Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 24 NOV 2024 13:15 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

دکتۆر ئاشتی هەورامی: ئەو كارەی بە رێنمایی بەڕێز نەوشیروان مستەفا كرابوو هەڕاجكردنی سامانی كوردستان بوو
| Rudaw


وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، وردەكاری گرێبەستێكی گەورە ئاشكرا دەكات كە دەڵێ كاتی خۆی بە رێنمایی و پشتیوانی نەوشیروان مستەفا كراوەو، بەهۆی ئەو گرێبەستەوە خاك و سامانی نەوتی و داهاتێكی زۆر بەفیڕۆچووبوو و دوای ئەوەی ئەو لەساڵی 2006 لە كابینەی پێنجەمدا لە كوردستان بووە وەزیر ، ئەو هەڵانەی گرێبەستەكانی راستكردەوەو، ئەو بەشە شاراوانەی بۆ چەند كەسێك دانرابوون دۆزیەوەو بۆ حكومەتی گەڕاندنەوە. هەروەها نامەیەك ئاشكرا دەكات كە دەڵێ دەگوترێ  بەرپرسێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بۆ حوسێن شەهرستانی ناردووە بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ شەهرستانی دژی سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا حوسێن شەهرستانی بەوە ناسراوە لەلای خەڵكی كوردستان كە دژی ئەوەیە هەرێمی كوردستان مافی گرێبەستكردن و بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی هەبێت. لێرەدا دەقی نامەكەش بە كوردی بڵاودەكەینەوە كە ئاشتی هەورامی داویەتی بە (رووداو).

 

رووداو: ئێوە لەو روونكردنەوەیەی لە 14/8/2012 دا بڵاوتانكردەوە نووسیبووتان، گرێبەستێكتان گۆڕی كە بە ئاسانكاری و راسپاردەی نەوشیروان مستەفا كرابوو بۆ ئەو كۆمپانیایەی لە روونكردنەوەكەتاندا باستانكردبوو، ئێوە گرێبەستەكەتان باشتركرد یان هەر رێژەی 5%تان لادا كە بۆ دوو كەس تەرخانكرابوو؟

ئاشتی هەورامی: نەخێر ئێمە گۆڕانكارییەكی  زۆرمان لە گرێبەستەكە و زەوییە تەرخانكراوەكەیدا كرد. بەڕاستی ئەو گرێبەستەی كە لەسەر داوای بەڕێز نەوشیروان مستەفا كرابوو ئەوەندە نەشارەزایانە و نەزانانە كرابوو كە لە یەك كاتدا مایەی پێكەنین و گریان بوو. زەوییەكی زۆر لە سلێمانییەوە تاوەكو گەرمیان، لە كەلار و باوەنور درابووە ئەو كۆمپانیایە ، كە ئەو رووبەرە زۆر فراوانە هەمووی بە یەك گرێبەست درابووە ئەو كۆمپانیایە بۆ كاری لێگەڕان و دۆزینەوەی نەوت و بەرهەمهێنانی . بەڵام دوای دەستبەكاربوونم لەساڵی 2006 لە كوردستان وەك وەزیر ، لەو گرێبەستانەی كە هەموارمان كردن و گۆڕانمان تێدا كردن، یەكێكیان ئەو گرێبەستە بوو، كە بەڕاستی زۆر خراپ بوو بەرامبەر سامانی نەوتیی هەرێمی كوردستان و زۆر شتی گوماناوی خرابووە پاڵەوە. ئەو گرێبەستەش بە راسپاردە و پشتیوانی نەوشیروان مستەفا كرابوو. هیچ تاوانێكی كۆمپانیاكە لەوەدا نەبوو، بەڵكو كەموكوڕییەكە لە گفتوگۆ و شێوەی گرێبەستەكەدا بووە. لەو گرێبەستەدا هەموو ئەو ناوچە فراوانە بە یەك گرێبەست درابووە یەك كۆمپانیا. باشە ئەوەیە دڵسۆزی بۆ سلێمانی و پارێزگای سلێمانی و سامانی كوردستان كە هەندێ بەرپرسی گۆڕان و بەڕێز نەوشیروان مستەفا باسیدەكەن؟ بەڕێز نەوشیروان مستەفا كە وەك شارەزایەكی ئابووری و وەك بڕیادەری یەكەم، ئەوكات لەو ناوچەیەدا تەماشاكراوەو كاری هەڵسوڕاندووە، جێگەی پرسیارە چۆن ئەو كارە لەژێر سەرپەرشتی و بەپشتیوانی ئەو كراوە. ئێستاش كە ئێمە ئەو هەڵانەمان راستكردوونەتەوە كە چەندان ملیار دۆلار تەنیا لە قۆناغەكانی سەرەتایی گرێبەستكردندا بۆ كوردستان دەگێڕێتەوە، لەجیاتی ئەوەی دەستخۆشیمان لێبكەن، هەڵمەتێك بۆ رەشكردنی كار و سیاسەتی نەوتیی ئێمە دەكەن، ئەویش بە پێچەوانەكردنەوەی زانیارییەكان بۆ خەڵك.

رووداو: بۆچی خراپە ناوچەیەكی زۆر بدرێتە كۆمپانیایەك بۆ لێگەڕان، باشترە زۆرترین گرێبەست لەگەڵ زۆرترین كۆمپانیادا بكرێن؟

ئاشتی هەورامی : بەڵێ بێگومان ، دەرفەت بدەن روونیدەكەمەوە هەڵەكانی ئەو گرێبەستە لەچیدا بوون و ئێمە چۆنمان گۆڕی. ئەو ناوچەیەی كە درابووە ئەو كۆمپانیایە، ئێمە كردمانە چوار ناوچەی گرێبەستكردن و لەگەڵ پێنج كۆمپانیا، گرێبەستمان بۆ كرد. واتە ئەو زەوییە بە چوار گرێبەست درایە 5 كۆمپانیا لەجیاتی یەك كۆمپانیا و یەك گرێبەست كە لەژێر چاودێری و رێنمایی بەڕێز نەوشیروان مستەفادا كرابوو. ئەوان هەموو گرێبەستەكەیان بەو ناوچە زۆرەوە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەدا كردبوو بە 5 ملیۆن دۆلار بۆنەس (شیرینی یاخود بەخشین و بەخشین بۆ پڕۆژەكانی ژێرخانی كوردستان) ، كە پێیدەڵێن سیگنیچەر بۆنەس. ئێمە دوای ئەوەی ناچەكەمان كردە چوار ناوچەی كار تێداكردن، گرێبەستمان لەگەڵ پێنج كۆمپانیا بۆكرد، بەوشێوەیە داهات و پڕۆژەی زۆر زیاتری لێكەوتەوەو لێدەكەوێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، كە هەر بەراورد ناكرێت لەگەڵ گرێبەستە كۆنەكەدا. لەجیاتی 5 ملیۆن دۆلار بۆنەس، 500 ملیۆن دۆلار دەهێنێ بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەس و ئەنجامدانی پڕۆژە بۆ هەرێمی كوردستان. واتە 100جار زیاتر لەو گرێبەستەی پێشتر بە رێنمایی و لەژێر چاودێری بەڕێز نەوشیروان مستەفا لەگەڵ كۆمپانیاكەدا كرابوو. هەروەها ئەو گرێبەستە كە بە تەوجیهاتی نەوشیروان مستەفا كرابوو، هاوبەشی لە رێژەی داهات و قازانجی كۆمپانیاكەش سێ جار زۆرتربوو لەوەی ئێمە ئێستا داومانەتە هەر پێنج كۆمپانیاكە پێكەوە، لە هەمان ئەو ناوچەیەدا. ئێستا رێژەی كۆمپانیاكە لە 10% كەمترە، بەڵام لە گرێبەستە كۆنەكەدا لە 30% زیاتر بوو، ئەو ناوچەیەش كە پێیدرابوو، چوار ئەوەندەبوو كە ئێمە پێماندا. ئەگەر هەرێمی كوردستان بەپێی رێنماییەكان و شارەزایی بەڕێز نەوشیروان مستەفای بكردبا، هەموو ئەو ناوچانەی كوردستان كە بۆ گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت دیاریكراون لە هەرێمی كوردستان ، بەشی 8 گرێبەستیان دەكرد، كە ئێمە تائێستا 50 گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیاكاندا كردووە.

رووداو : خراپی ئەوە لەچیدایە؟

ئاشتی هەورامی: خراپییەكەی لەوەدایە رێژەی هاوبەشی بۆ كۆمپانیاكان زیاد دەكات ، بەش و رێژەی حكومەت كەمدەكاتەوە، هەروەها بواری كێبركێ لە  هەرێمی كوردستاندا كەمدەكاتەوە لەنێوان كۆمپانیاكاندا، بۆنەس و بەخشین و بەخشینی كۆمپانیاكانیش بۆ پڕۆژەكانی ژێرخانی كوردستان كەمدەكاتەوە. ئەگەر ئەو شێوە گرێبەستانەی وەك ئەوەی بە راسپاردەی بەڕێز نەوشیروان مستەفا كرابوون بەردەوامبوونایە ، ئێستا هەرێمی كوردستان كەوتبووە ژێرباری بەهەدەردانێكی گەورەی سامانی سروشتییەوە. ئەوان هەندێجار وەك دروشمێكی سیاسی دەڵێن كوردستانیان فرۆشت. بەبێ ئەوەی تەماشا بكەن كە ئەو گرێبەستانەی ئێمە كردوومانن بەپێی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان كراون، بەڵام بەڕاستی ئەو كارەی بە رێنمایی بەڕێز نەوشیروان مستەفا كرابوو هەڕاجكردنی خاك و سامانی كوردستان بوو. ئێستا كە ئەوەندە داهاتمان زیادكردووە بۆچی دەڵێن خراپمان كردووە؟ بەڕاستی ئەگەر كارەكە بەوشێوەیە لەژێر سەرپەرشتی بەڕێز نەوشیروان مستەفادا بەردەوامبووایە سامانی نەوتیی هەرێمی كوردستانی وێراندەبوو.  لەو گرێبەستەی بە رێنمایی ئەو كراوە، سێ ئەوەندەی لە گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە ، قازانج و داهاتی فرۆشتنی نەوت دراوەتە كۆمپانیا. هەروەها ئەو رێژەی 5%یەی وەك بەش لە گرێبەست و نەوتی ئەو هەموو ناوچە زۆرەی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان درابووە كەسێكی كورد و كەسێكی عێراقی ئەویشمان لادا و خستمانەوە سەر رێژەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گێڕامانەوە بۆ خەڵكی كوردستان لەجیاتی ئەوەی بە شاراوەیی بۆ دوو كەس بچێت . پرسیار ئەوەیە باشە ئەو رێژەیە بۆچی درابووە ئەو دوو كەسە؟ ئەوەی زۆرتریش مایەی سەرنج و سەرسوڕمان و گومانی زیاترە ، ئەو رێژەیە لە گرێبەستەكەدا شاراوەبوو و ئێمە كەشفمان كرد. باشە ئەو رێژەیە بۆچی دانرابوو؟ بۆچی بەشاراوەیی دانرابوو؟ ئایا پارەش بۆ ئەو گرێبەستكردنە درابوو؟ ئەوانەش پرسیاری دیكەن. هەروەها ئەگەر گرێبەستەكانی دیكەمان بەپێی ئەو نموونەیە بكردبان، لەجیاتی 5ملیار دۆلار كە بە پارە و پڕۆژە بۆ كوردستان بەدەستدێن، تەنیا 40 ملیۆن دۆلار لەو هەموو گرێبەستانە بە بۆنەس و پڕۆژە بۆ كوردستان دەبوون، بەڵام پارەیەكی زۆر بەشاراوەیی دەچووە گیرفانی چەند كەسێكەوە بەدرێژایی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستاندا.

رووداو: ئایا گرێبەستی دیكەش هەن كە ئەوكات بە رێنمایی نەوشیروان مستەفا كرابن، ئەگەر هەیە ئەوان چۆن بوون؟

ئاشتی هەورامی: بەڵێ هەندێ گرێبەستی دیكەش هەبوون كە كاتی خۆی بەڕێز نەوشیروان مستەفا لە سلێمانی كەسی بڕیاردەری یەكەم بووە لە سنووری ئیدارەی سلێمانی، لەگەڵ هەندێ كۆمپانیای بچووكدا كرابوون، كە لە هەندێ لەو گرێبەستانەدا بەشاراوەیی و لە پشتەوە رێژەی 20% بۆ هەندێ كەس دانرابوو، ئێمە ئەو رێژانەمان دۆزینەوەو بەپێی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان هەموومان خستنەوە سەر رێژەی حكومەت. بەڵام نازانم كاك نەوشیروان بۆچی بێدەنگ بووە بەرامبەر ئەو رێژە شاراوانە. بۆچی كە ئەو رێژە شاراوانەمان لادان، دەستخۆشی لێنەكردین.

رووداو: رەخنەی ئەوە لە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەگیرێت كە گرێبەستی هاوبەشی حكومەت و كۆمپانیاكانن، نەك گرێبەستی خزمەتگوزاری هەروەك لە عێراق دەكرێن؟

ئاشتی هەورامی: ئێمە ئەو گرێبەستانە بەپێی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان دەكەین. بەپێی مادەی 37ی ئەو یاسایە، دەبێ گرێبەستەكان گرێبەستی هاوبەش (شراكە) بن. ئەو یاسایەش دوای هەشت دانیشتنی پەرلەمان، بەكۆی دەنگی 111 ئەندامی پەرلەمان دەرچوو، كە چەند پەرلەمانتاری سەر بە باڵی نەوشیروان مستەفا و ئێستای گۆڕانیش تێیدابوون. ئەو گرێبەستانەی ئێمە كردوومانن بەپێی پێوەرەكانی ناو ئەو یاسایە كراون. ئێمە بەرهەمهێنانی نەوتمان نەبووە، تاوەكو گرێبەستی خزمەتگوزاری بۆ پڕۆژە نەوتییەكان بكەین، هەروەها ئەو پارەیەشمان نەبووە كە ئەو گرێبەستانە بكەین. ئینجا بارودۆخی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستان جیاوازە. وەك ئەوەیە ، لە دووكانێك زێڕ بفرۆشی لە شوێنێكی دیكەش بچی بڵێی بڕۆن لەو شاخە زێڕم بۆ دەربێنن، لەكاتێكدا دیار نەبێ زێڕی تێدایە یان نا، ئینجا ئەگەر دۆزیانەوە بەشێكی بدەی بەوەی دەیدۆزێتەوە. كێڵگە نەوتییەكانی عێراق هەموویان كاتی خۆی كاری بەدواداگەڕان و دۆزینەوەیان بۆ كراوە، ئێستا نەوتەكەی ئەوان نەوتێكی دۆزراوەیە، بەدواداگەڕانی پێویست نییە، تەنیا دابینكردنی خزمەتگوزاری و پێویستییەكانی بەرهەمهێنانیان پێویستە.

رووداو: رەخنەیەكی دیكە كە بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیگرێت ئەوەیە كە پاڵاوگە نەوتییەكان دراونەتە كەرتی تایبەت، بەڵام مووچەی پاسەوان و كارمەندەكانیان لەسەر حكومەتە، ئایا ئەوە راستە؟

ئاشتی هەورامی: ئەوە رەخنەیەكی بێ بنەمایە، هەر شتێك و بەڵگەیەكی بەوشێوەیە هەبێ ئێمە لە رێگەی یاساوە لێپێچینەوەی لێدەكەین، هەركەسێكیش بەڵگەیەكی لەسەر ئەوە هەیە با پێمانبڵێت. ژمارەیەكی زۆر پاڵاوگەی بچووك لە هەرێمی كوردستان هەن، ئەوانە كۆنن و پێش دەرچوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان دامەزراون، زیاتریش بۆ ئەو بەرهەمە نەوتییە دامەزران كە لە عێراقەوە دەهات. دەگوترێ خاوەنی یەكێك لەو پاڵاوگانەش پەرلەمانتارێكی گۆڕانە لە پەرلەمانی كوردستان. ئێمە كاتی خۆی بڕیاری داخستن یان پێشخستنی پاڵاوگە بچووكەكانماندا و بڕیارماندا هاتووچۆی تانكەرەكان كەمبكرێتەوە، كە چوومە لای بەڕێز نەوشیروان مستەفا و باسی ئەوەمان كرد، پێیگوتم خەڵكێكی زۆر كە شوفێری تانكەرەكانن و لەو پاڵاوگانە كاردەكەن ماڵ و منداڵیان بەو داهاتە بەخێودەكەن و باش نییە نانبڕاو ببن. هەروەها پێمگوت لە كوێ گومانت لەسەر داهاتی نەوت هەیە، ئەویش گوتی وادیارە خۆت پاكی و زەمیرت مورتاحە بەرامبەر كارەكانت. پێمگوت ئەی بۆچی ئەوە لە تەلەڤزیۆن بە خەڵك ناڵێی بۆ ئەوەی خەڵك راستییەكەی بۆ دەربكەوێ و بڵێن كاك نەوشیروان كەسێكی مونسیفە. ئەویش گوتی من چۆن دەچم چاكەی حكومەتێك باسدەكەم كە خۆم دەمەوێ بیڕووخێنم. منیش پێمگوت بە سیاسەتێكی بەوشێوەیە، منی بێلایەن و ئەوانەی وەك منن دەنگت پێنادەن. هەندێ لە بەرپرسانی گۆڕان زۆر شت لەسەر داهاتی نەوت دەڵێن كە خۆیان باش دەزانن ئەوە راست نییە. بەڵام ئەوان هەر دەیانەوێ شتی نادروست بە خەڵك بڵێن و چەواشەی بكەن، بێگومان دوژمنانی كوردیش زۆر دڵیان بەوە خۆشە . بەبێ ئەوەی بزانن بەهۆی ئەو سیاسەتە نەوتییەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ كوردستان بە كەركووكیشەوە بەبێ منەتی بەغدا خاوەن كارەبایەكی زۆرە، پڕۆژەكانی ئاو لە كوردستان بەدەوام كاردەكەن، سووتەمەنی بۆ خەڵك دابینكراوە، تەنانەت ئەمساڵ لەو چوار بەرمیلە نەوتە سپییەی دەدرێتە خەڵكی گوندەكان و لەو سێ بەرمیل نەوتەی دەدرێتە خەڵكی شارەكانی هەرێمی كوردستان یەكێكیان بەخۆڕایی دەدرێتە خەڵك و هەموویشی لە بەرهەمی هەرێمی كوردستانە. بەڵام هەندێ لە بەرپرسانی گۆڕان و راگەیاندنەكەی ناچن رەخنە لە حكومەتی عێراق بگرن كە بایی ملیارەها دۆلاری لە بەشی سووتەمەنی هەرێمی كوردستان بردووە لەو چەند ساڵەی دواییدا، كە دەبێ لەو 700 هەزار بەرمیلەی رۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆیی دەیپاڵێوێت، 135هەزار بەرمیل رۆژانە بداتە هەرێمی كوردستان، كەچی تەنیا 15 هەزار بەرمیل بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، لەكاتێكدا پێداویستی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان دەگاتە 120 هەزار بەرمیل سووتەمەنی رۆژانە. بەڵام ئەوان تەنیا مەبەستیانە هێرشبكەنە سەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، باشە ئەوە لە بەرژەوەندی كێدایە؟ ئەوەی جێگەی خۆشحالییە هەموو ئۆپۆزیسیۆن هەڵوێستی وەك گۆڕان نییە و هەموو رۆژنامەكان و راگەیاندنیش هەڵوێستی وەك راگەیاندنی گۆڕان نییە.

رووداو: ئێوە لە روونكردنەوەكەتاندا باسی ئەوەتان كردووە گوایە بزووتنەوەی گۆڕان داوای وێنەی مانگە دەستكردەكانی كردووە دەربارەی ئەو دەروازانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی لێوە دەنێرێتە دەرەوە تاوەكو لە راگەیاندنی خۆیاندا بڵاوی بكاتەوە، هیچ بەڵگەیەكتان بۆ ئەوە هەیە؟

ئاشتی هەورامی: بەڵێ، ئەو نامەیە كە دەگوترێ لەلایەن سەركردەیەكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕانەوە بۆ شەهرستانی نێردراوە، ئەوكاتە نێردراوە كە وەزیری نەوت بوو لە كابینەی پێشووی حكومەتی عێراقدا. ئەو نامەیە و داواكارییەكانی ناوی بەداخەوە هیچی كەمتر نین لە سیخوڕیكردنی ژێراوژێری لەسەر كوردستان، كە ئەوە بەهیچ شێوەیەك نابێ لە هیچ كەسێكی نیشتمانپەروەر و هیچ لایەن و حیزبێكی كوردستان بوەشێتەوە. بەڕاستی سیاسەتی دژایەتیكردنی پرۆسەی نەوتی و سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان زۆر لەمێژە لەلایەن هەندێ بەرپرسی گۆڕانەوە دەستیپێكردووە. لێرەدا داوا لە خەڵك دەكەین بەراوردێك بكەن لە نێوان كاری ئێمە لەو خزمەتگوزاریانەی بۆ خەڵك دابینمانكردوون سەرەڕای هەڕەشەكانی حكومەتی عێراق و دژایەتی ئەوان بۆ سیاسەتی نەوتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە دەیەوێ لەڕووی وزەوە پێویستی بە كەس نەمێنێ . لەو نامەیەی كە بۆ حوسێن شەهرستانی نێردراوە، دیارە كە دوای دیدارێك بووە لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و حوسێن شەهرستانی، هەروەك لە نامەكەدا باسكراوە نامە گۆڕینەوەكەش لە رێگەی ئیمەیل و دكتۆر حەیدەرەوە بووە. لەو نامەیەدا داوا لە شەهرستانی كراوە كە یارمەتی بزووتنەوەی گۆڕان بدات بۆ ئەوەی لە سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان بدەن و خۆیانی پێ دەرباز بكەن لەو داوا یاساییانەی كە ئەوكات لەسەریان تۆماركرابوون. هەروەها لەوێدا شانازی بەوە دەكرێت كە ئەو رەخنەگرتنەی لە كەمكردنەوەی بەشی هەرێمی كوردستان لە سووتەمەنی لەلایەن بەغداوە هەبووە،  توانیویانە پێچەوانە هەڵیبگێڕنەوە دژی من. واتە رەخنەگرتن لە كەمكردنی مافی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە سووتەمەنی بە گۆڕینی بە هێرشێكی ناڕەوا بە ئامانجی خۆیان دەزانن، بەوشێوەیەش بەلای ئەوانەوە هیچ نییە كە لە مافی هەرێمی كوردستان كەمبكرێتەوە. تائێستاش راگەیاندنی  گۆڕان هیچی لەسەر بڕینی سووتەمەنی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە نەكردووە.

رووداو: بەڵام لەو نامەیەدا باسی ئەوەش دەكرێت كە ئێوە دەستكاری پشكەكانتان كردووە لە بۆرسەی نەرویج و بازرگانی دەكەن، هەروەها پیشتریش بڵاوكرایەوە كە ئێوە دوای ئەوەی بوونەتە وەزیر خانووێكتان بە 6 ملیۆن دۆلار لە بەریتانیا كڕیوە؟

ئاشتی هەورامی: دەربارەی ئەوەی كە من پشكم هەبێ لە بۆرسەی نەرویج یان كۆمپانیا نەوتییە نەرویجییەكاندا كە لە كوردستان كاردەكەن، نادروستییەكەی بە تەواوی بۆ هەموو لایەك روونبووەوە. ئەوەتا لەو نامەیەشدا داوا لە شەهرستانی دەكەن كە بەڵگەیان بدەنێ لەوبارەوە ئەگەر هەیانبێ، بەڵام شەهرستانی نەیتوانیوە هیچ بەڵگەیەك بدات، چونكە هەمووی درۆبوو. سەبارەت بەو خانووەش كە كاتی خۆی لە رۆژنامەی (هاوڵاتی) بڵاویانكردەوەو نووسیبوویان دوای ئەوەی بوومە وەزیر بە پارەی نەوت كڕیومە، هەمووی درۆیە. ئەو خانووەم ساڵی 1996 لە بەریتانیا كڕیوە، واتە 10 ساڵ پێش ئەوەی بێمەوە كوردستان كاربكەم . من لە بەریتانیا كاری زۆر گەورە و سەركەوتووم هەبوو. ئێستاش تەحەدا دەكەم یەك كەس هەبێ بتوانێ بە بەڵگەوە بڵێ ئاشتی هەورامی فلان بەش و پشكی بۆخۆی داناوە و فلان لادانی كردووە. هەروەها كاتی خۆی سكاڵام لەسەر رۆژنامەی هاوڵاتی تۆماركردووە، من خۆم تەنازولم لەو داوایە نەكردووەو ناشیكەم، بەڵام هێشتا نازانم بۆچی لە دادگا نەچووەتە پێشەوە. كاتی خۆی كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەڕێز بەرهەم ساڵح پەیوەندییان پێوەكردم بۆ ئەوەی بێم لە كوردستان پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەربگرم، من كارێكی زۆر گەورەم هەبوو لە بەریتانیا، بەڵام پێمگوتن من كاتی خۆی شانازی ئەوەم پێنەبڕاوە كە وەك پێشمەرگە خزمەتی كوردستان بكەم، ئەوە دەرفەتێكە بۆ من وەك پێشمەرگەیەكی ئاوەدانی و پێشخستنی كوردستان كاربكەم، بەڕاستیش بەو رووحییەتەوە هاتمەوە كوردستان، هەر بەوشێوەیەش كار بۆ كوردستان دەكەم.

رووداو: ئێوە لە روونكردنەوەكەتاندا دەڵێن تەنیا 743 ملیۆن دۆلار لەو نزیكەی 5 ملیارەكە بە پارە دراوەتە حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكو ساڵی 2009 بۆ پڕۆژەكردن، ئەوەی دیكە كۆمپانیاكان خۆیان راستەوخۆ دەیكەنە پڕۆژە، بەڵام راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان هەر باسی 5 ملیار دۆلار دەكات كە دەڵێ حكومەت وەریگرتووە، پارەكەی دیكە بە پڕۆژەكردن دەبێ؟

ئاشتی هەورامی : ئێمە كاتی خۆی لەساڵی 2009دا لە كتێبێكدا بەناوی (THE OIL GAS YEAR ) كە پوختەكەی بە كوردی و عەرەبیش بڵاوكرایەوە ، هەروەها لە پەرلەمان و دانیشتنی دیكەشدا روونمانكردەوە كە ئەو پارەیە دووبەشە، بەشی یەكەم بە نەقد دەدرێتە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە 743 ملیۆن دۆلارە و بەشی دووەم كە باقی پارەكەیە 4 ملیار و 220 ملیۆن دۆلارە ، ئەوە بە نەقد نادرێتە حكومەت، بەڵكو كۆمپانیاكان خۆیان پڕۆژە دەكەن بەپێی مەرجەكانی ناو گرێبەستەكان، كە گرنگترینیان ناردنەدەرەوەی نەوتە. هەروەها ئەوەمان زۆر بە وردی بۆ بەڕێز نەوشیروان مستەفاش روونكردەوە، لەكاتی سەردانەكەمان بۆلای ئەو لەسەر داوای بەڕێز سەرۆكی حكومەت. هەروەها ئەوانەی لە بزووتنەوەی گۆڕان لە گرێبەست و ئابووری تێدەگەن دەزانن ئەوەی ئەوان دەیڵێن و هەڵمەت و دژایەتییەكەی پێدەكەن راست نییە، بەڵام بەوشێوەیە دەیانەوێ خەڵك هەڵبخەلەتێنن، بەڕاستیش ئەوە گەورەترین سووكایەتییە بە خەڵكی كوردستان ، كە راگەیاندنی گۆڕان ئەوەندە بە سادە و نەزان تەماشای خەڵك دەكات و رێگە بەخۆی دەدات شتی نادروست بڵێت لەبارەی پرۆسە و سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستانەوە. بۆنموونە 350 ملیۆن لەو 743 ملیۆن دۆلارە، كاتی خۆی لە گەرمیان و پڕۆژەی ئاوی دهۆك خەرجكراوە، كە چۆنیەتی خەرجكردنی لە هەموو پڕۆژەكان دەدەینە پەرلەمان. لەبەرئەوەی رێژە هەرە گەورەكە بە پارە نادرێتە حكومەت، بۆیە بەڕێز د.بەرهەم لە پەرلەمان گوتی خۆزگە ئەو پارەیەمان لەبەردەستبووایە تاوەكو بەخۆمان بمانكردبا بە پڕۆژە.

رووداو: جگە لە 350 ملیۆنەكە، باقی 743 ملیۆن دۆلارەكە لە كام پڕۆژەی دیكە خەرج كراوە؟

ئاشتی هەورامی: هەموو ئەو پڕۆژانە ئەوكاتە نەكراون كە من بوومەتە وەزیر. هەروەها ئەوكات داهاتەكانیش بەسەر هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێردا دابەشدەكرا بۆ پڕۆژەكردن، لەوەی ئیدارەی سلێمانیش ، وەك بەرپرسانی گەورە دەڵێن ئەوكات بەڕێز نەوشیروان مستەفا قسەی لەسەرووی قسەی حكومەتیشەوە بووە، دەگوترێ هەندێ پڕۆژەی ئەوكات دیارنین لە ئیدارەی سلێمانی. دەكرێ ئەو پرسیارە لە كاك نەوشیروانیش بكرێت ئایا هیچ لەو پارەیەی بۆ دروستكردنی ژێرخانی بزووتنەوەكەی بەكارنەهێناوە. بەگشتی ئێمە چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارەیە كۆدەكەینەوەو دەیبەینە پەرلەمان.

رووداو: KNN لە راپۆرتێكدا دەڵێ ، لەو گرێبەستانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامیداون، لە 40 گرێبەستدا تەنیا 20%ی داهات بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانە ، ئەوەی دیكە 40% بۆ كۆمپانیا بیانییەكانە و ئەوەی دیكەش بۆ كۆمپانیا ناوخۆییەكانە، كە كۆمپانیای بەرپرسانی پارتی و یەكێتییە، ئایا ئەوە راستە، ئەگەر وانییە رێژەكان چۆنن؟

ئاشتی هەورامی: هەركەسێك خوێندەواری هەبێت بە یەكەم چاوخشاندن بە گرێبەستەكاندا بۆی دەردەكەوێت كە ئەو قسانە درۆن. ئەو رێژانەی ئەوان باسیدەكەن هیچیان راست نین بۆیەش هیچ كەسێكی خوێندەوار بڕوایان پێناكات. رێژەی كۆمپانیاكان لە داهاتی بەرهەمهێنانی نەوت هیچیان لە 10% زیاتر نییە، هەروەها هیچ حیزبێك پشك و رێژەی نییە لە داهاتی نەوتیدا بەپێی ئەو گرێبەستانە، بەڵام وادیارە ئەوان بەپێی پێوەری خۆیان ئەو شتانە دروستدەكەن، كە ئەو كاتەی گرێبەستكردن لەژێر سەرپەرشتی ئەواندا كراون، رێژەی خەیاڵییان داوەتە كۆمپانیاكان و رێژەیان بەشاراوەیی داوەتە كەسانێك، وادەزانن ئێستاش هەروایە. بەڵام ئەو رێژانە لە گرێبەستە كۆنەكان لابردن و لەو گرێبەستانەش كە ئێمە وەك وەزارەت كردوومانن ئەو رێژانە بەهیچ شێوەیەك بوونیان نییە.

رووداو: كاتی خۆی سەردانی نەوشیروان مستەفات كرد، ئایا ئەوكات روونكردنەوەی تەواو پەیامی خۆت پێنەگەیاندن، چونكە ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ ئاگاداری هیچ نییە و شتەكان شاراوەن؟

ئاشتی هەورامی: بەڕێز نەوشیروان مستەفا خۆی لە سەرەتاوە ئاگادار و تەنانەت بڕیاردەر بووە لەسەر بەشێك لە دۆسیەی نەوت لە هەرێمی كوردستان. هەروەها لە دانیشتنەكەشمدا لەگەڵ بەڕێزیان هەموو شتێكم بۆ روونكردەوە، ئێستا دڵنیام لەوەی كە خۆیشی دەزانێ ئەوەی لە راگەیاندنی حیزبەكەیدا باسدەكرێ راست نییە. مەسەلەی نەوت و غاز بە یەكێك لە گەورەترین مەسەلە ستراتیژییەكانی كوردستان دادەنرێت و نابێ بكرێتە مەسەلەیەكی سیاسی حیزبی. من دەزانم گۆڕان دەزانێت سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان سەركەوتووە، بەڵام مەترسییەكەی لەوەدایە بەوهۆیەوە دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی بەهێزتر ببێت، لەبەرئەوە لە روانگەیەكی حیزبییەوە دژایەتی ئەو مەسەلە نیشتمانییە دەكەن. ئەو مەسەلەیە پەیوەندی بە هەموو كوردستانەوە هەیە، گۆڕانیش بەشێكە لە كۆمەڵگەی كوردستان، ئەوانیش بابێنە پێشەوە بەشداربن لەو پرۆسەیەدا و من پێمخۆشە. بەڵام كەس قبوڵ ناكات بەوشێوەیە و وەك رەفتاری ناحەزانی پێشكەوتنی كوردستان بەردەوامبن لە دژایەتیكردنی ئەو پرۆسە نیشتمانییە. داوا لەو بەرپرسانەی گۆڕان دەكەم كە بەشێوەیەكی بە ویژدانانە بیردەكەنەوە، ئەو دژایەتی و چەواشەكردنەی خەڵك دژی سیاسەتی نەوتیی هەرێمی كوردستان رابگرن.

 

بەپێی قسەی وەزیری سامانە سروشتییەكان

جیاوازییەكانی گرێبەستێك كە لەژێر سەرپەرشتی نەوشیروان مستەفادا كرابوو و ئەوان گۆڕییان

 

پێشتر:

هەموو ناوچەكە بە یەك گرێبەست درابووە یەك كۆمپانیا

بە 5 ملیۆن دۆلار شیرینی و بەخشین درابووە یەك كۆمپانیا

%5ی داهاتی بەرهەمهێنانی بەشاراوەیی درابوو بە دوو كەس

قازانجی كۆمپانیاكە 30% بوو

 

  دوای گۆڕینی لەلایەن وەزیرەوە :

ئەو ناوچەیە بە 4 گرێبەست درایە 5 كۆمپانیا

500 ملیۆن دۆلار وەك شیرینی و پڕۆژەی ژێرخانی ئابووری خرایە سەر شانی ئەو كۆمپانیایانە

5%ی رێژە شاراوەكە كەشفكراو گەڕێندرایەوە بۆ حكومەت

قازانجی هەر 5 كۆمپانیاكە لە داهاتی بەرهەمهێنان كەمكرایەوە بۆ 10%ی داهاتی نەوتی ناوچەكە

 

دەقی نامەکە:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

(تەنیا دەدرێتە دەست بەڕێز پایەدار وەزیری نەوت)

برای پایەدار وەزیری نەوت دكتۆر حوسێن شەهرستانی بەڕێز

سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت ...

دوای دانیشتنی دۆستانە و برایانە و رێككەوتن لەگەڵ بەڕێزتان لە رۆژی 23/8 ، داوا لە بەڕێزتان دەكەم كە زانیاری و بەڵگەنامەمان بدەنێ لەبارەی كردەوەكانی بەقاچاخبردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەكان لە هەرێم، ئەگەر لەلاتان هەبن، بۆ ئەوەی پشتییان پێ ببەستین بۆ وەڵامدانەوەی ئەو داوا یاساییانەی لە دژی ئێمە تۆماركراون، كە بیاندەنە دكتۆر حەیدەری برا لە رێگەی پۆستی ئەلیكترۆنییەوە.

لەگەڵ ئەوپەڕی رێزماندا

 

پرسیارەكان:

1- هیچ زانیارییەكتان هەیە دەربارەی گرێبەستەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا بیانییەكان، یان زانیاریتان لەبارەوە هەبن كە بە بەڵگەوەبن.

2-  بەشی هەرێمی كوردستان ساڵانە لە بەرهەمە نەوتییەكان چەندە و ئەو بڕەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەریگرتووە لە ساڵانی رابردوودا كە بە ئامار و خشتە روونكرابێتەوە.

3-  ناوی ئەو كۆمپانیانەی كە گرێبەستی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەكانیان بەدەستهێناوە بۆ هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان و نرخی فرۆشتنی ئەو بەرهەمە نەوتییانە.

4 -حكومەتی فیدرالی چەند پاڵاوگەیەكی لە هەرێمی كوردستان دروستكردوون دەكرێ قەبارەی ئەو پاڵاوگانە و ئەو پارەیەی لێیان خەرجكراوە و چۆن داهاتەكانیان كەوتنە دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەكرێ ئەو پاڵاوگانەی داوەتە كۆمپانیاكانی سەر بەهەردوو حیزبەكە لە هەولێر و بەغدا.

5-   ئاشكرایە كە وەزیری سەرچاوە سرشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئاشتی هەورامی كار لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكان دەكات و پشكی هەیە لە بۆرسە و یەكێك لە سكانداڵەكانیش لەلایەن رۆژنامەكانەوە بڵاوكرایەوە لەبارەی دەستكاریكردنی پشكەكانی بۆرسەی نەرویج، ئایا دەكرێ بۆ وەزیرێكی هەرێمی كوردستان بازرگانی بكات، لەكاتێكدا دەستووری عێراق رێگە بەو دوو كارە نادات لە یەك كاتدا، هەروەها رێگە نادات پلەی حكومی بۆ ئەوە بەكاربهێنرێت. داوا لە بەڕێزتان دەكەین هەر بەڵگەیەكتان هەیە لەسەر ئەو بابەتە بیدەنە ئێمە لەگەڵ بۆچوونی یاساییتان كە ئایا چ لایەنێك دەتوانێ داوایەكی یاسایی تۆماربكات لەسەر مەسەلەیەك لەبارەی پێشێلكردنی دەستوور؟.

6  - هەڵمەتێك هەیە دژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەلایەن هەردوو حیزبەكە و دەزگاكانی راگەیاندنیان بەهۆی كەمكردنەوەی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ نیوە، لە بەرامبەریشدا رۆژنامە سەربەخۆ ئۆپۆزیسیۆنەكان لە هەرێمی كوردستان هۆكاری ئەوەی گەڕاندەوە بۆ لێدوانەكانی ئاشتی هەورامی، كە تێیدا دەڵێ نەوتی خاو نانێرنە دەرەوە، بەڵكو هەندێ بەرهەمی نەوتی و نەوتی رەش دەنێرنە دەرەوە، كە لە پێداویستی هەرێمی كوردستان زیاترن. لەبەر ئەوەش ئەو مەسەلەیە رەهەندی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی وەردەگرێت و لێكەوتەی زۆری هەیە، تەنانەت پەرلەمانی كوردستانیش و فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ وەزیری سەرچاوە سروشتییەكان و گەورە بەرپرسانی حكومەت كۆبوونەوەو باوەڕیان بە پاساوەكان و وەڵامەكانی حكومەت نەهات و داوای دانیشتنێكی پەرلەمان دەكەن بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتە و ئاشكراكردنی هەموو راستییەكان لەبارەی بەقاچاخبرنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەكان، هەروەها دیدارێكمان لەگەڵ سەرۆكی فەرمانگەی داواكاری گشتی لە سلێمانی كرد، تێیدا دەڵێ ئەوان لێكۆڵینەوە لەبارەی ناردنە دەرەوەی نەوت دەكەن.

7-  ئایا دەتوانرێت بڕی ئەو بەرهەمە نەوتییانە بزانرێت كە دەنێردرێت بۆ ئێران بەشێوەیەكی فەرمی لە رێگەی وەزارەتەكەتانەوە ، چونكە ئەو مەسەلەیە ئەو مشتومڕەی ئێستا یەكلایی دەكاتەوە.

8 -  پێش رووخانی رژێمی پێشوو و دوای ئەوەش كردەوەی بە قاچاخ بردنی نەوتی خاو لە رێگەی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل هەبوو لە زاخۆ و دەگوترێت كە ژمارەی ئەو داهاتەی لەو فرۆشتنەی نەوت دەستكەوتووە لە وەزارەتی نەوت هەیە، كە لە لایەنی توركی وەرگیراون و دەگوترێ ئەو داهاتەی دەستكەوتووە بۆ پارتی دیموكراتی چووە كە ئەو كۆنترۆڵی تەواوەتی ئەو دەروازە گومركییەی دەكرد.

داوا لە بەڕێزتان دەكەین وەڵامی ئەو پرسیارانەمان بدەنەوە بە قبوڵكردن یان بە رەتكردنەوە، هەروەها چاوەڕێی پرسیار و داواكانتان دەكەین لەبارەی ئەو بابەتەوەو، هەربژین وەك پشتیوانێك بۆ هەموو ئەوانەی دژی گەندەڵی و بەهەدەردان و دزینی پارەی گشتین.




دوایین هەواڵەکان

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌وادەى هونه‌رمه‌ند زاهیر عه‌بدوڵڵا ده‌كات

SUNDAY, 24 NOVEMBER 2024 12:11:03

ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پرسەنامەیەکی بۆ كۆچى دواییى هونه‌رمه‌ندى دیارى كوردستان خوالێخۆشبوو زاهیر عه‌بدوڵڵا، ئاراسته‌ى خێزان و كه‌سوكار و هاوكارانى به‌ڕێزى و هونه‌رمه‌ندان و هونه‌ردۆستانى كوردستان كرد.

 
ھیوا ئەحمەد بۆ KDP: ڕێکەوتی سەردانەكە دیاری نەکراوە.. پارتی ئەو مەرجانەی ھەیە

SUNDAY, 24 NOVEMBER 2024 12:11:38

ھەولێر-KDP.info- ھیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ‏‎بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی ئاشکرای دەکات، لە ئایندەیەکی نزیکدا پارتی دەست بە دانوستان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دەکات. دەشڵێ: سەرۆک مەسعوود بارزانی، لە پێنجەمین کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتیی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە 'مێپس' ڕایگەیاند: لە نێوان ھەموو لایەنەکاندا دەست بە گفتوگۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی ھەرچی زووترە پەرلەمان دەستبەکار بێ و ھەنگاوەکانی تریشی بەدوادا بێت، ئومێدەوارین ھەمووتان پشتگیریمان بکەن بۆ ئەوەی لە داھاتوودا (یەک ھەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت و یەک ھێزی پێشمەرگە) لە کوردستان ھەبێت.

 
گوھدار شێخۆ بۆ KDP: گۆڕانكاریەكانی ٢٠٢٥ی زاخۆ دەخاتەڕوو

SUNDAY, 24 NOVEMBER 2024 12:11:51

زاخۆ-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، پڕۆژەیەکی گەشتیاریی تازە لەسەر لێواری خابوور دروست دەکرێت، کە یەکەم پڕۆژە دەبێت لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا و بۆ ساڵی داھاتوو تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتیانەوە، کە دەبێتە مایەی راکێشانی گەشتیاری زیاتری عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بۆ KDP: دەمانەوێ وشەی (ئینفاقی فعلی) لە یاسای بودجەدا نەمێنێت

SUNDAY, 24 NOVEMBER 2024 11:11:08

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەم ھەفتەیەدا پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و یەکێک لە بڕگەکانی کارنامەی کۆبوونەوەکەش، خوێندنەوەی یەکەم بۆ ھەمواری یاسای بودجە دەکرێت، کە ئێمەش کۆمەڵێک داواکاریمان ھەیە، لەوانە پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم و بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان.

 
"پێویستە ھەمووان ھاوکار و پاڵپشتی داواکاریی سەرۆک بارزانی بن"

SUNDAY, 24 NOVEMBER 2024 10:11:18

ھەولێر-KDP.info- پەیوەست بە یەكخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و هەبوونی یەك لە شكری كوردستان و جەخت كردنەوەی سەرۆك بارزانی كە پێویستە یەک ھێزی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت و ھەموو ھێزی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بێت، دوو بەرپرسی پلە باڵای پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێن، پێویستە ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی یەک ھێزی پێشمەرگە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact