ھەولێر -KDP.info- گوتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی جەلیل خەیات لە ھەولێر دەڵێت "پێویستە مامۆستایانی ئاینی خەڵکی ھۆشیار بکەنەوە، ئاین تەنیا نوێژ و ڕۆژی نییە، پێویستە وا لە خەڵک بکەین وڵاتی خۆی خۆش بوێت و بەرگری لێ بکات، ئەوەش بەشێکە لە ئاینی ئیسلام."
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، گوتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی جەلیل خەیات لە ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "هەبوونی ئینتیما بۆ خاک و نیشتمان بەشێکە لە ئاین و بیروباوەڕی ھەر تاکێک، ئەگەر مرۆڤ لەسەر خاکی خۆی ئازاد نەبێت و خاک و نیشتمانی نەبێت، چۆن دەتوانێ خواپەرستی بکات؟ ئازادی مرۆڤ لەوەدایە لە نیشتمانی خۆی ئازادبێت. پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت کە کافرەکان ناچاریان کرد لە مەککە بۆ مەدینە کۆچ بکات، لە خاکی خۆی دەردەچێت و ئاوڕ دەداتەوە و فرمێسک لە چاوی دێتە خوارێ، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە شوێنی لەدایک بوون لەناخی مرۆڤ دایە، بۆیە پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت لە فەرموودەیەک دەڵێت "چاکترین ئەوەیە بەرگری لە ھاووڵاتیی و میلەت و خاکی خۆی بکات، بە مەرجێک لەسەر تاوان نەبێت" بۆیە پێویستە بزانین خۆشویستنی خاک و نیشتمان بابەتێکی ئاینییە و پێویستە پارێزگاری لێ بکەین."
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد گوتیشی "پاراستن و خۆشویستنی خاک و نیشتمان ئەرکێکی ھەمەلایەنەیە و ھۆکاریشی ھەمەلایەنە، بۆیە پێویستە لایەنی سیاسی ڕێگە نەدەن کارێکی وا بکرێت خەڵک لە خاک و نیشتمان بێزار بێت، چاککردنی دۆخی ئابووریش پێویستە تا خەڵک ژیانێکی بە کەرامەت بژیت، ئەرکی مامۆستایانی ئاینیشە بۆ خەڵک ڕوونبکەنەوە ئاین تەنیا نوێژ و ڕۆژوو نییە و پێویستە وڵاتیشیان خۆشبوێت و بەرگری لێ بکەن، کارکردن بۆ پێشخستن و پاراستنی دەستکەوتەکان دیسانەوە ئەرکێکی ئاینییە، پێویستە ئارام و لەسەرخۆش بین، ھەموو شتێک بە ڕۆژێک بەدەست نایەت، چونکە وڵاتانی پێشکەوتوو ھەموو دەستکەوتەکانیان بە ڕۆژێک بەدەست نەھێناوە، ھەمووان تووشی شەڕ و قاتیوقڕی بوونە و کاریان کردووە تاوەکو بارودۆخی خۆیان باش بکەن و بگەنە ئەوەی ئێستا ھەیانە، بۆیە پێویستە ھەوڵ بدەین دۆخی خۆمان بەرەو ئاقارێکی باشتر ببەین."