هەولێر-KDP.info- مامۆستا عومەر چنگیانی كە بەوە ناسراوە هەمیشە لایەنی نەتەوەیی تێكەڵی ئایین دەكات و خۆی بە درێژەپێدەری ئەو ڕێبازە كوردایەتییە دەزانێت كە لە حوجرە و مزگەوتەكانەوە سەری هەڵداوە و دەڵێت، گەورە نیشتمانپەروەر و ڕابەرانی کورد لە کانگای ئیماندارییەوە لە حوجرە و مزگەوتەکان ھاتوون، وەک شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەد و شێخ سەعیدی پیران و قازی محەممەد و مەلا مستەفای بارزانی، لە شاعیر و نووسەراندا نالی و مەحوی و سالم و ئەحمەدی خانی و مەلای جەزیریی.
مامۆستا عومەر چنگیانی، گوتارخوێنی مزگەوتی خەدیجە كوبرا لە شاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە خۆشەویستیی نیشتمان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە رایگەیاند، "لەو ڕۆژەوە خوای گەورە مرۆڤی ئافراندووە، وابەستەیی بە خاکی تێدا دروست کردووە و خاکەکەی خۆی لا شیرین کردووە، ئێمە لە سوورەتەکانی ئیبراهیم، شوعەرا، ئەلقەسەس و هوددا کە باسی پێغەمبەران دەکات، دەبینین هەمیشە پێغەمبەرەکان وابەستەییەکی باشیان هەبووە بە گەل و خاکی خۆیانەوە و هەوڵیان داوە شوێنەواری خۆیان بپارێزن، تەنانەت پێغەمبەری خوا (د.خ) کاتێک لە مەککە دەردەکرێ، ئاوڕ دەداتەوە و دەفەرموێت: "ئەی شاری مەککەی پیرۆز خوا خۆی دەزانێ تۆ لە هەموو شوێنێکی زەوی لای من شیرینتری، ئەگەر دەرنەکرامایە قەت دەرنەدەچووم لێت"، کاتێکیش دەچێتە مەدینە و لەوێ دەمێنێتەوە و یادەوەری زۆر بەجێ دەهێڵێ و کە سەفەر دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ مەدینە چیای ئوحود دەبینێت و دەفەرموێ: "ئەوە چیای ئوحودە ئەو ئێمەی خۆش دەوێ و ئێمەش ئەومان خۆش دەوێ".
مامۆستا چنگیانی هەروەها سەبارەت بە بەجێهێشتنی خاک بە پێی فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) ڕوونی کردەوە و گوتی، "کاتێک بەنی سەلیمییەکان بە هۆی خۆشەویستییان بۆ پێغەمبەری خوا دەیانەویست خاکی خۆیان جێ بهێڵن و بێن لە تەنیشت پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە خانو دروست بکەن لە حەدیسێکدا کە ئیمامی موسلیم دەیگێڕێتەوە کە تێیدا پێغەمبەری خوا دەفەرموێ، (إنه قد بلغنی أنكم تُریدون أن تنتقلوا قُرب المسجد؟» فقالوا: نعم، یا رسول الله قد أردنا ذلك، فقال: «بَنِی سَلِمَة، دِیارَكُم، تُكتب آثارُكُم، دیارَكُم تُكتب آثاركُم) واتە ئەی بەنی سەلیمییەکان بیستوومە کە دەتانەوێ خاکی خۆتان بەجێ بهێڵن و بێن بۆ لای من و بە دیار منەوە نیشتەجێ ببن، پارێزگاری لە واری خۆتان بکەن و پابەند ببن پێیەوە و بەجێی مەهێڵن چونکە لە دوای خۆشتان ئەو شوێنەی لێی ژیاون شوێنەواری ئێوەی لەسەرە و باس دەکرێن.
سەبارەت بە خۆشەویستیی وڵات لەنێو ڕابەرانی ئایینی و سیاسی کورد، گوتارخوێنی مزگەوتی خەدیجە كوبرا گوتی، "گەورە نیشتمانپەروەر و ڕابەرانی کورد لە کانگای ئیماندارییەوە لە حوجرە و مزگەوتەکان ھاتوون، وەک شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەد و شێخ سەعیدی پیران و قازی محەممەد و مەلا مستەفای بارزانی، لە شاعیر و نووسەراندا نالی و مەحوی و سالم و ئەحمەدی خانی و مەلای جەزیریی، بەمە تێ دەگەین ئایینی ئیسلام چەندە گرنگی داوە بە پاراستنی خاکی نیشتمان و گەورە دیندارانی ڕابەری ئێمە چەندە نیشتمانیان بۆ پیرۆز و گرینگ بووە.
سەلاح جەلال