دکتۆر سامان سۆرانی
لەگەڵ ئەوەی نەورۆز بەشێکی دانەبڕاوە لە میرات و کەلتوری گەلی کورد و دەرفەتێکە بۆ نوێبوونەوە و گۆڕانکاری و بە پەرۆشەوە ڕوانین بۆ داهاتوویەکی باشتر، مێژوومان ئاماژە بەوە دەکات، کە نەورۆز بە واتای ئازادی و خەبات دژ بە زوڵم و ستەمکاری و هەوڵ بۆ سەربەخۆیی و ڕەنگدانەوەی ناسنامەی کەلتووری کوردایەتی و هەستکردن بە ئینیتما و گرێدان بە مێژوو و فەرهەنگی پڕ لە شکۆی گەلێکی دێرین دێت.
نەورۆز بۆنە و دەرفەتێکە بۆ یەکخستنی ڕیزە سیاسی و جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری کوردستان و جەختکردنەوه لە خواستە سیاسییەکان و لەسەرووی هەموویانەوه مافی چارەنووس و بانگەشە بۆ سەربەخۆیی. هەمیشە لە نەورۆزدا هۆشیاری نێودەوڵەتی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان زیاتر بووە، زیندوو ڕاگرتنی ئەم نەریتە بۆ یادکردنەوەی لە دایکبوونی سەرکردەی مەزنی گەلەکەمان، مستەفا بارزانی، و ڕاپەڕین و بەرجەستەکردنی یادی شەهیدانی هەڵەبجە و کیماباران دەربڕینی ئەو ویستەیە سەبارەت بە پەیوەستبوونمان بە کەلتوور و مێژووی دێرینی گەلی کوردستان، کە هەزاران ساڵ درێژەی کێشاوە و دەبنە کەرەستەیەکی لەبار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکان.
لەم قۆناغە هەستیارەدا نەتەوەی کورد توانیویەتی بە سەرکردایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی بە گوڕەتر بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێ و هەروەها سەرۆکی حکوومەت، مەسروور بارزانی، کە خاوەن فەلسەفە و دیدگایەکی هاوچەرخی ئیدارەی حوکمڕانییە، باوەڕی تەواوی بەوە هەیە، کەوا مرۆڤ نهێنی پێشکەوتنە و دینەمۆی سەرەکی هەموو ڕابوون و ژیانەوەیەکە، چ پیشەسازی بێت، یان کشتوکاڵی و خزمەتگوزاری بێت.
بۆیە هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کەوا لە ڕووی فێرکردن و مەشقپێکردن و ڕۆشنبیرییەوە گرینگی بە تاکی کۆمەڵگەی کوردستانی بدرێت، خوێندکارانی کورد ڕەوانەی زانکۆ ناودارەکان و پێشکەوتووەکان بکرێت، تا زانیاری لەسەر فاکتەرەکانی ڕابوون و داهێنان کۆبکەنەوە و لە کەلتووری کاری پێکەوەیی تێبگەن و بە فەرهەنگی هونەری بەڕێوەبردنی کات و کەلتووری بەدەستهێنانی شارەزایی لە بواری کار ئاشنابن.
قوتابیان و خوێندکاران بە دەوڵەمەندبوونیان لە ڕووی هزر و زانستەوە دەتوانن جووڵەیەکی کۆمەڵگەیی درووست بکەن، فەرهەنگی ژیانەوەی نوێ لە شێواز و لە بواری میتۆدی زانستی بڵاوبکەنەوە و کار بۆ چاودێریکردنی داهێنان و لێهاتووەکان بکەن و نەخشە ڕێگە بۆ ژیانیان بکێشن و ئامانجەکانیان بخەنە ڕوو، کە لە ڕواڵەتدا توانای جێبەجێکردنیان هەبێت و دوا جار سوود بە کۆمەڵگەی کوردستان بگەیەنن.
ڕابوون بە بازووی باوەڕداران بە نیشتمان درووست دەکرێ، ڕابوون تەنیا بە هەبوونی کەسانی باوەڕدار بە دەوڵەمەندبوونی نیشتمان دەکرێ، کە بیر و هزر و هەوڵ و ماندووبوونیان لە پێناو بونیادنانی کۆمەڵگە و نیشتمان تەرخان دەکەن و پشت بە میراتی شارستانییەکی کوردی و دیدگای ڕوون بۆ ئایندە دەبەستن، تا ببێت بە قیبلەنومایەك و نیشتمان بەرەو کەنارێکی ئارام بەرێت.
بۆیە پێویستە پەیامی نەورۆزمان هاندانی نەتەوەکەمان بێت بۆ فێربوون و کارکردن، بۆ خۆشەویستی زانست، بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی فاکتەرەکانی پێشکەوتن.
هەروەها پێویستە پەیامی نەورۆزمان بۆ ئەوە بێت، ویست بۆ ژیان درووست بکەین، تا بتوانین بەرەو سپێدەی چاکسازی و گۆڕانکارییەکان هەنگاو بنێین، بۆ ئەوەی بەرەو ئایندەیەکی گەش خۆمان و نەتەوەکەمان و کوردستان بەگشتی ڕێگە ببڕین.
هەموو نەتەوەیەك دەبێت مێژوو و شکۆ و پێشکەوتنی خۆی بە دەست و بیرۆکەکانی خۆی دروست بکات.
کوردستان لەسەرەتای مێژووە تاوەکو ئەمڕۆ سنوورەکانی بە خوێنی شەهیدانی ڕێگهی ئازادی و سەربەخۆیی پاراستووە، با ئێمەش بەردەوام بین لەسەر ئەم ڕێبازە. نەورۆز لە هەموو کوردستانیان پیرۆز.