ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان دەکات و لە پەیامەکەیدا دەڵێت، ئێزگەی دەنگی کوردستان، سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو و گرنگی ھەواڵەکانی شۆڕش و چالاکییەکانی پێشمەرگە بوو.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی فازڵ میرانی.
بەڕێزان بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان.
ڕێز و سڵاو...
لە (٦٣)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی (ئیزگەی دەنگی کوردستان -دەنگی پێشمەرگە و شۆڕشی کوردستان) گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و لە ھەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکەم کە بە درێژایی دەیان ساڵ خزمەتیان لەم دەزگا تێکۆشەرەدا کردووە.
ئیزگەی دەنگی کوردستان، سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو و گرنگی ھەواڵەکانی شۆڕش و چالاکییەکانی پێشمەرگە بوو، سەنگەرێکی ڕاگەیاندنی بەھێز بوو کە شوورەی تەمومژی چەواشەکاریی ڕژێمی دەبەزاند و دەنگوباسی شۆڕش، خەباتی پێشمەرگە و پەیامی ڕەوای نەتەوەکەمانی بە خەڵکی کوردستان لە ھەموو شار و گوندەکان و بە ڕای گشتیی عێراق و ناوچەکە دەگەیاند.
میدیای ئەمڕۆی پارتیمان، کە بووەتە خاوەن سەنگ و سەکۆیەکی دیاری داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و بنیاتنانی داھاتوویەکی گەشتر بۆ نەوەکانمان، ڕەگی بەرھەمداری دەچێتەوە سەر «دەنگی کوردستان» وەک یەکەمین کەناڵی بیستراوی شۆڕش. ئەمەش شانازییەکی گەورەیە بۆ کارمەندانی ئێستای ئێزگەکە و سەرجەم ئەو تێکۆشەرانەی کە بەشێک بوون لەم کاروانە مێژووییە.
ھیوای پێشکەوتنی بەردەوام و سەرکەوتنی زیاتر بۆ (دەنگی کوردستان) دەخوازم.
فازڵ میرانی
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی
٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦