ھەڵەبجە-KDP.info- بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی گەشتوگوزارەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە زنجیرەیەک چالاکیی هونەری و کلتووریی سێ ڕۆژەی ئەنجام دا. لە دوا ڕۆژی چالاکییەکاندا، هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا و سەرچاوەی زەڵم بە دەیان ئاڵای پیرۆزی کوردستان پۆشرا و دیمەنێکی نیشتمانیی وای بە ناوچەکە بەخشی کە لە وێنە و یادگاریی سەرجەم گەشتیاراندا وەکو سەروەتێکی نەتەوەیی بەرز ڕادەگیرێت.
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە درێژەی چالاکییەکانماندا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی گەشتوگوزار، ئەمڕۆ لە سەرچاوەی زەڵم و بەدرێژایی ڕێگەی سەرەکی، لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ئاڵای گەورەی کوردستانمان شەکاوە کردووە، جگه لە دابەشکردنی ٧٠ ئاڵای بچووک بەسەر
کاسبکار و دووکاندارانی ناوچەکەدا."
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، "لە بەرزایی تاڤگە ئەفسوناوییەکەی زەڵم، ئاڵایەکی گەورەی کوردستانمان لەسەر ڕووبەری ٩ بە ١٥ مەتر جێگیر کردووە، ئێمە بێئەندازە شانازی بە ئاڵاکەمانەوە دەکەین کە بە خوێنی شەهیدان هاتووەتە دی و سەروەتێکی نیشتمانییە و ئەرکی هەمووانیشە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە پارێزگاریی لێ بکەن."
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، "سروشتی سەیرانگاکە خۆی لە خۆیدا سەرنجڕاکێش بوو، بەڵام هەستمان دەکرد بۆ تەواوبوونی تابلۆ جەمالییەکەی، پێویستی بە پیرۆزیی ئاڵا هەیە، بە دانانی ئاڵای کوردستان، ناوچەکە ڕەنگ و سیمایەکی زۆر جوانتری بەخۆیەوە گرت."
سەبارەت بە ئامانجی ئەم هەنگاوە، چیا قاسم زیاتر گوتی، "ڕۆژانە زۆرترین گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی ڕوو لە هاوینەهەواری زەڵم دەکەن. ئامانجمان ئەوەیە هەر گەشتیارێک کە وێنە و ڤیدیۆی یادگاری تۆمار دەکات و بڵاوی دەکاتەوە، ئاڵای کوردستانی تێدا بپۆشرێت و ئەم پەیامە بپەڕێنێتەوە کە ئەم کیانە بە قوربانیدان و خوێنی پێشمەرگە و لە سایەی ئاسایشدا بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ گەشتیاران و سەرچاوەی بژێویی خەڵکەکەمان."
عەزیزڕەسووڵ