کەرکووک-KDP.info- هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک ـ گەرمیانی پارتی ڕایگەیاند، لە بەهاری ساڵی۱۹۹۱، نەورۆز و ڕاپەڕین ئاوێزەبوون و بوون بە هەوێنی ئازادی و بەرەنگاری دژی ڕژێمی داگیرکەر، ئەم ماوە کورتەی سەربەستی و ئازادییەی كەركووكیش نیشانەی دانەبڕاوی و کوردستانیبوونی شاری کەرکووک بوو.
هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک ـ گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و یادی ڕاپەڕینی شاری کەرکووک و دەوروبەری، گەرمترین پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک بارزانی و هەموو هاووڵاتیانی ئەو شارە تێکۆشەرە و تەواوی پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو کوردستانیان دەکەین.
ئەندامەكەی مەکتەبی سیاسیی پارتی روونیشی كردەوە، لە بەهاری ساڵی۱۹۹۱، نەورۆز و ڕاپەڕین ئاوێزان بوون و بوون بە هەوێنی ئازادی و بەرەنگاری دژی ڕژێمی داگیرکەر، هەرچەندە ئازادیی ئەم شارە ماوەیەکی زۆر کەمی خایاند، بەڵام ئەم ماوە کورتەی سەربەستی و ئازادییە نیشانەی دانەبڕاوی و کوردستانیبوونی شاری کەرکووک بوو.
هیوا ئەحمەد مستەفا ئەوەشی خستە ڕوو، بەپێویستی دەزانین لەم بۆنە و یادە پیرۆزەدا، جارێکی تر بە خەڵکی کوردستان و ئەو شارە پیرۆزە ڕابگەیەنین کە هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ خزمەتی زیاتری ئەو شارە و پارێزەری پێشمەرگەئاسای شوناسی ڕاستەقینەی کوردستانیبوونی کەرکووک دەبین.