 23:04:01

بەغدا-KDP.info- ئەمشەو لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەددومی عێراقی کۆبووەوە.

 

ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، یەکێتی ئەوروپا، ئیمارات و یەمەن سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکەن

SATURDAY, 27 APRIL 2024 22:04:28

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی ھەینی ٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٤، کێڵگەی غازی کۆرمۆر بۆردوومان کراو جیا لە کوشتنی چوار کارمەندی بیانی، زیانێکی زۆریش بە کێلگەکە کەوت، دوای ھێرشەکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھاتووەتە سەرخەت و پێیان وایە ئەوەی کراوە پێشھاتێکی مەترسیدارە.

 

نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوە

SATURDAY, 27 APRIL 2024 21:04:08

بەغدا-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى به‌رده‌وامیى گفتوگۆى بنیاتنه‌رى تایبه‌ت به‌ پرسه‌ هاوبه‌شه‌كانى نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تى عێراقى فیدڕاڵ و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

SATURDAY, 27 APRIL 2024 17:04:04

بەغدا-KDP.info-  کەمێک پێش ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە بەغدا.

"320 ھەزار ھاوڵاتی لە داشکانی قەرزی ئاو سوودمەند بوونە"

SATURDAY, 27 APRIL 2024 16:04:08

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێم زانیاری دا، پێشتر بەھۆی بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، 320 ھەزار ھاوبەشی ئاو لە داشکاندنی قەرزی کرێی ئاو سوودمەندبوونە..دەشڵێت، لە بڕیاری نوێدا رێژەی داشکانی قەرزی ئاو زیاد کراوە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact