هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، د. جەعفەر ئێمینکی، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەگای بەش پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی GIST بۆ توێژینەوەی یاسایی کرد کە پێکهاتبوون لە بەکر عەلی، بەرپرسی ڕێکخراوەکە و هەردی مەحموود، ڕاوێژکاری ڕێکخراو.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە بە ئامادەبوونی ئەڤین هروری و لیزا فەلەکەدین کاکەیی، یاریدەدەرانی بەرپرسی بەش، و لەیلا طه، ئەندامی بەش بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا سەبارەت بە پرسە یاسایی و تەشریعییەکان، بە ئامانجی پشتیوانیکردن لەو یاسایانەی خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

جگە لەوەش، هەڵسەنگاندن بۆ بەشداریی کارای ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دەربارەی وۆرکشۆپ و چالاکییەکانی ڕێکخراوی GIST کرا. هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامیپێدانی ئەم هاوکارییانە و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە داهاتوودا کردەوە.
لە کۆتاییدا، تیمی ڕێکخراوی GIST پێزانین و سوپاسی تایبەتی خۆیان ئاراستەی د. جەعفەر ئێمینکی کرد بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی لە جێبەجێکردن و سەرکەوتنی بەرنامە و پرۆژەکانی ڕێکخراوەکەیان لە هەرێمی کوردستان.
