خانه‌قین -KDP.info- به‌رپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان له خانه‌قین گوتی "دوای گواستنه‌وه‌ی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سه‌ر مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارتی له كه‌ركوك _ گه‌رمیان، ئاسانكاری باش بۆ ئه‌ندام وكادیرانی ئێمه كرا، ئێمه‌ش له كاركردن و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك به‌رده‌وامین، ئه‌و گردبوونه‌وه‌یەی بڕیاربوو له‌پێناو به‌رژوه‌ندی گشتی لە خانەقین بکرێت، جارێ راگیراوه."
ئه‌كبه‌ر حه‌یده‌ر، به‌رپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان له خانه‌قین، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "دوای دیراسه‌یه‌كی ورد له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی و باره‌گای بارزانی، بڕیاری هەڵوەشانەوەی مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌غدا درا، نزیكترین مه‌كته‌بی ڕێكخستنیش بۆ ئێمه مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ركووك _گه‌رمیانه، ئێستا خانه‌قینیشی بۆ زیاد كراوه، ئێمه‌ش گواستراوینه‌ته‌وه بۆ مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارتی له كه‌ركوك _گه‌رمیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له به‌غدا ناوه‌ندی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌كو ئۆرگانێكی نوێ دامه‌زرا کە ھەڤاڵ (هۆشیار زێباری) به‌رپرسه و له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌كی نوێ به‌هێزه‌وه كار ده‌كه‌ن، ئه‌ركی ئه‌وانیش ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتییه له به‌غدا و دروستكردنی په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌ندروستە له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان، حكوومه‌ت، په‌رله‌مان و كونسولخانهكان، بۆیه بڕیارێكی باش درا."
ئه‌كبه‌ر حه‌یده‌ر گوتیشی "گواستنه‌وه‌ی لقی ئێمه‌ش کارێکی باش بوو، كارەکانمان ئاسانتر دەبن، چونكه کە له‌گه‌ڵ به‌غدا بووین، پێویست بوو نووسراو بۆ به‌غدا بكه‌ین و ئه‌ندام و كادیرانی ئێمه ده‌چوون بۆ به‌غدا، دواتر ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌ولێر بۆ به‌شه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی، به‌ڵام ئێستا كاره‌كان له‌ڕێگه‌ی مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ركوك _گه‌رمیان _خانه‌قین ده‌كرێن."
ده‌شڵێت "ئه‌وانه‌ی له خانه‌قین حاكمن قبوڵی دیموكراسیه‌ت ناكه‌ن، ئه‌گه‌رنا خه‌ڵكی خانه‌قین به‌نیازبوون به‌شێوه‌ی دیموكراسی گردبوونه‌وه بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مادده‌ی 140جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام ئه‌و پرسه به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی دیكه بردرا، ئێمه‌ش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بڕیارمان دا تا كاتێكی دیكه ئه‌و چاڵاكیه ڕابگرین، بۆ ئه‌وه‌ی ئاڵۆزی و پشێوی دروست نه‌بێت."
بڵند ئیبراهیم