فازڵ میرانی
من نامەوێت بە گوتەی دوورودرێژ قورساییەکی زۆر بخەمە سەر خوێنەران دەربارەی ڕۆژمێرێک کە قەدەری ئێمە و دوژمنەکانمان تێیدا کۆبوونەتەوە و بەشێکی زۆر و کاریگەریان بەر مانگی ئادار کەوتووە، کە سەرەتای ساڵی نوێی کوردییە، لەگەڵ ئەوەی تیپەڕبوونی کات هێمنی دەسەپێنێ، بەڵام ئەمە هەرگیز مانای ئەوە نییە کە کولتووری مەزن و ڕەگی قووڵی تایبەت بە سەدە و نیوێکی تەمەنی بزاڤی ڕزگاریخوازیی میللەتی کورد و گەلی کوردمان لە کوردستانی عێراق، لەبیر بچێت یان وازی لێ بێنین.
لەبەر ئەوەیە کە ساڵی کوردی لە مانگی ئاداردا لەدایک بێت و تێپەڕێت تاوەکوو ئاماژە بدات بە دێرینیی شارستانییەتی ئێمە، لە دایکبوون و وەفاتی مستەفا بارزانی و مەودای نێوان ئەم دوو ڕێککەوتە، کاروانێکی دوور و درێژە کە ژیانی ئازادی بە گەلەکەمان و کاری خەباتگێڕی لە عێراق بەخشیوە و ڕۆژژمێرێکی سیاسی و خەباتگێڕی و کۆمەڵایەتی داهێناوە کە بەدڵنیاییەوە شایانی ئەوەیە لێی بخوێندرێ و وانەبێژی پێبکرێ و بەردەوامی پێبدرێ لە عێراق و وڵاتانی دیکەش، ئەوانەی تاکوو ئێستا بەهۆی عەقڵییەتی سیاسی و گارگێڕی هێشتا لە قەیراندان.
مستەفا بارزانی وێنەیەکی زیندوو و وێنای بەردەوامی هزری خەباتگێڕی و ڕەوشتبەرزییە و ئەوانەی لێیەوە نزیکن خاوەنی ژیانێکی شکۆمەند و یەکسانن لە وەدەستهێنانی مافەکان. کەسایەتییەکی ڕوونە، ئارامە لە خستنەڕووی هزر و خواستی پێویستی میللەتێک کە لەژێر مەزڵومییەتدا بەردەوام بووە تەنیا لەبەرئەوەی سیستمەکانی حوکمڕانی، بە ئەنقەست یان بە کاڵمفامی دادپەروەر نەبوونە.
هەموو یادەوەرییەکانی ئادار و یادەوەرییەکانی پەیوەست بە شۆڕش، لە کەسایەتیی بارزانییەوە دەدرەوشێنەوە. ڕزگارکردنی شارەکانمان لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991، شۆڕشی گوڵانیش کە لە مانگی ئاداردا هەڵنەگیرساوە، ئەویش کریسکەیەکە لە شۆڕشی هزری بارزانی، هەروەها بەر لەوەش شۆڕشی ئەیلوول. ئێمە بە چەکی کیمیایی بۆردومان کراین تەنیا بۆ ئەوەی ئەو هزرە سەرسەختە لەناو ببەن کە پیاوان و ئافرەتان و وەچەکانی ملیللەتەکەمان گرتوویانەتەبەر لە شار و دێهات و لە ئاوارەییدا.
مانگی ئادار و لەدایکبوونی بارزانی یەکەمجار وەکوو کەس و پاشان وەکوو شۆڕشگێڕ و پاشتر کۆچی دوایی، مانگێکە کە تێیدا گەلی کورد و کوردستانییان لەگەڵ بارزانی خۆشی و ناخۆشییەکان، چێژ و شیرینی، کەنی و گراین (پێکەنین و گریان) بەش دەکەن، ڕۆژ ژمێری ئادار چنراوە بەو هەستانەی کە بە درێژایی سەدەکان هاندەری خەباتگێڕانمان بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەمپەرە سرووشتی و مرۆییەکان، بێئەوەی بڕوامان بە هزری سەرکردەکەمان یان بە ڕەوایی دۆزەکەمان لەدەست بدەین، نە بەرد نە بەفر نە برسێتی و نە گیانلەدەستدان، ئێمەی لاواز نەکرد، نە دوژمن، بە خۆبایی و نەزانی و دڕندەیی، ئێمەی لە ڕێگە لانەدا و ڕێگەمان بڕی و تەواومان کرد و خۆمان حوکمڕانی خۆمان کرد، بۆ ئەوەی ئەزموونێک داهێنین کە پێشتر و ئێستا و لەوانەیە لە داهاتووشدا وێنەی کەم بێت، ئەویش بە وەرگێڕانی دروشم بۆ ڕاستییەکی بەرجەستە.
یادەوەرییە شۆڕشگێڕییەکانمان، ئێمە دروستمان کردوون، پاراون دەنکێک زەغڵیان تێدا نییە، پارێزەر و زامنی سەلامەتی پێکهاتەی گەلەکەمان و یادەوەرییە تاڵەکانمان بووین، دوژمنانمان بە زۆداری و کاتی دوور و درێژ و چەک و خوێن دروستیان کردوون لەپێناو ڕێگرتن لە مافەکانی گەلەکەمان بە بەکارهێنانی هەموو سیاسەتێک، نکۆڵیکردن و لەناوبردنی ژیان و ئازادی، دەرکردن و ڕاگواستن، دەستبەسەرداگرتن و زیندانیکردن و کوشتن، پاڵنەرەکانمان، وەدەستهێنانی مافەکانمان بووە و پاڵنەری ئەوان ڕێگریی بووە لە مافەکانمان. بەڵام ئێمە گەلێکین کە مستەفا بارزانی لێمان هەڵکەوتووە، بۆیە تەرازووی سەرکەوتن بۆ ئێمە بووە، دۆڕانیش بۆ ئەوانە بوو کە سواری کەلـلەی ناڕەوایی بوون و هەڵدێران، پیرۆزبێت هەموو یادەوەرییەکان و هەموو ڕۆژێک و هەموو کاتژمێرێکی خەباتی ئەم مانگە (ئادار) و خەباتی هەموو ئەوانەی تامەزرۆی ڕزگاری بوون.
هەموو پیتێک لەسەر تەختەی قوتابخانەکان دەدرەوشێنەوە، هەموو نەمامەکانی کێڵگە و ڕێگەکان باڵایان بەرز دەبێتەوە، هەموو نەخۆشخانەکان چارە و چاودێری بە نەخۆشەکان دەبەخشن، هەموو کرێکار و جووتیار و خانەوادەیەک لە خاکی کوردستانی ئازیزمان لەژێر بانی هێمنی و ئارامی کۆدەبنەوە، هەموو دایکێک کوڕ و خێوی خێزان بەخودا دەسپێرێت کاتێک دەبنە ڕێبواری ڕێی ڕزگاری، هەموو پێشمەگەیەکی شەهید و بریندار و خەباتگێر و هەموو کەسایەتییەکی کۆمەڵگاکەمان ئامرازی ئەو هیوا ڕەوایەن کە ڕۆژێک لاپەڕەکانی مێژووی درێژمان بگات بە ئامانجە ڕەواکانمان کە بارزانی تەمەنی خۆی بۆ بەخت کردووە.