هەولێر-KDP.info- وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی تایبەتەوە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، کار بۆ هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکات.
پەیوەست بە سەردانی شاندی وەزارەتی شەهیدان بۆ بەغدا، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، د. ناڤسەر نووری عەبدال، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "سەردانی شاندی وەزارەت کە بۆ بەغدا ئەنجام دراوە، درێژکراوەی گفتوگۆکانی ڕابردووە. مەبەستی سەرەکیشمان لەم سەردانە، ڕێکخستن و مسۆگەرکردنی هاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمە لەگەڵ بەغدا."
سەبارەت بە وردهکارییەکانی ناو پڕۆژەکە، د. ناڤسەر نووری ئەوەی ڕوون کردەوە، "پڕۆژەیەکمان پێشکەش کردووە کەتێیدا داوامان کردووە مووچەی کەسوکاری شەهیدانی جێنۆساید و شەهیدانی سەنگەر، ئەوانەی مووچەکەیان لە ۱,۲۰۰,۰۰۰ دینار کەمتریـنە، هەموار بکرێتەوە و بڕی مووچەکەیان بەرز بکرێتەوە بۆ ۱,۲۰۰,۰۰۰ دیناری عێراقی."
بریکاری وەزارەتی شەهیدان دەربارەی بەشەکانی دیکەی پڕۆژەکە ئاماژەی بەوە دا، "خاڵێکی دیکەی پڕۆژەکە تایبەتە بە مووچەی شەهیدانی هاووڵاتی، بە جۆرێک داوامان کردووە مووچەکانیان لە ۲۵۰,۰۰۰ دینارەوە ببرێتە سەر ۶۰۰,۰۰۰ دینار. هەروەها دۆسیەی ۲۵,۸۶۸ زیندانیی سیاسیی هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە بۆ سەر بەغدا و مووچەکانیان هاوشێوەی زیندانیانی سیاسیی بەغدای لێ بكرێت، ئەمەش پێویستی بە خەملاندنی دارایی هەیە و شاندەکەی ئێمە دەستیکردووە بە گفتوگۆکردن لەسەر وردهکارییەکان."
د. ناڤسەر نووری لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی لە خێرایی بڕیاردان لەسەر پڕۆژەکە کردەوە و گوتی، "پێویستە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ئەم پرسە لەگەڵ بەغدا یەکلا بکرێتەوە، چونکە دوای ڕەوانەکردنی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەکە دەنێردرێتە پەرلەمان بە مەبەستی پەسەندکردنی. تەواوی ئەم داواکارییانە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بەگشتی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی بەتایبەتی دەبن."
قائید میرۆ