ھەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سێ فیرقەی ھێزی پێشمەرگە دەستبەکار بوونە و سێ فیرقەی دیکەش لە ماوەیەکی نزیکدا دەستبەکار دەبن، بەم ھەنگاوەش ھاوپەیمانان زۆر دڵخۆشن و دەبێتە ھەنگاوێک ھاوکاریی زیاتری ھێزی پێشمەرگە بکەن، چونکە ئەوان ھەمیشە ھاوکار بوونە و بەردەوامیش دەبن، کە ئامانج لەو ھەنگاوانە ئەوەیە، لە ھەرێمی کوردستان یەک ھێزی پێشمەرگە ھەبێت.
بابەکر زێباری، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پرۆسەی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و لە ئێستادا سێ فیرقەی ھێزی پێشمەرگە تەواو بووە و دەستیان بە کاریش کردووە، کە ھەنگاوێکی زۆر باشە و رێکخستنەوەیان بۆ کراوە و پڕچەک کراون و مەشق و راھێنانیان پێکراوە و ئامادە کراون، ئێستاش سێ فیرقەی دیکە لە قۆناغی کۆتاییدان و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوانیش دەستبەکار دەبن، بۆیە ئەوانەی لە مەشق تەواو دەبن ژمارەیان دەبێتە شەش فیرقە و بڕیارە تا کۆتایی ساڵی داھاتوو ژمارەی فیرقەکانی ھێزی پێشمەرگە ببنە ١١ فیرقە.
زێباری گوتیشی، ھاوپەیمانان بەو ھەنگاوەی ھێزی پێشمەرگە زۆر دڵخۆشن و ھاوکاری ئێمەن و لە ھەموو ھەنگاوەکانی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە ھاوکار و ھەماھەنگن، چونکە دەیانەوێت یەک ھێزی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت و لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بن، بۆیە ھاوکاریی ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و بەردەوامیش دەبن، چونکە ئامانجی ئەوانیش ئەوەیە، لە ھەرێم یەک ھێزی پێشمەرگە ھەبێت، کە ھەنگاوی زۆر باش نراوە و لە داھاتوودا ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن یەک ھێزی پێشمەرگە.
بڵند ئیبراھیم