دکتۆر عرفان عەزیز
لەگەڵ کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی هاوپەیمانان، سەرۆک بارزانی دوو پەیامی گرنگی لەبارەی دۆخی ناوچەکەوە هەیە. یەکێک لە پەیامەکان هۆشداری بوو لەوەی، کە دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، دەبێت ئامادەکاری بکرێت بۆ ئەوەی عێراقێکی نوێ ئامادە بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، بەتایبەت بابەتی تیرۆر، چونکە هۆشدارییەکەی ساڵی 2011 سودی نەبوو بۆ دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی عێراق تاوەکو بەهەندی وەربگرن. بۆیە ئێستا، دوای دەیان ساڵ لەو هۆشدارییانە و نەمانی داعش، دەبێت ئەزموونێکی نوێ بێتە ئاراوە، کە هەموولایەک ئەو قۆناغانە تێپەڕێنن کە وەکو مەترسی بۆ ناوچەکە بوون.
سەرۆک بارزانی لە دواین دیداریدا لە کەناڵی شەرقییە، زیاتر لەسەر ئەو بابهته قسە دەکات و دەڵێت، (مەترسیی داعش هێشتا ماوە و ئەگەری سەرهەڵدانەوە و هێرشیان هەیە. گرنگ ئەوەیە ئەم هۆشدارییە بەهەند وەربگیرێت. عێراق دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە، کە دووبارە ڕێککەوتنێکی ئەمنی، سەربازی، ئاسمانی، زەمینی و ئابووری لەگەڵ کوردستاندا بکات، تاوەکو چیتر سیناریۆی ڕابردوو دووبارە نەبێتەوە و داعش هێرش نەكاتەوە سەر ئەو ناوچانەی، کە دەبنە مەترسی لەسەر قۆناغی پاش کشانەوەی هاوپەیمانان.)
پەیامی دووەمی سەرۆک بارزانی، دووبارە لەبارەی قۆناغی پاش کشانەوەی هاوپەیمانانە، ئەمجارە پەیامەکە زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان و عێراقە و دڵنیایی دەدات لە دۆخی ناوچەکە، بەو مەرجەی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەبێت، بەم شێوەیە، (بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ بەغدا و پشت بە هێزی پۆڵایینی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، ڕووبەڕووی هەر مەترسی و هەڕەشەیەک دەبنەوە.) بەجۆرێک کە ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک دەبنەوە، جا ئەم هەڕەشەیە لەژێر ناوی داعش بێت یان هەر ناوی دیکەی هاوشێوە.
ئەوەی لەم پەیامەدا زۆر گرنگە بە روونی ببینرێت، ئەوەیە کە ناوچەکە دەبێت ئامادە بێت بۆ دروستبوونی هەر سیناریۆیەکی دیکە کە مەرج نییە هەر بەناوی داعشەوە بێت، چونکە لە پەیامی سەرۆک بارزانیدا بەڕوونی لێکدانەوە بۆ ئەوە دەکرێت، کە هەڕەشە لە ناوچەکەدا مەرج نییە تەنها لە ژێر ناوی داعشدا خۆی نمایش بکات. بۆ ئەمەش، ئەركی سەرەکیی حکوومەتی عێراق ئەوەیە پەلە بکات لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی خێرای ئەمنی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا، تاوەکو ئەو (560) کیلۆمەترەی بۆشایی ئەمنییە لەنێوان هەردوولادا پڕ بکرێتەوە.
ئێستاش کە بەرەو دانان و ئامادەکاریی بودجەی 2027ی عێراق دەڕۆین، یەکێک لەو خاڵانەی وەکو گرفت ماوەتەوە لەنێوان هەولێر و بەغدادا، بابەتی ژمارەی هەناردەکردنی بەرمیلە نەوتەکانی کوردستانە، کە ئەوان داوا دەکەن کوردستان ڕۆژانە (450) هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانە بکات. بەڵام بینیمان لە ماوەی ڕابردوودا چۆن ههركاتێك گرووپە لەیاسادەرچووەکان ویستوویانە، هێرشیان کردووەتەوە سەر کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان و هەناردەی نەوتیان ڕاگرتووە. بۆیە، ئەگەر لە ئێستاوە حکوومەتی عێراق کار نەكات بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان و نەیانخاتە چوارچێوەیەکی یاساییەوە، ئەوا یەکێک لەو مەترسییانەی سەرۆک بارزانی باسی دەکات دێتە دی، ئەویش دروستکردنی جۆرێک لە نائارامی و پشێوییە کە دواجار ئەمە پێویستی بە پلانێکی تۆکمە و هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. عێراق ئێستا وەک جاران نییە، بە هێرشێکی تیرۆریستییەوە دووبارە شەڕی ساڵی 2014 ناکاتەوە. دۆخەکە گۆڕاوە و گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکەدا ڕووی داوە، نە پشتیوانانی عێراق لە ئاستی هەرێمایەتیدا وەکو خۆیان ماونەتەوە، وەک چۆن ئارەزوو و تمووحی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش وەک جاران نییە کە خۆیان بکەنە قوربانیی سیاسەتی هەڵە لە بەغدا دهبێت ئهم جاره لهبهغداوه بهرپرسیاریهتی ههڵبگیرێت. هەر بۆیە، سەرۆک بارزانی بەڕوونی باس لەوە دەکات کە چەندە هەرێمی کوردستان زیانمەند بوو بەهۆی گوێنەدان بە هۆشدارییەکان كه ڕهنگه ئهم جاره ناوچهكانی دیكهی عێراقیش ببنه قوربانی جهنگ.
ئەوەی دەمێنێتەوە، دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، پەیامی سەرۆک بارزانی دڵنیاکەرەوە بوو بۆ هەموو ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ هێرشکردنەسەر کوردستان. سەرۆک بارزانی بەڕوونی باس لەوە دەکات کە، (پێویستە بزانرێت لە کوردستاندا ژمارەیەکی پێویست لە پێشمەرگە و گیانفیدای وڵات هەن کە بەرگری لە خەڵک و خاکی کوردستان دەکەن و هەر دەستدرێژییەک تێکدەشکێنن. هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە ڕەگی لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا هەیە و زادەی خوێنی شەهیدانە، بەردەوام دەبێت.)
ئەمە باشترین پەیام و جەختکردنەوەیە لەسەر هەڵوێست و پەیامەکانی پێشووی سەرۆک بارزانی، لەوەی کە ئەم گەلە لەم ناوچەیەدا خاوەنی دۆز و قەزییەی خۆیەتی و خۆی نەبەستووەتەوە، بە هیچ هێزێکی دەرەکییەوە و بە توانای خۆی بەرگری لە مافەکانی دەکات.