بڵند نەوڕەس
نەورۆزی ئەمساڵ جیاوازبوو لە ڕووی ناوەڕۆک و پەیامەوە، تەنها جەژنێکی میللی نەبوو کە ڕاگوزەرانە تێبپەڕێت، بەڵکو هەڵگری کۆمەڵێک پەیام و بنەمای ڕێکخراوبوو کە ڕەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورەی هەڵگرتبوو، بۆ یەکەم جاریش بوو کە هێزی لۆبی کوردی لە ڕێگەی نەورۆزەوە هەم دەربخرێت هەم وەگەڕبخرێت.
ئاکرێ کە ئێستا بۆتە پایتەخی نەورۆز، لە هەمان کاتدا بۆتە جێگای کۆکردنەوەی کوردستانییان و ساڵانە لە هەموو وڵاتان و ناوچەکانی تری کوردستانەوە خەڵک بە پەرۆشەوە ڕووی تێدەکەن، لە هەمان کاتدا ئەو بۆنە و مەراسیمانەشی کە ئەنجام دەدرێن بە ئامادەبوونی نێردە نێودەوڵەتییەکان، بەهایەکی زیاتر دەبەخشێت بە جەژنەکە و بۆنەکە لە چوارچێوەی لۆکاڵییەوە دەباتە چوارچێوەیەکی گڵۆباڵی شایستە.
ئەو کۆبونەوە جەماوەرییە گەورەیەی لە ئامەد ئەنجامدرا و جەژنی نەورۆزییان تێدا بەرزڕاگرت، نیشاندانی یەکگرتویی کوردستانییانە کە لە ڕێگەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی گەورە و کاریگەر دەخەنە بەرچاوی جیهان.
شایی و خۆشییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاهەنگگێڕانییان بە جۆش و خرۆشەوە و بە جل و بەرگی ڕەسەنی کوردییەوە و پەرۆشییان بۆ جەژنەکە، پەیامی زیندوییەتی و ڕەسەنایەتی جەژنەکە زیاتر دەچەسپێنێت.
ئەو دیمەنە جوان و ڕەنگینانەی لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیاشەوە بینیمان کە کوردستانییانی ئەوروپا و ڕەوەندی کوردی لە کۆڵن کۆبونەوە و سەرجەمییان ئاهەنگی نەورۆزیان تێدا گێڕا، دیمەنێکی هەم دڵخۆشکەربوو هەم ئومێدبەخش بوو، چونکە بینیمان کە کوردیش لە ئەوروپا توانایەکی گەورە و کاریگەری هەیە و هەنگاوی یەکەمی لۆبی کوردی نیشانی هەموو وڵاتانی ئەوروپا دراو لەسەر ئاستی جیهانیش بووە جێی باس و تێڕامان.
ڕۆڵی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردی لە کۆکردنەوە و رێکخستنی کوردانی ئەوروپادا و بە سەنتەرکردنی جەژنی نەورۆز لە یەک شوێندا، ئەرکێکی پیرۆز و هەنگاوێکی بەجێ بوو، کە شایەنی پێزانینە.
کۆی ئەم دیمەنانە جیاواز لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتییەکەی، ڕەهەندی سیاسی و پەیامی ڕوون و ڕاشکاوی لەخۆگرتبوو کە بۆ یەکەم جارە بەدیدەکرێت.
دروستکردن و ڕێکخستنی لۆبی کوردی لە ئەوروپا و بەشداری هەزاران کەس لە جەژنی نەورۆزدا لە ڕۆژهەڵات و باکور و جێگیرکردنی پایتەختی نەورۆز لە ئاکرێ، نەورۆزی لە جەژنێکی نەتەوەییەوە گواستەوە بۆ هێزێکی سیاسی کاریگەر کە بۆ داهاتوو دەتوانین وەک هێزی فشار و وەک رەگەزی ئاشتی پشتی پێ ببەستین.
ئەم هێزە نەرمە گەر بەردەوام گرنگی پێبدرێت و گەشەی پێبکرێت و جومگەکانی پتەوبکرێت و بنەماکانی جێگیربکرێت، دەتوانێت کار بکاتە سەر بڕیاری سیاسی و هەوێنی گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسیی و ئابوورییەکاندا.
ئەوەی لۆبی دەتوانێت ئەنجامی بدات، سیاسەت راستەخۆ ناتوانێت بەدەستی بهێنێت، بۆیە ئەم پێشهاتە بە نرخە دەتوانێت ئاسۆیەکی ڕونمان نیشان بدات و ئایندەیەکی گەشمان پێببەخشێت، بە مەرجێک کە هەمووان بە چاوی هێزەوە بۆ کورد و کوردستان تەماشای بکەن، نەک وەک زۆر بابەت و بوار و ڕووداوی تر بەرژەوەندی بخرێتە پێش کورد و کوردستانەوە.
پیرۆزە نەورۆزی یەکدەنگی کوردان.