هەولێر-KDP.info- موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی رایگەیاند، لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا 15 خانوویان بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و هەژاری کوردستان دابین کردووە، لەگەڵ دابینکردنی دابەشکردنی هەزاران سەبەتەی خۆراک و ژەمە خواردنی گەرم.
ئهمڕۆ هەینی 28ـی ئاداری 2025، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر ئومیدی ئەوەی کرد، ئەوەی سەرمایەداران لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان پیشکەشی هەژارانیان کرد وەک هاوکاری، دوای مانگی ڕەمەزانیش بەردەوام بێت، گوتی: ئێمە لە کوردستان شانازیی بەو کلتوورە جوانەی بەخشین دەکەین.
سوپاسی هەموو ئەو دەزگا و ڕێکخراوانەشی کرد کە لە مانگی ڕەمەزاندا هاوکاری هەژاران و پشتیوانی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانیان کرد.
موسا ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، کارمەندانی دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕۆژانە 16 کاتژمێر کاریان کردووە بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت پێشکەش بە هەژار و کەمدەرامەتان بکەن لە مانگی ڕەمەزاندا.
ڕاشیگەیاند: حەوت پڕۆژەی گەورە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و عەفرینیش بە هاوبەشی سەرمایەدارانی کوردستان جێبەجێ کراون، ئاشکرای کرد، لەو مانگەدا 48 هەزار و 809 سەبەتەی خۆراکیان بە بەهای 976 ملیۆن دینار پێشکەش بە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت بەبێ جیاوازیی لە هەرێمی کوردستان کردووە، هاوکات 45 هەزار و 400 ژەمە خۆراکی گەرمیان بە بەهای 849 ملیۆن دینار لە تەواوی ئۆفیسەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە هاوبەشی سەرمایەداران لە کوردستان دابەشکردووە.
موسا ئەحمەد دەڵێت: ئەمساڵ دەستپێشخەرییەکمان کرد بە پێشکەشکردنی (فاوچەر)، کە کارتێکی تایبەتە و بە هەژاران و کەمدەرامەتان دەدرێت بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی خۆیان لە مارکێتەکان بێ بەرانبەر بکڕن، دوو هەزار و 428 خێزان لە کارتە سوودمەند بوون، بۆ ئەوەش 270 ملیۆن دینار خەرج کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا 397 ملیۆن دینار پارەی کاشی زەکات پێشکەش بە هەزار و 280 خێزان کراوە، جل و بەرگی جەژن بە بەهای 31 ملیۆن و 640 هەزار دینار بۆ 452 منداڵ کڕدراوە، دەشڵێت: لە ڕێگەی بەرنامەی نوژین 15 خێزان خانوویان بۆ دابینکراوە و دەرفەتی کاریان بۆ ڕەخسێندراوە، لەو پڕۆژانەشدا ملیارێک و 200 ملیۆن دینار خەرج کراوە.
ڕاشیگەیاند: بەشێکی مووچەی ئازیزانیان بە بەهای دوو ملیار و 49 ملیۆن دینار لە تەواوی کوردستان دابەشکردووە، دەشڵێت: لەو مانگەدا 5 ملیار و 729 ملیۆن دینار بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکراوە.