Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 22 MAR 2025 17:15 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

نیوەڕۆی 16/3 چی وەستا؟
| KDP.info


د. نەزاکەت حوسێن

ئەو چرکەیەی بۆنی سێو و خەردەل ڕژا لە هەڵەبجە، کە شەوانەکە خەریکی ئامادەکردنی کەوەکانی بوو بۆ ڕاو، دایە جەواهیر خەریکی نەرم کردنەوەی مەشکەکەی بوو بۆ ژەنینی ماستی مەڕەکانی، خاڵە باخەوان دەمەزەردی تەور و داسەکەی دەکرد بۆ هەڵپاچینی باخەکەی، خونچەی تازە مارەبڕاو لەبازاڕی قەیسەری لەگەڵ زاوا بەدوای هەڵبژاردنی کراسێکی جوان بوو بۆ ڕۆژی زەماوەندەکەی و کڕینی دەزبەندێکی جوان لای برایمی زەڕەنگەربوو، شاگوڵی عاشق هەموو ڕۆژ سەیری گوڵانی دەکرد کەی ژوانێک لەگەڵ ‘بەکر’ی خۆشەویستی ڕێک بخات و لەناو باخەکانی گوڵان جوانترین گوڵی باخینەی بۆ لێکاتەوە.

مامۆستا چیمەنی وانەی هونەری ئێمەش کە چنینی کراسی پولەکەی فێردەکردین پەلە پەلی پێ دەکردین دەیوت خێراکەن ٤ ڕۆژی ماوە بۆ نەورۆز بزانم کامتان کراسەکەی تەواو دەکات و بۆ نەورۆز لەبەری دەکات. مامە حەمەی سەوزە فرۆشی گەڕەک خەریکی کێڵانی زەویەکەی بوو لەخوار شارەوە تا کەوەر و سڵق و تەرەتیزەی جوان ئامادەبکات و لە تورەککەی کۆڵی بگرێت و ژنانی گەڕەک بانگ بکات بەم ئاوازە’ئەوە تورە، کەوەرە، تەرەتیزە و سڵق`ی جوانە’ کە هەموو منداڵانی گەڕەک لەبەرمان کردبوو. دایکم بە باپیرەمی وت باوە مێوی حەوشەکەم بۆ ببڕە با ئەمساڵ گەڵای جوانی هەبێت بۆ یاپراخی بەهار.

خاتو ئافتاوی درواسێمان بێڵەکانی کڕی بوو دەیوت ژنان خۆتان ئامادەکەن وا کنگر سەری دەرهێناوە تا پیرنەبووە با بڕۆین کۆڵێ بێنین. باجی خاوەری درواسێمان هەویری شێلا بوو بۆنی تەڕە پیازەکەی چنیبووی لەلای دەستی داینابوو گەڕەکی گرتبوو گەڕەک چاوەڕێی کەلانەی دەستیان دەکرد ئەو نیوەڕۆیە بیخۆن بەدۆوە. بەردەمی بینای ڕۆشنبیری جمەی دەهات، پۆل پۆل تیم تیم دەهاتن خۆیان بۆ خۆشترین ئاهەنگی نەورۆزی ئازادی ئەوساڵە ئامادەبکەن. مام مەنوچەری کوتاڵ فرۆش کۆڵێک کوتاڵی ئاڵوواڵای لەکۆڵ بوو هاواری لەژنانی گەڕەک دەکرد وەرن بۆ ئەلبابی تازە و کراسی هانی هانی بۆ ئەم نەورۆزە.

لەیەک چرکەدا هەموو شت وەستا، کەشەوان مرد و کەوەکەی لە قەفەسەکەی بەجێهێشت و تاچەند ڕۆژێک دەیخوێند بە تەنیا، مەشکەکەی دایە جەواهیر بەرەقبوویی لەمۆنۆمێنتی هەڵەبجەیە خەڵک وێنەی لەگەڵ دەگرێت. خاڵە باخەوان تەور و داسەکەی لەدەست کەوتە خوارەوە ئێستاش نەدۆزراوەتەوە. خونچەی تازە بوکیش دەستی بەخەنەکەوە بە پەنجە جوانەکانیەوە بڕایەوە لەلایەن فەرهودچیەکانەوە بۆ دەزبەنە جوانەکەی و کراسەکەشی هێشتا لەناو دۆڵابەکەیە لەبەری نەکردووە. شاگوڵ ئیتر لەو ڕۆژەوە هەڵەبجەی بەجێ هێشتووە و نایەوێت بگەڕێتەوە گوڵان ببینێ، چونکە بەکری ون کردووە.

کراسی قوتابیەکانی مامۆستا چیمەن بەدەرزی و دەزوو پولەکەکانەوە بەتەواو نەکراوی ماونەتەوە. زەویەکەی مامە حەمەی سەوزە فرۆشیش چەند ساڵ هیچی لێنەڕوا چونکە خەردەل سوتاندی. باپیرەم مردوو خەردەل کوێری کرد و دارمێوەکەی دایکیشم بوو بەژێر داروپەردوی ماڵەکەوە. خاتوو ئافتاو بەخۆی و بێڵەکانەکەیەوە لە شاخ ونبوو تائێستاش نەدۆزراوەتەوە.

کەلانەکەی باجی خاوەر لەسەر سەردۆڵەکەی جێما و کەس لێی نەخوارد. ئەوساڵە نە ئاهەنگی نەورۆز گێڕا و نە ژنانی گەڕەک کراسەکەی لە مام مەنوچەریان کڕیبوو لەبەریان کرد. هەموو شت وەستا لەیەک چرکەدا بەڵام بۆ هەتاهەتایە ئەوچرکەیە لەیادەوەری خەڵکی هەڵەبجە مایەوە، کات لەوێوە وەستاوە هەر دەیڵێنەوە هەر دەیگێڕنەوە و چیرۆکەکان تەواونابن .




دوایین هەواڵەکان

"لە دهۆک نەخۆشخانەیەک تایبەت بە نەخۆشی شێرپەنجە دەکرێتەوە"

SATURDAY, 22 MARCH 2025 15:03:05

دهۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک دەڵێت: "نەخۆشخانەی ئومێد تایبەت بە چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە لە قۆناغی کۆتاییدایە، لەم نزیکانە تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت خەڵکی پارێزگای دهۆک، ئەو نەخۆشخانەیە زۆر باش و گرینگە، چیتر پێویستمان بە دەرەوەی پارێزگای دهۆک نابێت."

 
به‌هینامه‌ك ژ سه‌رۆكێ هه‌رێما كوردستانێ

SATURDAY, 22 MARCH 2025 15:03:47

ھەولێر-KDP.info-   وه‌غه‌را دویماهیێ یا خودێ ژێ ڕازى یا دایكا وان، به‌هیدارى و سه‌رساخیێ ل ڕێزدار سه‌باح به‌یتوڵلا ئه‌ندامێ ئیحتیات یێ كۆمیته‌یا ناڤه‌ندى یا پارتا دیموكراتا كوردستانێ و ماڵباتا وان یا دلسۆز و كه‌سوكارێت وان دكه‌م.

 
ڕۆژی ئازادکردنی کەرکووک هێمای خەبات و ئازایەتیی کەرکووکییەکانە

SATURDAY, 22 MARCH 2025 13:03:20

د. محەمەد خورشید

 
مەکتەبی سیاسیی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سگڤان ئیبراهیم کۆچەر) دەکات

SATURDAY, 22 MARCH 2025 13:03:12

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سگڤان ئیبراهیم کۆچەر) دەکات.

 
بڕیارە ئەم ھەفتەیە ھەرێم و عێراق بگەنە ئەنجامی کۆتایی

SATURDAY, 22 MARCH 2025 12:03:21

هه‌ولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت، لەم ھەفتەیەدا کێشەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم کۆتایی پێدێت و دەست بەھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەکرێتەوە و ئەو کێشەیە چارەسەردەکرێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact