بەغدا-KDP.info- گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمسیاران بڕیاری دا ماوەی تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران بۆ یەک مانگ درێژ بکرێتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمسیاران بڕیاری دا ماوەی تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران بۆ ماوەی یەک مانگ درێژ بکرێتەوە، ئەوانەی تازە خۆیان تۆمار دەکەن یاخود ئاوارەکان یانیش ھێزە ئەمنییەکان ئەوانەی ناویان زیاد دەکەن یاخود ناویان رەش دەکەنەوە و ئەو کارەش لە ھەزار و ٧٩ بنکە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
غەلای گوتیشی، بۆ خۆتۆمارکردن پێویستە ئەو بەڵگەنامانەیان پێبێت، کە ئەوانیش بریتین لە کارتی دەنگدانی پێشوو و کارتی نیشتیمانیی عێراقی ئەگەر ھەیبێت و ئەگەر نەیبێت پێویستە بەڵگەکانی دیکەی ھەبێت وەکو ناسنامەی عێراقی و ئەوانەی تازەش خۆیان تۆمار دەکەن، پێویستە کارتی نیشتیمانییان ھەبێت و بۆ گواستنەوەی شوێنی دەنگدانی لەناو پارێزگا بۆی دەکرێت و بۆ پارێزگایەکی دیکەش بۆی دەکرێت و پێویستە بەڵگەکانیش و کارتی نیشتیمانی پێبێت ئەگەر ھەبێت، ئەگەرنا پێویستە ناسنامەی عێراقی ھەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت کاری گواستنەوە بکات لە ناوخۆی پارێزگا یاخود بۆ پارێزگایەکی دیکە.
بڵند ئیبراھیم