هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاودێریی هەولێر، تەواوبوونی پۆندێکی دیکەی ئاوی لە دەڤەری زرارەتی ڕاگەیاند و دەڵێ "تا ئێستا 10 پۆند لە پارێزگای هەولێر تەواو بوونە و 43 پۆندیش لە جێبەجێکردندان."
ڕێبوار کاکەیی، بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لە سنووری پارێزگای هەولێر 45 پۆندی نوێ لە جێبەجێکردندان و لەو ژمارەیەش پێنج پۆند تەواو بوون و 40 پۆندی دیکەش هەریەکە و بە ڕێژەی جیاواز کاریان تێدا کراوە، پێشتریش ٨ پۆند ئەنجام درابوون و پێنج پۆند تەواو بوون، بە کۆی گشتی لە پارێزگای هەولێر 10 پۆند تەواو بوون و 43 پۆندی دیکەش ماون تەواو بکرێن."
بەڕێوەبەری ئاودێریی هەولێر گوتیشی "یەکێک لەو پۆندانە تەواو بووە، لە ناوچەی زرارەتییە لە گوندی زەرواوی سەر بە ناحیەی دارەشەکران، ناوچەیەکی گرینگە بۆ کشتوکاڵ و کاریگەری لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاوی ژێرزەوی دەبێت لەو دەڤەرە."
لەبارەی کەمیی بارانی ئەمساڵ، کاکەیی ڕوونی کردەوە "ئەمساڵ ڕێژەی پێویست، باران نەباریوە، بەڵام ئێمە پۆندمان هەیە، ساڵی ڕابردوو سەرڕێژی کردووە و ئەمساڵیش ئاوی تێدایە.
قائید میرۆ