ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، مانگی داھاتوو لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کۆنفرانسێکی ئابووری ئەنجام دەدرێت و ھەرێمی کوردستانیش بە فەرمی بانگهێشتی ئەو کۆنفڕانسە کراوە، بۆیە ئێمەش بە شێوەیەکی کارا بەشداری تێدا دەکەین.
دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، کۆنفرانسی فۆریۆمی ئابووریی فەڕەنسی _عێراقی بۆ ماوەی ڕۆژێکە لە مانگی داھاتوودا لە پاریس بەڕێوە دەچێت، بۆیە حکوومەتی فەڕەنسا لە ڕێگەی کۆنسووڵخانەی خۆیەوە داوەتی ئێمەی کردووە بەشداری لەو کۆنفڕانسەدا بکەین و دەستەی وەبەرھێنان و وەزارەتی بازرگانی و ژمارەیەک وەبەرھێنەری ھەرێمی کوردستان بەشداری دەکەن، سبەی ڕۆژی کۆنفڕانسەکە بۆ وتار و وتەی ناساندن و دواتریش کۆبوونەوەی ھاوبەشی نێوان کۆمپانیاکانن، ئەوانەی لە ھەرێمی کوردستان داوەت کراون، ئەوانەن کە لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و کاری شیرەمەنی و پیشەسازی و کارگەکان کار دەکەن و لە عێراقیش بازرگان و کۆمپانیا داوەت کراون.
شوکری گوتیشی، ئامانج لەو کۆنفڕانسە ئەوەیە، چۆن بزنس و وەبەرھێنان لە نێوان عێراق و فەڕەنسا بە گشتی بکرێت، کە بازرگانانی فەڕەنسا لە ھاوردە و ھەناردە و وەبەرھێنان بێن لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن، بۆیە ئێمە بە شێوەیەکی کاریگەر بەشدار دەبین، کە بە فەرمی کۆنسووڵی فەڕەنسا سەردانی ئێمەی کرد و بانگهێشی ئەو کۆنفڕانسەی کردین.
بڵند ئیبراھیم