ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی یادی ٤٥ ساڵەی تاوانی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، سەرەڕای هەموو هەوڵێک و بەستنی چەندین کۆنفڕانس و دەرکردنی هەزاران بەیاننامە، هێشتا مافی کوردانی فەیلی بۆیان نەگەڕاوەتەوە و کەیسەکانیان لە دادگا و فەرمانگە حکوومییەکانی عێراقدا چەقی بەستووە.
دەقی پەیامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان:
ئەمڕۆ چل و پێنج ساڵ بەسەر تاوانی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلیدا تێدەپەڕێت، کە لە لایەن ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە دەرهەق بەم پێکهاتەیەی گەلی کوردستان ئەنجامدرا، هۆکاری سەرەکی ئەنجامدانی ئەو تاوانەش ئینتیما و هەڵوێستی نەتەوایەتی شەرفمەندانەیان و بەرەنگاربوونەوەی ڕژێم بوو.
لە سەرەتای مانگی نیسانی 1980دا، کوردانی فەیلی لە سەرتاسەری عێراقدا، لە بەغداوە تا پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی دڕندانەی کۆچپێکردنی زۆرەملێ و بێسەروشوێنکردن بوونەوە لەسەر دەستی ڕژێمی لەناوچووی بەعس، بە بیانووی ئێرانبوون، لە کاتێکدا ئەم پێکهاتەیە خەڵکی ڕەسەنی ڕۆژهەڵاتی دیجلەن و پێش نەتەوەکانی دیکە نیشتەجێی ئەو ناوچە جوگرافییە بوون. شوێنەوار و بەڵگەی مێژوویی یەکلاکەرەوە لەوبارەیەوە هەیە کە دەیسەلمێنێت ڕۆژهەڵاتی دیجلە پێش ئەوانی تر زێدی کوردە فەیلییە ڕەسەنەکانە.
دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی لەناوچوو لە تاریکی شەودا، هێرشیان کردە سەر ماڵی کوردانی فەیلی بێتاوان و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیان دەستگیر کرد کە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و گەنجی تێدابوو و پاشان گوازرانەوە بۆ زیندانە سەختەکان و دواتر ماڵ و موڵکەکانیان تاڵان کرا و دەست بەسەر پارە و سامانیاندا گیرا، لە کاتێکدا کە ڕۆڵەکانیان وەک سەرباز لە سوپادا خزمەتیان دەکرد یان فەرمانبەربوون لە فەرمانگە حکوومییەکان و کارمەندی کۆمپانیا جۆراوجۆرەکان بوون لەپێناو بنیاتنانی وڵات.
ڕژێمی پێشوو تەنیا بە ئاوارەکردن و ڕاگواستنی کوردانی فەیلی نەوەستا بەڵکو زیاتر لە ٢٠ هەزار گەنجی فەیلییان دەستگیرکرد و لە زیندانە سەختەکانی خۆیدا زیندانی کردن، لەوانە زیندانەکانی ئەمن و هەواڵگری و ئەبوغرێب و نوگرە سەلمان و لە قۆناغی دواتردا لە تاقیگەکانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی بە شێوەیەکی دڕندانە شەهیدکران و تا ئەمڕۆش ڕوفاتەکانیان نەدۆزراوەتەوە.
ئەمڕۆ سەرەڕای هەموو هەوڵێک و بەستنی چەندین کۆنفڕانس و دەرکردنی هەزاران بەیاننامە، هێشتا مافی کوردانی فەیلی بۆیان نەگەڕاوەتەوەو کەیسەکانیان لە دادگا و فەرمانگە حکوومییەکانی عێراقدا چەقی بەستووە.
سەبارەت بە ڕۆڵ و هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەو کەیسە، حکوومەتی هەرێم ڕۆڵی کارای هەبووە لە گواستنەوەی شایەتحاڵەکان لە کەسوکاری قوربانیان لە تاراوگە و هەموو ناوچەکانی جیهان بۆ عێراق، بۆ ئەوەی لەبەردەم دادگای باڵای تاوانەکان بۆ دادگاییکردنی سەرانی ڕژێمی پێشوو شاهیدی بدەن. وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای بارودۆخی ئابووری سەختی کوردستان، مووچەی بۆ سەدان خێزانی کوردی فەیلی کە قوربانی تاوانی جینۆسایدن تەرخان کردووە، سەرەڕای دابینکردنی مووچە بۆ کەسوکاری قوربانیانی تەقینەوە تیرۆریستییەکان کە لە گەڕەکی سەدریەی شاری بەغدا ڕوویداو بووە هۆی شەهیدبوونی سەدان هاووڵاتی کە زۆرینەیان کوردی فەیلی بوون.
لەم بۆنەیەدا، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی وەکوو میراتگری حکوومەتەکانی پێشووتری عێراق دەکەین کاری جدی بکەن بۆ گەڕاندنەوەی مافە زەوتکراوەکانی کوردانی فەیلی، گرنگترینیان گەڕان بە دوای ڕووفاتی شەهیدە بێسەروشوێنەکان و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دادگای باڵای تاوانەکان کە لە ساڵی 2010 دەرچووە و لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کراوە و تاوانی کۆچپێکردن و بێسەروشوێنکردنی کوردانی فەیلیی بە تاوانی جینۆساید ناساندووە، کە ئەمەش شایستەی نەتەوەیی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و کەمترینیان قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوییە، بۆ کەسوکاری قوربانییەکان.
هاوكات داواکارین ڕاسپاردە و دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی کە لە مانگی ئایاری 2024 لە شاری هەولێر و بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بەڕێوەچوو، بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە کۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان و عێراق دادەنەوێنین، بەتایبەتیش شەهیدانی کوردانی فەیلی.
هەروەها بە شانازییەکی زۆرەوە ڕۆڵی دیار و قوربانیدانەکانی کوردانی فەیلی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا بەرز دەنرخێنین بەتایبەتی ڕۆڵی گرنگ و بەرچاویان لە شۆڕشە مەزنەکانی ئەیلول و گوڵاندا.
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان
٣ی نیسانی ٢٠٢٥