ھەولێر-KDP.info- گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، ئاماده‌كاری بۆ پێشوازی له گه‌شتیاران كراوه بۆ ڕۆژانی پشووی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان و ده‌شڵێ، زیادبوونی پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری، هۆكاره بۆ ڕاكێشانی گه‌شتیاران.
ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید، گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار، لە لێدوانێکیدا به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند، ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هاتنی گه‌شتیاران له ڕۆژانی پشووی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زاندا کراون له ڕێگه‌ی هه‌شت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گه‌شتوگوزار له پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان، هاوکات پێش هه‌فته‌یه‌ك ده‌ست به ئاماده‌كاری هه‌م بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆز و هه‌میش بۆ جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان كراوه، پێشبینی ده‌كه‌ین ژماره‌یه‌كی به‌رچاو گەشتیار له ڕۆژانی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
گوته‌بێژی گه‌شتوگوزار ده‌شڵێت، هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان هه‌یه بۆ پێشوازی له گه‌شتیاران و ژماره‌یه‌ك لیژنه‌ش پێكهاتوون، به‌تایبه‌تی له بازگه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو پێشوازی له گه‌شتیاران ده‌كرێت، جێگه‌ی خۆشحاڵییه ڕێژه‌ی هاتنی گه‌شتیارانی نێوده‌وڵه‌تی به‌رز بووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزار دەبێت.
عه‌بدولمه‌جید ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، به‌هۆی سه‌قامگیریی ڕه‌وشی ئه‌منیی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجامدانی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری، به‌رده‌وام گه‌شتیاران ڕوو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و به‌پێی پلانی هه‌شت ساڵه‌ی گه‌شتوگوزاریش ساڵ به ساڵ ژماره‌ی گه‌شتیاران له زیادبووندایه.
قائید میرۆ