هه‌ولێر-KDP.info- ڕاوێژكاری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ بواری زمانه‌وانی ڕایگه‌یاند، پاكێجێكی 12 به‌رگی بۆ فێربوونی زمانی كوردی له 12 زمانی گرینگی جیهانه‌وه بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و كاره‌كانیشی له ته‌واوبووندایه.
دكتۆر فەریاد فازڵ، پسپۆری زمانی كوردی و ڕاوێژكاری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری زمانه‌وانی، له لێدوانێكی تایبه‌تدا سه‌باره‌ت به ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك و هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی پرۆژه‌یه‌كی گرینگی بواری فێربوونی زمانی كوردی كه ئه‌نجامیان داوه ڕایگه‌یاند، له ڕاستیدا ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی زمانی دایك بۆ هه‌موو گه‌لانی دنیا گرینگه به تایبه‌تی بۆ ئه‌و گه‌لانه‌ی كه له مێژووی ژیانیاندا ژێرده‌سته بوون و سته‌میان لێ كراوه و هه‌وڵ دراوه زمانه‌كه‌یان بتوێنرێته‌وه، ئه‌گه‌ر له‌م ڕووه‌وه سه‌رنجی ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی زمانی دایك بده‌ین، ده‌بێ بڵێم ئێمه‌ی كورد پێویسته هه‌موو ڕۆژێكی ژیانمان ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی زمانی دایكمان بێت.
دكتۆر فەریاد گوتیشی، به‌داخه‌وه لە مێژووی سه‌د ساڵی ڕابردوودا ئه‌م وڵاتانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خیانه‌تێكی گه‌وره‌یان له ئێمه كردووه، گه‌ر به نموونه وه‌ریبگرین، له ساڵی 1921 حوكمی مه‌لیكیی له عێراق دامه‌زراوه، دان به‌وه‌دا نراوه كه له هه‌ر ناوچه‌یه‌كی عێراقدا كورد زۆرینه بێت، ئه‌وه بۆیان هه‌یه زمانی دایكیان بخوێنن، ئێمه له‌و نه‌وه‌یه‌ین كه له یه‌كی سه‌ره‌تایی تا پۆلی 6ی سه‌ره‌تایی به زمانی دایک خوێندوومانه، به‌داخه‌وه 12 ساڵان بووین كه هه‌موو وانه‌كانمان كراوه‌ته عه‌ره‌بی و ئه‌م تاوانه به‌رامبه‌ر به ئێمه كراوه، ئه‌م تاوانه له ئێران، توركیا و سووریا به‌رامبه‌ر زمانی كوردی و خه‌ڵكی كوردستان كراوه كه ڕێگه‌یان نه‌داوه به زمانی دایك بخوێنن، ئێمه خۆشحاڵ و سه‌ربه‌ستین كه له‌م پارچه ئازاده‌ی كوردستاندا زیاتر لە 30 ساڵه به زمانی دایك ده‌خوێنین و په‌روه‌رده ده‌بین، هه‌رچه‌نده كه‌موكورتیمان له خزمه‌تكردنی زمانه‌كه‌ماندا هەیە و پێویسته چاكی بكه‌ین.
دكتۆر فەریاد سه‌باره‌ت به پڕۆژه‌یه‌كی مه‌زن كه پێكهاتووه له پاكێجێكی گه‌وره‌ی فێركاریی زمانی كوردیی بۆ ئه‌و بیانییانه‌ی دێنه هه‌رێمی كوردستان بۆ فێربوونی زمانی كوردی و به زه‌حمه‌ت و ماندووبوونێكی زۆر له لایه‌ن ناوبراوه‌وه به‌رهه‌م هاتووه ڕایگه‌یاند، ئێمه پڕۆژه‌یه‌كمان هه‌بوو به پشتیوانیی سه‌رۆكی نه‌ته‌وه‌یی كورد كاك مه‌سعود بارزانی و به پشتگیریی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم كاك مه‌سروور بارزانی كه له فرمانێكی وه‌زاریدا له 21/2/2022 سه‌رۆكی حكوومه‌ت داوای كرد وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و ئاكادیمیای كوردی پڕۆگرامێك دابنێن بۆ ئه‌و بیانییانه‌ی دێنه هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی زمانی كوردی بخوێنن، ئه‌مه گرینگه سه‌رۆكی حكوومه‌ت به قووڵی دركی به‌و پرسه گرینگه كردووه، چونكه له هه‌موو وڵاتانی جیهان وایه كه یه‌كێك ده‌چێته وڵاتێكه‌وه كار نادۆزێته‌وه ئه‌گه‌ر زمانی وڵاته‌كه نه‌زانێ، هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی باسمان كرد چه‌ند دانیشتنێك كرا، به‌ڵام به داخه‌وه سه‌ری نه‌گرت، بۆیه من به ته‌نیا وه‌ك خۆم ئه‌و به‌رنامه‌یه‌م وه‌رگرت و دوای سێ ساڵ هه‌وڵی بێ‌وچان كه له ڕۆژانی داهاتوودا ئیشه‌كانم ته‌واو ده‌بێت له 12 به‌رگ و له پاكێجێكدا بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه، ناوی كتێبه‌كان (كوردی به ئاسانی خوێندن)ه به زمانه جیهانییه گرینگه‌كانی وه‌ك: چینی - كوردی، یابانی – كوردی، كوردی – كۆری، كوردی – عه‌ره‌بی، كوردی – فارسی، كوردی – توركی، كوردی – ئیتاڵی، كوردی – ئه‌ڵمانی، كوردی - فه‌ره‌نسی، كوردی – ئینگلیزی، كوردی– ئیسپانی، كوردی – هۆڵه‌ندی و به گشتی مه‌جالی فێربوونی زمانی كوردیمان له 12 زمانی تره‌وه بۆ كوردی به مه‌نهه‌جێكی زانستی داناوه و بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه.
دیاره هه‌ندێك كه‌س گله‌ییان كردووه، بۆ کتێبی كوردی - ڕووسی و كوردی - سوید لەگەڵ نییه، ئێمه له ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتییه‌وه ڕایده‌گه‌یەنین، ئه‌گه‌ر پشتگیری بكرێین ئاماده‌ین ئه‌وه‌ش بكه‌ین و له‌م بۆنه پیرۆزه‌دا كه ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی زمانی دایكه، رایده‌گه‌یه‌نین به‌م زووانه ئه‌و پاكێجه گرینگه به 12 زمانی گرینگی دنیا بۆ فێربوونی زمانی كوردی بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه.
سه‌لاح جه‌لال