پاریس-KDP.info- پارێزگاری ھەولێر لەپاریس گوتی، لە پاریس شەقامێک و پارکێک بەناوی ھێزی پێشمەرگە دەکرێت، ئەمەش وەکو وەفایەک بۆ قارەمانیەتی ھێزی پێشمەرگە و ئەو دۆستایەتیەی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا ھەیە، بۆیە ئەوانیش دێن لەقەڵای ھەولێر ماڵی پاریس دروست دەکەن.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر، تایبهت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە چوارچێوەی سەردانمان بۆ پاریس کۆبوونەوەیەکی گرنگمان لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی پاریس ئەنجامدا، کە دۆستێکی نزیکی ئێمەن و چەندین جار سەردانی کردووین لە ھەرێم و لە زۆر کۆنفرانسیش بەشداریمان پێکەوە کردووە، بۆیە لەوکۆبوونەوەیەدا باسی سێ خاڵی گرنگ کرا و سەردانی ئێمەش بەرھەمداربوو.
ئومێد خۆشناو گوتیشی، خاڵەکانیش لە ئێستادا قەڵای ھەولێر نۆژەندەکرێتەوە و لەماوەیەکی نزیکدا شاندێکیان دێنە ھەولێر و خانووەک نوژەندەکەنەوە و ماڵی پاریس لەقەڵای ھەولێر دروست دەکەن و دووەم ئامادەکاری دەکرێت بۆ کۆبوونەوەی ڤێتنام کە کۆبوونەوەی پارێزگار و سەرۆک شارەوانیەکانە و ئێمەش ئامادەییمان دەربڕی ئەو کۆنگرەیه لە ھەولێر ئەنجامبدرێت لە ساڵی داھاتوو و خاڵێکی دیکەش ڕێز و سڵاوی سەرۆکی حکوومەتمان بەجەنابیان گەیاند.
پارێزگاری ھەولێر دەشڵێت، شەقامێک لە پاریس ئامادەکراوە و دەنگی لەسەر دراوە و خۆی لە شەقامێک و پارکێک دەبینێتەوە و بەناوی پێشمەرگە دەکرێت، ئەوەش بۆ قارەمانیەتی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە کە ھاوپەیمانان و بەتایبەت فەرەنسا ھەمیشە ھاوکار و پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگە بوونە و شەقامەکە دەنگی لەسەر دراوە و تەنیا ماوە لۆگۆی بۆ دروست بکرێت و لەماویەکی نزیکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای ھەرێم و فەرەنسا دەکرێتەوە، بۆیە ھەرێمی کوردستان ھەمیشە بەوەفا بووە دەرھەق بە فەرەنسا لەبڕیاری ٦٨٨و لە ئەنفالەکان و گواستنەوەی کوردەکان لەلایەن خاتوو دانیال میتەران بۆ پاریس و لەشەڕی داعش و لەڕاپەرینی ھەرێم، بۆیە دۆستایتیەکهمان بەردەوامە.
بڵند ئیبراھیم