هەولێر-KDP.info- نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەلەمان، لە ڕوونكردنەوەیەكدا سەرلەبەری راپۆرتێكی ئینستیتوتی "پەی" رەت دەكاتەوە و ڕایدەگەیێنێت: "كرۆكی ڕاپۆرتەكە شێواندنی راستییەكانە و لادانە لە كاری رێكخراوەیی، بۆیە دڵنیاین گەلی كوردستان لەوە هۆشیارترن و نایەنە ژێر باری ئەو جۆرە راپۆرتە چەواشەكاریانەوە".
ئەمەیش دەقەكەیەتی:
روونكردنەوەیەك لە نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەلەمانەوە
لەبارەی دواڕاپۆرتی رێكخراوی "پەی"
ئینستتیوتی "پەی" بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە ٩ـی ئەم مانگەدا گوایە راپۆرتێكی چاودێری لەسەر كارەكانی پەرلەمانی كوردستان بڵاو كردووەتەوە، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەوەندەی ئەو راپۆرتە شێواندنی راستییەكان و لادانە لەكاری راستەقینەی رێكخراوە ناحكوومییەكان، نیو ئەوەندە پیشەییانە مامەڵەی لەگەڵ كرۆكی باسەكە و لێكۆڵینەوەی زانستیی پرسەكەدا نەكردووە و تەنانەت دەسەڵات و چوارچێوەی كاری رێكخراوەیی بەزاندووە و لە پێناو بەجێگەیاندنی مەرامێكی سیاسی، هەموو بنەما پیشەییەكانی كاری رێكخراوەیی فەرامۆش كردووە.
ئەو رێكخراوە لەبری ئەوەی كار لە سنووری یاسادانان و چاودێری بكات كە كرۆكی بابەتەكەیە و بۆچوون و شیكار و تەنانەت رەخنەكانیشی بەدیار بخات، هاتووە خۆی لە پرسی ئیداری و كارگێڕیی پەرلەمان هەڵقورتاندووە كە لە هەموو دنیادا ئەو پرسە تایبەتە بە كاری پەرلەمان نەوەك ئەو جۆرە رێكخراوانە.
بابەتی كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكان و دانیشتنەكانی پەرلەمان و هەوڵدان بۆ بچووككردنەوە و بایەخی پەرلەمان، هەوڵدانە بۆ خزمەتكردنی مەرامێكی سیاسیی دیاریكراو بە تایبەت كە رێكخراوی "پەی" ئاماژە بە ڕووداوەكانی دوای ١٢ـی تشرینی یەكەم دەكات بێ ئەوەی بێت و پەی بە راستییەكان ببات و رۆژەڤی رەوتی رووداوەكانی بەر لەو مێژووە وەك خۆی هەڵداتەوە و راپۆرتەكەیشی لە سلێمانی نیشانی سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان دابوو بە بیانووی ئەوەی دوو لە سێ ئەندامی سەرۆكایەتی پەرلەمان واژۆی بكەن، بەڵام سەرۆكی رێكخراوەكە دڵنیا دەكەینەوە ئەگەر رووی لە نووسینگەكەمان كردایە نەوەك هەر راپۆرتەكەی لێ وەرنەدەگیرا، بەڵكە پێشوازیش لە خاوەنەكەی نەدەكرا، چونكە نەفەسی نووسینەوەی راپۆرتەكە و ئامانج و شێوازی كاركردنی خاوەنەكەی لەسەری، وەك رۆژی روون دیارە كە چەند سیاسییە و لە خزمەت مەرام و بۆچوونێكی سیاسیدایە و، هەرگیز پیشەییبوونی خۆی لەم راپۆرتەدا نەسەلماندووە.
هەر بۆیە دووپاتی دەكەینەوە كە ئێمە ئەو راپۆرتە سەرلەبەری رەت دەكەینەوە و دڵنیاین گەلی كوردستان لەوە هۆشیارترن و نایەنە ژێر باری ئەو جۆرە راپۆرتە چەواشەكاریانەوە.
نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان
١٢/١١/٢٠١٥