دهۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی کارەبای دهۆک گوتی "پڕۆژەی روناکی پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە پارێزگای دهۆک دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، سەرەتاش لە سەنتەری قەزا دەست پێ دەکات، ئێستا تێستی کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەکرێت بۆ ئەوەی دەست بە پڕۆژەکە بکرێت."
ئەندازیار شاکر مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای دهۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی روناکی پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، ئەمڕۆ دەست بە تێستی کارەبا کرا، کە سەنتەری پارێزگای دهۆک وەکو قۆناغی یەکەم کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر پێ دەدرێت، بۆ ئەوەی بزانن تۆڕی کارەبا چەند توانای هەیە و لە کوێ گرفت هەیە، بۆ ئەوەی کە پڕۆژەکە جێبەجێ کرا هیچ گرفتێکی کارەبا بۆ خەڵک دروست نەبێت."
ئەندازیار شاکر مەحمود گوتیشی "دوای سەنتەری پارێزگای دهۆک لە قەزا و ناحیەکانیش کارەبا تێست دەکرێت وەکو قۆناغی دووەم و سێیەم، بزانین چەند توانایان هەیە بۆ کارەبای ٢٤ کاتژمێری، لە هەر شوێنێک گرفت هەبێت چارەسەر دەکرێت."
بڵند ئیبراهیم