سیدەکان-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی نەخۆشخانەی ٢٥ تەختیی قەزای سیدەکان بە گوژمەی زیاتر لە ٤ ملیار دینار گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و ٩٥٪ی کارەکانی تەواو بووە. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە شێ شەش پڕۆژەی گەورەی دیکەی تەندروستی لە هەولێر، دهۆک، چەمچەماڵ، قەڵادزێ، باتیڤا و پیران لە جێبەجێکردندان."
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، " لەسەر ڕووبەڕی ١٠ هەزار مەتر دووجا نەخۆشخانەی سیدەکانی ٢٥ تەختی دروستکراوە، بە تەواوبوونیشی چیتر دانیشتووانی دەڤەرەکە و گوندەکانی دەوروبەری پێویستیان بە هاتوچۆی شار و پارێزگاکانی تر نابێت و زەحمەتی هاتوچۆ کەم دەبێتەوە."
وەزیری تەندروستی تیشکی خسته سەر ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێت لەنێو نەخۆشخانەکە و گوتی، "فریاکەوتن، تاقیگە، تیشک و سۆنار، نۆرینگەی پزیشکی نەشتەرگەری، مانەوەی نەخۆش و بە چەندان خزمەتگوزاری تر، نەخۆشان و چارەویستان سوودمەند دەبن لە نەخۆشخانەی سیدەکان. گوژمەی تەرخانکراو ٤،٨٢١،٩٧٤،١٥٠ ملیار دینارە، ٩٥٪ـی کارەکانی تەواو کراوە و بەم زووانە دەخرێتە خزمەت دانیشتووانی دەڤەرەکە."
وەزیری تەندروستی پڕۆژەکانی تری وەزارەتی تەندروستی کە ئێستا لە جێبەجێکردن دان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی KDP.info ئاشکرا کرد و گووتی، "٦ پڕۆژەی تەندروستی تر لە وەزارەتەکەمان ئێستا کاری لەسەر دەکرێت لەوانە، نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە هەولێر، نەخۆشخانەی ١٥٠ تەختی لە چەمچەماڵ، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی باتیڤا، نەخۆشخانەی پیران، نەخۆشخانەی لەدایک بوونی قەڵادزێ، سەنتەری چارەسەر بە تییشک /شێرپەنجە لە دهۆک. هاوکات لە ماوەی ساڵانی ڕابردووش لە لایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ٣١ نەخۆشخانە دروست کراون لەگەڵ ٢١ سەنتەری پسپۆڕی."
ئەژین غەفار