ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ھەینی ٢١ی ئاداری ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و مایکل واڵتز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
سەرۆکی حکوومەت و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەمەریکا کرد.
ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا. ھەروەھا دووپاتیان کردەوە کە پێویستە لە نزیکترین کاتدا، ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پێشھات و گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و گرنگی پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.