هەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا پەیکەری ڕۆژنامەنووسی شەهید گادگرۆس نۆژەن دەکاتەوە و ٣٤ ساڵەی ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی بەرز ڕادەگرێت.
شەوی پێنچشەممە ٢٧ی ٣ی ٢٠٢٥ لە هەولێری پایتەخت، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەری باڵێوزخانەی ڕۆمانیا لە عێراق و ئاریان صلاح الدین بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و ئازاد حەمەدەمین نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و بەرپرسانی حزبی و حکوومی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر و ئەکادیمیست و نووسەر و چالاکوانان، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا پەیکەری ڕۆژنامەنووسی شەهید (گادگرۆس)ی نۆژەن کردەوە و یادی (٣٤)مین ساڵیادی شەهیدبوونی بەرز ڕاگرت.
لە سەرەتا د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی (پ.د.ک) لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەدا، کۆڕەوی ملیۆنی و ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری پرس و بابەتێکە کە دەبێت هەموومان بە ڕێزەوە ئاوڕی لێ بدەینەوە، ئەویش بکەین بە هەوێنی دەیان توێژینەوەی زانستیی و کەلتووریی و میدیایی، پرسی کورد و نەتەوەکانی تر بەتایبەت دۆستە بیانییەکانمان کە یەکێک لە ڕۆژنامەنووسەکان گادگرۆسە، ئەمڕۆ ئێمە بە ڕێز و شانازییەوە پەیکەرەکەیمان نۆژەن کردۆتەوە و ٣٤ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی بەرز ڕادەگرین.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن گووتی: گادگرۆس ڕۆژنامەنووسێکی وێنەگر بوو، بە ئەزموون و هوشیار بوو، لە دوورترین ڕێگاوە هات بۆ ئەوەی وێنەی میللەتێکی زوڵم لێکراو بکات بە فاکت، وێنە بکات بە حەقیقەت و پەیام.
دواتریش پەردە لەسەر پەیکەری ڕۆژنامەنووسی شەهید گادگرۆس لادرا و ٣٤ مۆم وەکو وەفایەک لە ٣٤ـەمین ساڵوەگەڕی شەهید بوونیدا داگیرسێندرا و گوڵی وەفا لەسەر پەیکەرەکەی دانرا.

سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە گوتارێکدا، ئاماژەی بە خەبات و تێکۆشان و ڕۆڵی بوێرانەی شەهید ڕۆژنامەنووس گادگرۆس کرد، دەستخۆشی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی (پ.د.ک) کرد کە بەم جۆرە ئەم ڕۆژنامەنووسە دڵسۆزەیان لەبیرنەکردووە.
ڕەزڤان لوپو، نوێنەری باڵێوزخانەی ڕۆمانیا لە عێراق لە ڕێوڕەسمەکەدا گووتارێکی پێشکەشکرد، دەستخۆشی و پێزانینی باڵێوزخانە و وڵاتی ڕۆمانیای بۆ بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتکردەوە و گووتی، ئەم یادکردنەوەیە لە گادگرۆس بەم شێوەیە، سەلماندنی ئەو ڕاستیەیە کە کورد دۆستەکانی لەبیر ناکات.

دواتریش ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە گرنگییەوە باسی لە بەرز ڕاگرتنی یادەکەی کرد و گووتی، جێگەی بایەخی زۆرە کە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی (پ.د.ک) بەم شێوەیە لە هەوڵی بەرز ڕاگرتنی یادی ڕۆژنامەنووسی شەهید گادگرۆس دایە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، ڕێدار سابیر وتاری هونەرمەند و پەیکەرتاش دارا حەمەسەعیدی پێشکەشکرد کە نۆژەنکردنەوەی پەیکەری گاد گرۆس لە ئەستۆی ئەودا بووە.
رۆژنامەڤان (گادگرۆس) لە ساڵی (١٩٦٤) لە ڕۆمانیا لەدایک بووە و بەڕەچەڵەک ئەڵمانین و لەتەمەنی (١٠) ساڵیدا لەگەڵ دایکی گەڕاونەتەوە ئەڵمانیا، دەرچووی زانکۆی (هارڤارد) بوو.
له ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لەساڵی (١٩٩١) وەک رۆژنامەڤانێکی بیانی خۆی و کامێراکەی هاتە کوردستان بۆ وێنەگرتن و کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر ڕاپەڕین.
