هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی نوژەنکردنەوەی یاریگەی نێودەوڵەتیی فرەنسۆ هەریری بە خێرایی بەڕێوە دەچێت و پێش کۆتاییهاتنی مانگی داهاتوو یاریگەکە بە تەواوی ئامادە دەبێت بۆ پێشوازیکردن لە یارییە جۆراوجۆرەکان.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "دەست بە پڕۆژەی نوژەنکردنەوەی یاریگەی نێودەوڵەتیی فرەنسۆ هەریری کراوە و کارکردن تێیدا بە شێوازێکی خێرا بەڕێوە دەچێت. نوژەنکردنەوەکە بە هەمان دیزاینی پێشوو ئەنجام دەدرێت و ڕەنگی کورسییەکانیش وەک خۆیان دەمێننەوە، بەڵام تەواوی بەشەکانی جەماوەر، بەشی کەسایەتییە گرنگەکان (VIP) و بەشەکانی دیکەی یاریگەکە بە شێوازێکی زۆر جوان و سەردەمیانە نوژەن دەکرێنەوە."
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، یاریگەی فرەنسۆ هەریری یەکێکە لە ڕەمزە جوان و دیارەکانی شاری هەولێر، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی یاریگەکان و پشتیوانیکردنی کەرتی وەرزش درێغی ناکات و دوای تەواوبوونی کارەکانیش، جەماوەر ئاستی بەرز و شایستەی ئەم نوژەنکردنەوەیە دەبینن.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەی نوژەنکردنەوەی یاریگەی فرەنسۆ هەریری بە ڕاگرتنی دیزاینە ڕەسەنەکەی و بەسەردەمیکردنی تەواوی بەشەکان و پلێتەکانی VIP بەڕێوە دەچێت، ئەمەش لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ژێرخانی وەرزشی و پەرەپێدانی ئەم سیمبولەی پایتەختدا دێت، بۆ ئەوەی پێش کۆتایی مانگی داهاتوو بە تەواوی ئامادە بێت بۆ پێشوازیکردن لە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و پاڵەوانێتییەکانی دیکە.
لە کۆتاییدا پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە، "لە دوای یەکی مانگی داهاتووەوە، یاریگەکە بە تەواوی ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی بێتە ڕاڕەوی پێشوازیکردن لە یارییەکانی داهاتوو و خزمەتکردنی وەرزش دۆستان."
قائید میرۆ