هەولێر-KDP.info- وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هەرێمی کوردستان، ڕه‌تی ده‌كاته‌وه هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ كرا بێت سه‌باره‌ت به پڕۆژه‌ی ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدان. ده‌شڵێت: ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه، دووره له ڕاستییه‌وه.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه، 27ـی ئاداری 2025، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه و وه‌ڵامی ئه‌و هه‌واڵ و ده‌نگۆیانه‌ی دایه‌وه كه گوایه وه‌زاره‌ته‌كه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵ له باره‌ی پرۆژه‌ی ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدان و دوایین پلانه‌كانی تایبه‌ت به هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و ڕێگه‌ی خێرای نێوده‌وڵه‌تی له خاكی كوردستان و جوگرافیای هه‌رێمی كوردستان ڕێككه‌وتنی كردووه.
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن ڕایگه‌یاندووه، دوایین به‌یه‌كگه‌یشتنی فه‌رمییان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی فیدراڵ له 23/5/2024 بووه، له‌و كۆبوونه‌وانه‌ی له هه‌ولێر به سه‌رپه‌رشتیی ئانۆ جه‌وهه‌ر عه‌بدۆكه، وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به ئاماده‌بوونی یونس خالید جه‌واد، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای هێڵیی شه‌مه‌نده‌فه‌ری عێراق له وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی فیدراڵ و سه‌فا جه‌بار ناسر، به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌ی ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدان له وه‌زاره‌ته‌كه و برۆنۆ ترۆكا، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكار له كۆمپانیای ڕاوێژكاریی ئیتاڵی (BTP) و بیلال ئه‌لعه‌لی، ڕاوێژكاریی كۆمپانیا به‌ڕێوه چووه.
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن له ئه‌نجامی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی هه‌ولێردا، ئانۆ جه‌وهه‌ر له باره‌ی ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه په‌یوه‌ندیی به وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵ كردووه و هه‌ردوولا له‌سه‌ر كۆنووسی ئه‌و كۆبوونه‌وه هاوڕا بوون و ڕێك كه‌وتن و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش تیمی هه‌ردوولا به كۆی ده‌نگ، واژۆیان له‌سه‌ر كۆنووسه‌كه كردووه.
ده‌شڵێت: ئه‌م كۆنووسه نه‌خشه و پلانی هاوبه‌شیی نێوان هه‌ردوولایه بۆ گه‌یشتن به بڕیاری كۆتایی سه‌باره‌ت به پرۆژه‌ی گه‌شه‌پێدان له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه دراوسێكانی هه‌رێم و له‌لایه‌ن هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه و كۆمپانیای ڕاوێژكاره‌وه له نزیكه‌وه به‌دواداچوونی بۆ ده‌كرێت.
وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتووشیه‌تی، بڕیار وابوو به پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه دووقۆڵییه، كۆنووسه‌كه بخرێته به‌رده‌م هه‌ر یه‌ك له محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی واژۆی له‌سه‌ر بكه‌ن. ده‌شڵێت، ئه‌وه‌ی دوای چه‌ند كاتژمێر له واژۆكردنی ئه‌م كۆنووسه ڕووی دا، بووه‌ته جێی پرسیار كه وه‌زاره‌ته‌كه، به‌تایبه‌تی كه تیمی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی فیدراڵ به‌شداریی له سه‌ردانه مه‌یدانییه‌كان نه‌كردووه كه وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و ڕێگه‌ی خێرای نێوده‌وڵه‌تی له ناوخۆی كوردستان و ناوچه‌كانی دراوسێی پێشنیازیی كردبوو.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، دوای سێ ڕۆژ له واژۆكردنی كۆنووسه‌كه تووشی شۆك بوون و له بری ئه‌وه‌ی كۆنووسه‌كه بحرێته به‌رده‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌وه له لایه‌ن وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی فیدراڵ كه‌مته‌رخه‌می كرا و نكوڵی لێ كرا و وه‌زاره‌ته‌كه به نووسراوی ژماره (11/ ك3326) له 26/5/2024 و به واژۆی ڕه‌زاق محێبس عجێمی سه‌عداوی، وه‌زاره‌تی ناوبراوه‌وه ته‌واوی ڕاسپارده و پێشنیازه‌كانی كۆنووسه‌كه ڕه‌ت كرایه‌وه.
وه‌زاره‌تەکە له باره‌ی پشتگیریكردنی پرۆژه‌ی ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدان دووپاتی كردووه و ده‌ڵێت، پشتیوانی هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانیی ده‌كه‌ن خزمه‌ت به هاووڵاتییان ده‌كات. هاوكات جه‌خت ده‌كاته‌وه پابه‌ندن به ڕێوشوێن و ڕێكاره‌كانی ئه‌و پێشنیازه‌ی سه‌باره‌ت به پرۆژه‌كه پێشكه‌شیان كردووه و هه‌ردوو تیمی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان و وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی فیدراڵ واژۆیان له‌سه‌ر كردووه.
هاوکات ئه‌و لێدوانانه‌یشی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه كه له لایه‌ن هه‌ندێك به‌رپرسانی حكوومه‌تی فیدراڵییه‌وه له باره‌ی پرۆژه دراون و گوایه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به پرۆژه‌كه ڕێككه‌وتوون.