بەغدا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق دەڵێ، ڕاپۆرتی خۆمان لەبارەی ڕووداوەکەی کەرکووک تەواوکردوو پێشکەشی سەرۆکوەزیران کراوە و تێیدا داوا کراوە بەپەلە بڕیاری گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان جێبەجێ بکات، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت حکوومەت ئەو کارە بکات و ئەو کێشەی ھەبوو بە تەواوی چارەسەر بکرێت.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ڕووداوەکانی گوندەکانی سنووری کەرکووک لیژنەیەکی ھاوبەشی سەربازی پێکھات و سەردانی ئەو شوێنەمان کردوو زانیاری و وردەکاری تەواومان وەرگرت و کردمانە ڕاپۆرتێک و پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە، بۆ ئەوەی بڕیاری خۆی بدات و چاوەڕێی دەرچوونی بڕیاری حکوومەت دەکەین.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: بڕیاری گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان و پەرلەمان پەسەندی کردووە و دادگا بڕیاری لێداوە و ئەوە کۆتایی پێھاتووە و دەمێنێتەوە حکوومەت پەلە بکات بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات، بۆیە ئێمەش داوامان کردووە لە ڕاپۆرتی خۆمان پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایەی لە پەرلەمان پەسەندکراوە، هاوکات چاوەڕێ دەکرێت ئەگەر جێبەجێ بکرێت ھەموو گرفتەکان چارەسەر دەبن و خەڵک زەویوزاری خۆی بەکاردێنێت، چونکە جارێ ڕاگیراوە سەرەڕای ئەوەی بڕیاری بۆ دەرچووە.
تەڵعەت ڕوونیشیکردەوە: ئەو موڵکانە خۆی لەکاتی ڕژێمی پێشوو کاتێک کوردەکان دەرکراون زەوییەکانی تاپۆی سەر ناوی عەرەبەکان کردووە، بۆیە ئەوە گرفتی دروست کردووە و پێویستە چارەسەر بکرێت و بەپێی ئەو یاسایەی دەرچووە لەلایەن حکوومەتی عێراق جێبەجێ بکرێت بەزووترین کات بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کێشەیە بێت.
بڵند ئیبراھیم